شاعیر: حەریق کتێب: غەزەل سەرناو: مەدینەی ئەمەل تاریکە دڵم ڕەوشەنیی شەمسی هیدایەت نوقتەی دڵەکەم مەبدەئی هاتۆتە نیهایەت ڕۆژم وەکوو شەو وایە بەبێ شەمعی جەماڵت سوبحی ئەمەلم چاوەنواڕە لە عینایەت نامەی عەمەلم ڕووڕەشە، وەک سەفحەیی قەلبم غەیری ڕەشی ڕەنگی نییە خۆش حاڵ و حیکایەت ئاهێکی جگەرسۆز و نیگاهێکی دڵ ئەفروز با بێ لە تەڕەف تۆوە بە تەئسیر و سیرایەت بەرقی بەڕقی دوژمنی دین، مونکیری بەدبین کەی دێتە ئەسەر خەرمەنی هەستیم بە ڕیعایەت عیسیان بە ئیزاعەی دڵ و نیسیان بە ئیتاعەت وەک جووتەبرا سوحبەتییان گەیوەتە غایەت «سەیید» سەنەدە، شاهیدی «سادیقمە» محەممەد بێ سەیقەلی تۆ دڵ نییەتی دەرک و دیرایەت ئەی پادشەهی موڵکی ویلایەت بە عەداڵەت مەزڵوومی شەڕی نەفسم و هاتوومە شکایەت کەوتوومەتە ژێر دەستی شەیاتینی نفووسم دەستێ بدەرە دەستی شکەستم بە عینایەت قوربان بە فیدای قاپی سەگی قاپییەکەت بم وەبزانە سەگم ڕامگرە بۆ حیفز و حیمایەت وەک تازی لەدووی سەیدەوە من دەبمە توفەیلی بەو شەرتە کەوا پەس نیگەریت بێ بە عینایەت حەیفە سەگی قاپیەت لە زییانا بێ زمانی بێ باکم ئەگەرنا لە هەزار جورم و جینایەت بێ تۆشەم و هاتوومەتە دەرماڵی کەریمان هەرجارە بەبێ تۆشە دەچن ئەهلی ویلایەت بورهان وەکوو کەنعان و شەڕەفکەند کە میسر بوو کردت بە مەدینەی ئەمەل و کەعبەیی غایەت هەم شەمسی بە ئیسنادی و هەم قوتبی بە ئیرشاد ئەو خەرقە بەسە بۆ نەزەری ئەهلی کیفایەت هەم حازر و هەم غایب و هەم جەمع و پەرێشان ئەم جەمعە نەقیزەینە لە تۆ بوو بە ڕیوایەت بۆ بەحسی سفاتت چ جەلالی چ جەمالی هەر عەقڵێ کە کول بوو هەموو کول بوو لە بیدایەت سەد هەروەکوو مەنسوور و هەزاری وەکوو شبلی جاڕووکەشی دەرکن بەهەوای دەرک و دیڕایەت سەر دانێ لە مەیدانی موریدانی حەریقی بۆ گۆیی شەقێن چاکە خوەشت کوت بە کینایەت ++++++++++++++++++++++