شاعیر: هێمن کتێب: ناڵەی جودایی سەرناو: ماچی خودایی سەبارەت: ١٩٧٦ وەرە یارم، وەرە ئەی تازە یارم! وەرە ئەستێرەکەی شەوگاری تارم! وەرە ئەی شاپەڕی باڵی خەیاڵم! وەرە ئەی شەوچرای ڕووناکی ماڵم! وەرە خاسەکەوی ڕام و کەویی من! وەرە ئیلهامەکەی نیوە شەوی من! وەرە ئۆخژنی سینەی پڕ گڕی من! وەرە پیرۆزەکەی بەرزە فڕی من! وەرە ئاونگی سەر پەلکی گوڵی سوور! وەرە ئاورینگی گەرم و مەشخەڵی نوور! وەرە ئەی ڕێژنە بارانی بەهاری! وەرە شێعری تەڕی پڕ وردەکاری! وەرە ئەی نەونەمامی باخی ژینم! وەرە ئەی شاگوڵی مێرگی ئەوینم! وەرە کاروانکوژەی کاتی بەیانیم! وەرە بیرەوەری و ئاواتی جوانیم! وەرە ئەی بوت هەتاکوو بتپەرستم! وەرە مەمکۆڵەکەت بگرم لە مستم! وەرە ئەی «خەج»، وەرە ئەی «خاتووزین»م! وەرە با بەژن و باڵاکەت ببینم! وەرە با دامرێ ئاوات و تاسەم! وەرە با بسکەکەت لادا هەناسەم! وەرە با هەڵمژم ئەم لێوە گەرمە! وەرە با هەڵگوشم ئەم ڕانە نەرمە! وەرە جوانێ، وەرە نازت بکێشم! وەرە وەک دەستەگوڵ داتنێم لە پێشم! وەرە با بەس بکەم ئەو باوە باوە! وەرە با بێن بکەم ئەو بسکە خاوە! وەرە با دەس لە باڵاکەت وەرێنم! وەرە کوڵمەم لە کوڵمەی تۆ خشێنم! وەرە سوور بە لەسەر وادە و بەڵێنی! وەرە کورد بە و مەکە پەیمان شکێنی! وەرە گیانم فیدای چاوی ڕەشی تۆ! وەرە با هەست بکەم گەرمی لەشی تۆ! وەرە ماچم دەیە ماچی خودایی! کە بێزارم لە ماچی سینەمایی! ++++++++++++++++++++++