شاعیر: حەریق کتێب: غەزەل سەرناو: پارسەنگی حەیا خودا تۆبە لەدەس شۆخێ کە وەختێ عیشوە دەنوێنێ سەری تۆبەی مەلا و زاهید بە نۆبەی جیلوە دەشکێنێ ستونی قامەتت ڕاگرتووە بۆ خێوەتی دینم خودا بۆ توولی عومرت ئەو تەناف و دارە نەپسێنێ لە ڕەمزا حیکمەتولعەینی ئیشارەی چاوی بیمارت بە قانوونی ئەدەب ئایەی شیفا بۆ ئێمە دەخوێنێ نەخۆشی دەردی هیجرانم ویسالی تۆیە دەرمانم شیفام نایە مەگەر بێنێ نەسیمی پەرچەمت بێنێ خەیاڵی نەوبەهار و سەیری گوڵزاری عەزیزانم گەهێ بۆ ڕووی گوڵ و گاهێ لەبۆ سەبزەی خەتم دێنێ زرێی زولف و موژەی تیر و برۆی شمشێری ڕاکێشا لە زومرەی ئاشقانی خوێنبەهای ڕوخساری دەستێنێ لەڕێی بادەی پیاڵەی چاو و شیشەی گەردنی ساقی کەسێ گەر ئابڕووی بێ ڕەنگە جامی عەیشی بڕژێنێ دەزانی بۆ تەرازووی زوڵفی سەرناکا لەهیچ لاوە؟ بە پارسەنگی حەیا دەستی لەمیزانا دەبزوێنێ حەریقی ناری هیجران و غەریقی ئەشکی حیرمانم ئەگەر ئەو بێ دەخنکێنێ، ئەگەر ئەم بێ دەسوتێنێ ++++++++++++++++++++++