شاعیر: حەریق کتێب: غەزەل سەرناو: ورد و هەڕاش عالەمێکە پڕ شەڕ و شۆڕ و نیزاع و ئیرتیهاش ڕۆژگارێکە سەراسەر میحنەت و پڕ ئیغتیشاش کەس نییە بۆ ئیستراحەت سەر بنێتە سەر سەرین کەس نییە ئاسوودە بێ پاڵووی لە خاری ئیفتیراش تالبی ئیمساکی دەرخست ڕووبەڕوو هاتۆتە پێش ساحەبی عیرفان و دانیش سەربەزانوو چۆتە پاش بۆ سلووکی ڕێی مەعاریف پاڵەوانیش ناتەوان بۆ تەریقی جەزبی جیفە وەک یەکە ورد و هەراش نان و ئاوی ئەهلی دڵ هەر غوسسەیە و خوێنی جگەر دەستی بەرداوە لە عورزە تالبی نانی بەلاش هەر کەسێ دانگێ شعووری بێ شەعیرێکی هەیە ئەبلە بێدەنگ بۆتە ساحەب موڵکی شەشدانگ و مەعاش گەر بە تێڵا و زۆر نەبێ ڕۆزی وەدەس کەس ناکەوێ شاهیدە بۆو موددەعایە حوکمی قازی و –∪– دین بە زاییع چوو مەگەر بۆی ڕێک کەوێ پیاو ناگەهان وەک کەلیموڵڵا خودا کردیە دەلیلی سەنگ تراش نەک وەکوو قازی زەرووری و وەک مەلای ناخوێندەوار یا خەڵیفە کۆڵەتاش و مورشیدی خۆهەڵتراش یا وەکوو من بەخت، تالیع یاوەر و یارم نەبوو جێی موتاڵا و نۆرەدەرسم بوو بە دەورەی نۆبەئاش وەک ئەستوو بم، جیهانگیرم سکەندەر بێ، نییە جارێ «بابا»یێ ڕەفیقم بێ وەکوو وێڵداشی باش ++++++++++++++++++++++