شاعیر: حەریق کتێب: غەزەل سەرناو: کەوای غەزەل هەمووکەس با بزانێ من کە سەودای زوڵفی دووتاتم لە خانەی کوڵمدا کۆڵم بە فەڕزی شای ڕوخت ماتم ئەگەرچی ساکینی مڵکی عەجەم بووم دوور لە ڕۆم کەوتم لە سایەی پەرچەمی تۆوە ڕەئیسی مڵکی شاماتم دڵم هەروەک ڕەعییەت خۆش نشینی موڵکی ئەعزاتە لە هەرجێ دادەنیشێ لێی گەڕێ قوربانی باڵاتم موتالای حاشییەی زوڵفت لەسەر سەفحەی ڕوخت سەعبە لەبۆم چا بوو بە منداڵی لە دەرسی عیشق ڕاهاتم ئەگەر ڕاستت دەوێ سەروی بڵندباڵا درۆ ناکەم لەپاش فەوتی حەیاتیشم بە ئوممێدی مولاقاتم نەوای ناڵەی حەزینم ڕاستە وەک قافڵەی حیجازی دێ وەرە سەر سەیری بەزم و سۆزش و شۆری مەقاماتم دەڵێن فەرموویە یار بێتە موتاڵای خەتتی ڕەیحانی بڵێن با شەمعی ڕوخساری هەڵایسێنێ ئەوا هاتم بە شیرینی مەزەی لێو و خەتی سەبزت دڵم خۆشە لە مەیخانەی غەمی عیشقت کەوا سەرمەستی سەهباتم بە یادی مەدرەسەی عیشقت گەلێ عیلمم کەسب کردن ئەوێستاکەش لەبەر چاوت شەڕابخۆری خەراباتم قڕانی عاشقانە کەس نەما دەرچێت و سەر دەرکا مەگەر بۆ موفلیسی وەک من کە بێ قڕان و پەناباتم کەوا پارچەی غەزەل دەبڕێ حەریق ئەمڕۆ لە دیوانت دەڵێ هەر چاوەڕێی دەستەخەیاتەی زوڵفی تاتاتم ++++++++++++++++++++++