شاعیر: حەریق کتێب: غەزەل سەرناو: گەنجی فکر بولبولی دەوری گوڵ و توتیی شەککەرشکەنم قومری سەروی خەرامان و تەزەڕووی چەمەنم بێنەوا و ساحەبی ئاوازی حەزینم بە نەوا شەمعی هەر جەمعم و پەروانەیی هەر ئەنجومەنم سوحبەتی قودسی و سەیری مەلەکووتیم دانا بە عەلاقەی ئەم و ئەو هەمدەمی زاغ و زەغەنم لەززەتی جەننەتی ڕووم داوە بە دانەی خاڵی ئەمە ئیرسی پدەریمە بە پسەر پێدەکەنم موڵکی تەجریدی بەجێ هێشت و بەهەشتی دانا ئێستە گیرۆدەیی خاروخەس و دارودەوەنم بەهەوای ئاوی حەیاتی دەهەن و نۆشی لەبی خدری زیندەیی سەرچاوەیی چاهی زەقەنم هاوسەری موشکی سەری زوڵفەقەتاری نەفەسم مالکی قافڵەیی چینی خەتا و خوتەنم مەجمەعی سینە و فینجانی مەم و شەربەتی دەم خەلعەتی پارە کە زانیوتە غەریبی وەتەنم قەندی لێوی تەڵەبی چاییە، سا، سرکە مەکە نەک بە تاڵی بدوێ خوسرەوی شیرین سوخەنم وەجدی مەجنوون لە پیاڵەی غەمی لەیلا دایە بە خەیاڵی لەبی شیرین، بێستوون هەڵ دەکەنم شادی بێگانەیە، خزمم غەمە گەر مردیشم ئەوە واریس لە حیسابی حەق و گۆڕ و کەفەنم گەنجی فیکری کە لەنێو کونجی غەما دیوەتەوە موڵکی شادیم هەیە تا ساکینی بەیتولحەزەنم تیرەکەی بەخەتەرە یاری کەمان ئەبرۆ حەریق گەرچی ئەو ڕۆستەمە ئەلحەق ئەمنیش ڕۆبیتەنم ++++++++++++++++++++++