شاعیر: هێمن کتێب: ناڵەی جودایی سەرناو: عیشق و ئازادی سەبارەت: ١٩٧٧ ئەگەرچی شەو درەنگە ساقی بۆم تێکە کەمێکی تر کەوا ئەمشەو سەری هەڵدا لە ناخمدا خەمێکی تر لەبادە ئەم ژەمە تێرکە منی تینووی جگەرسووتاو بەچی دیارە کە دەیبینم شەوێکی تر، ژەمێکی تر! ئەوەندە دەردەدار و بێ پەرستارم کە پێم وایە: لەسەر کێکی تەمەن هەڵناکرێ تازە شەمێکی تر گەلێکم ڕۆژگاری تاڵ و شیرین ڕابوارد، ئاخۆ مەرگ مەودا دەدا دیسان ببینم سەردەمێکی تر! گەیشتمە سەر ترۆپکی ئارەزوو ڕۆژێ، کەچی ڕوانیم: لە پێشمدایە زەرد و ماه و سەخت و ئەستەمێکی تر هەتا چارشێو بەسەر تۆوە دەبینم نازەنینی کورد بەسەر بیبیلەکەی چاوی منا دەکشێ تەمێکی تر نەما «خانی» هەتا چیڕۆکی عیشقی ئێمە داڕێژێ دەنا هێشتا لە کوردستان دەژین «زین و مەم»ێکی تر پەپوولەی خۆشەویستیی من لە شوێنێ ناگرێ ئارام دەنیشێ و باڵی دەبزێوێ لەسەر سینە و مەمێکی تر هەزار هێندە پەرێشان و سیاچارە بژیم هێشتا لەنێو دڵدا هەمە ئاواتی خاڵ و پەرچەمێکی تر هەتاکوو دواپشوو ڕێبواری ڕێگای عیشق و ئازادیم ئەگەر بێجگە لە ناکامیش نەبینم بەرهەمێکی تر کە فرمێسکم لەسەر ڕوخساری کیژی دڵشکاو بینی، گوتم: یاخوا لەسەر سوور گوڵ نەبینم شەونمێکی تر شەوێکی چاوەنواڕت بووم، نەهاتی گیانەکەم، ویستت منی دڵ ناسکی شاعیر بگێڕم ماتەمێکی تر خدر نیم بۆ تەمەن شێت بم بەکانیی ژینێ دانووسێم ئەوەندەم ژین دەوێ تا دەم دەنێمە نێو دەمێکی تر بەتۆ چارەی چلۆن دەکرێ دەروونی پڕ لە ناسۆرم خەساری بۆ دەکەی دوکتۆری زانا مەرهەمێکی تر بەهار و گوڵ، کچ و مانگەشەو، شێعری تەڕ و بادە لەوەی زیاتر جەنابی شێخ گەرەکتە عالەمێکی تر ++++++++++++++++++++++