شاعیر: حەریق کتێب: غەزەل سەرناو: چاوەڕێی موژدە چاوەڕێی موژدەی نەسیمم تا لە گوڵشەن دێتەوە بەڵکە فەرمایش بکا گوڵ، بولبولم با بێتەوە وا وەعیدی بەفری زستانی فیراقت کەوتە دڵ مەر بە بای وەعدەی ویساڵت کێوی دڵ ڕەش بێتەوە میروەحەی زولفت لە دەوری ئاتەشی ڕووت بێ، چلۆن ئاگری عیشقت بە ئاوی چاوی من دەکووژێتەوە؟ سوچی زولفت بوو کە پەروانەی دڵم ڕووی کردە ڕووت ئاگری وەسڵی شەم و پەروانە شەو دەگڕێتەوە خەتت و مۆری زولف و خاڵت حوججەتی موڵکی دڵە نەقشی ئەو مۆرە بە ئاوی خوڕخوڕە ناچێتەوە دڵ لە ترسی چاوەکەت ڕووی کردە مێحرابی برۆت ئێستە بیستوومە لە چینی زولف جێی نابێتەوە کێوی هیجرت خستە سەرشانی دڵم پێی خستووە تا نەگا دەستی بە زولفت زەحمەتە هەستێتەوە سەدکەڕەت خستمتە گێژ و مەهلەکەی بەحری فیراق ئاخری موژگانی قوللابت دەرم دێنێتەوە مەزرەعەی میهر و محەببەت توخمی وەسڵی شین نەکرد گوڵ بە شادی دادەچێنم خاری غەم دەڕوێتەوە خۆت دەزانی موددەتێکە گەردی پاماڵی جەفام کەی وەکوو نەقشی قەدەم سەردێنمە ژێر پێتەوە دڵ ئەوا کەوتۆتە زیندانی غەمت قوربانتم تایەکی زولفت بنێرە بەڵکە بۆم دەربێتەوە تۆ خودا تاکەی لە تاریکی شەوی هیجرانی تۆ دەستەوئەژنۆ دابنیشم، ڕەببی کەی ڕۆژ بێتەوە بێ ئیشارەی حیکمەتولعەینی شیفات نایێ شیفام خۆت دەزانی زامی دووری سەختە خۆش نابێتەوە فکری من چونکە دەقیقە عاشقی قەددی ئەوە موو لە موو گیراوە چبکەم لێک جوێ نابێتەوە زەخمی دڵ بێ مەرهەمی وەسڵی بەناسۆڕ کەوتووە ئەی حەریق باسی مەکە تۆخوا بڵا نەکولێتەوە ++++++++++++++++++++++