شاعیر: هێمن کتێب: ناڵەی جودایی سەرناو: بەرەو ئاسۆ سەبارەت: ١٩٧٥ سۆفیی گۆشەی خانەقا بووم، ئێستە پیری مەیکەدەم زاهیدی خەڵوەتنشین بووم، ئێستە مەست و مەیزەدەم سەروی ئازادیش لەبار و دڵگەش و بەرزە، بەڵام گیانەکەم! من شێت و شەیدای لار و لەنجەی ئەم قەدەم جیلوەیی جوانی لە هەرچیدا هەبێ خۆشم دەوێ ڕۆژێ کوشتەی مینیژۆپ و ڕۆژێ گیرۆدەی شەدەم هەر یەکەی بۆ خۆی دەجوولێنێتەوە هەستی دەروون زەردەپەڕ، کاروانکوژە، تاریک و ڕوونی سوبحدەم ئاسمانی ساو و دەریای مەند و تارمایی چیا سێوی لاسوور و بەهێی زەرد و هەناری گوڵ بەدەم کێ وەکوو من سارد و گەرمی ڕۆژگاری چێشتووە؟ گا لە دەشتی گەرمەسێر و، گا لە کوێستانی گەدەم! وەک شەپۆلی زێی خوڕەم ساتێ هەدادانم نییە گێژ دەخۆم، پێچێ دەدەم، من ڕۆڵە کوردی ئەم سەدەم ڕێگە سەخت و پڕ لە کەند و لەند و هەڵدێرە و گەوە هەر دەبێ ببزووم، دەبێ بکشێم، وچانی لێ نەدەم سێبەری مەرگم لە پێشدایە و بەرەو مەنزڵ دەڕۆم ناخی گۆڕی تەنگە جێگام، هەر تل ئاسا بێ قەدەم من بەرەو ئاسۆ، بەرەو ڕووناکی باڵم گرتووە چۆن بەرەو تاریکی دەخشێم، پاڵ وەشەیتانی دەدەم! کانیی ڕوونم دی بەلێشاوی بەهار شلوێ نەبوو بەفری گەورەم دی چیای گرت و بەتاوێ بۆ قەدەم ژینی کورتم دی پڕاوپڕ بوو لە شانازی و شەرەف عومری زۆرم دی کە دوایی هات بەڕیسوایی و نەدەم ئاگری سینەم بڵێسەی دێ و وڵات ڕۆشن دەکا ئەو دەمەی خۆم وەک دڵۆپێک دەچمە نێو دەریای عەدەم ++++++++++++++++++++++