شاعیر: حەریق کتێب: قەسیدە سەرناو: لالەعوزاران ئەم تاقمە شیرینە لە مەکتەب کە دیارن جەللادی دڵی عالەم و ئاشووبی دیارن شیرین سەنەم و دڵبەر و فەتتان و عەیارن خاڵی لە خەلەل، جوملە وەکوو نەقدی عەیارن شۆخن، هەموو شەنگن، هەموو گوڵ ئاتەشی ڕەنگن ئامادەیی جەنگن، هەموو سەییادی شکارن ئاهووڕەوش و مەهوەش و شیرین حەرەکاتن ناسک بەدەن و سیم تەن و لالەعوزارن گاهێ دەبنە ڕەهزەنی ئیمان و دڵ و دین گاهێ وەکوو سۆفی هەموو مایل بە کەنارن گاهێ دەنوێنن ڕوخ و ڕووناکی دەکەن ڕۆژ گاهێ بە دوو زولفەینی سیا وەک شەوی تارن زولف و ڕوخ و پەرچەم لەگەڵ ئەگریجە و کاکۆڵ ئیعلانی حەڕەبیانە کە ئیسلام و کوفارن خاڵ و خەتی بێ حەد کە هەموو جەمعە لە سەر خەد وەک زەنگی لەگەڵ حۆر و وەکوو زاغ و عوقارن کێ حەددی هەیە تالیبی گەنجی ڕوخییان بێ یەک یەک کە هەموو ساحەبی زولفی وەکوو مارن مومتازی جیهانن هەموو هەم مونتەخەبی شار ئاغالەر و بەگزادە و ئەسناف و کوبارن وەختێ کە دەکەن جیلوە لە مەیدانی حوسندا وەک کەبکی خەرامان و وەک ئاهوویی تەتارن مەوزوون و لەتیف و خۆش و خورسەند و سەعیدن مەتبوع و ڕەشیدن بە ئوسوول و بە ویقارن وەک موعجیزەیی موستەفەوی وانە لەلای من بەو لەعلی نمەک ڕێژە کەوا شەککەر ئەبارن هەر ئەحمەد و مەحموودە خەیاڵی شەو و ڕۆژم لەم مەکتەبی ڕوشدییە کەوا پڕ لە نیگارن هەرچەندە کە سوڵتانی جیهانن لە حوسندا بۆ شبری ڕەقیبم حەسەن و حوسێنی هەژارن بەم هەیئەتی دەروێشییە ڕازیم و ڕەقیبان دەستم لە یەخە ناکەنەوە چەندە شەرارن عاریز بوو لەسەر عاریزییان زوڵفی پەرێشان بیعەینە دەڵێی حاڵ و مەحەل، لەیل و نەهارن پەیوەستە وەکوو دەستەگوڵی باغی جینانن وەک غونچەیی نەشکوفتەیی نەورۆز و بەهارن ئەمما لەگەڵ ئەم حوسنە نییە حوسنی وەفایان حەیفێ کە لەسەر ڕەنجی دڵی عاشقی زارن پارەی جگەرم کردە کەباب و مەزە بۆیان تا دیومە کەوا ساحەبی دووچاوی خومارن لەوحی دڵییان سادە لە میهر و لە وەفایە بێ میهر و مەحەببەت هەموو بێ شەرت و قەرارن هەرچەندە کە بێ تالیع و بەدبەختە حەریقی ئەشعاری بە ئیشعاری عەجەب پڕ لە شیعارن ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دڵبەری فکر قەمەر کەوتۆتە میزانی خەیاڵم موشتەری با بێ لە عیقدی نەزم و نەسرم تالبی عیقدی سوڕەییا بێ جەماڵی دڵبەری فکرم لە خەڵوەتدا بوو تا ئێستا بڵا با دڵبەرئارا بێ، قەبووڵی ئەهلی ئارا بێ لە دووکانی خەیاڵم بۆ عەرووسی دڵ غەزەل دێنم گرانجانی بەکارنایە کەسێ سەودای لەسەردا بێ لە موژدەی نەوبەهار و غولغولی بولبول لە دەوری گوڵ وەکوو قومری دەبێ تۆقی وەفای سەروم لەملدا بێ نەفەس دەم، دیدە پڕ ئاو و سەماوەر سینە، جەرگ ئاتەش کەلامم قەندە گەر ساقی لەگەڵ من ئارەزووی چا بێ سەرم سەمتوور و سینە ساز و ئەشکم تارە بەو شەرتە بدا ساقی مەیی نابێ بڵێ موتریب بڵێی نابێ لە دامێنی خەیاڵم دامەنی گوڵ بچنە ئەی شاهید بە شەرتێ شاهی شەمسەددین لە دڵما جیلوەئارا بێ لە گەرمی لوتفی مەولاوە نییە سەردی لە مەولاوە بە سەرما ڕۆییوە سەرما، نییە باکم بەسەرما بێ خەڵاتی شاهی نەورۆزی نیشانەی ئاتەش ئەفرۆزی نەسیم هێنای بە دڵسۆزی دەڵێی سۆزی جەفا نابێ ڕەئیسە هەور و تۆپچی ڕەعد و تۆپ بەرق و نیزام باران نەسیم پێشڕەو، تەلیعە تەرزە، فەڕڕاشی دەبێ با بێ شەماڵ سەرتیپی تەرتیبی غوڵامانەی غوڵامانە جنوبی یاوەری فەوجی شەدە و دەسماڵی واڵا بێ بەڵەک بوو کێو و سەحرا وەک دەڵەک خۆی دزیەوە زستان زەییستان ئیتتیفاقەن چوون بەری خست هێزی پێی بابێ لە دەنگی ڕەعد و ڕەنگی بەڕق و ناڵەی هەور و گرمەی با کەڕ و کوێر بەفری تایین مەر هەناسەسەردی پێ مابێ لە شەوقی گوڵ، لە زەوقی مول، عەجەب سەرخۆشن ئەهلی دڵ دەوێژن تاییفەی خووبان مەگەر جەننەت بە دنیا بێ حەجەر هەروەک شەجەر ناتیق بە سڕڕی قودرەتی حەق بوو کەسێ حاڵی ببێ حاڵی دەبێ گەر ئەهلی بینا بێ نیشانەی نیعمەتی عوقبا لە دنیادا هووەیدا بوو کەسێ باوەڕ بە من ناکا لە ڕەنگی سەوزە جۆیا بێ عەتای موتڵەق بەغەیری خالیقی حەق بۆ درەختی ڕەق بە کێ دەکرێ هەموو ساڵێ شکۆفەی سەبزی پێدابێ؟ نەباتاتی زەمین نەوخێز و جامی کەیفی گوڵ لەبریز لە خەو بێداربوو نەرگس هات بەخێر بێ ماڵی ئاوا بێ بە عەزمی دەستبۆسی دەستەدەستە هاتە خزمەت شا هەموو مەخمووری نیسبەت وەک کەسێ سەرمەستی سەهبا بێ وەنەوشە بۆ غوڵامی خاڵی خووبان گەردنی کەچ کرد بە وەجهە وەجهی وەک موئمین لەبۆ سوجدە بەسیما بێ سەفینەی فیکرەتم ڕۆچوو دەفینەی حیکمەتی تووش بوو سەلەف حیرزی خەلەف هەروەک سەدەف بۆ دوڕ موهەییا بێ نموونەی ئینقیاد و سەرکەشی بوو سەردی و گەرمی کە موخلیس حاڵی گەرم و مونکیریش دڵ سەردە تا ما بێ سیراجەددین بە نووری حەق بە هەر شەخسێ بەهای دابێ بە شەمسی ڕووی حیسامەددین وەفا کا بێ «زیبا» نابێ بەسەر خاکی وجوودی تالیبان ئیکسیری ئەلتافت مسی قەڵبی قەڵب خالیس دەکا گەر عەکسی تێدا بێ لە دیباچەی کتێبی حوسنی عالەم هەر وەرەق لادەم دەبینم مەبحەسی وەسفت لە هەر فەسڵ و لەهەر بابێ لەگەڵ نەفسی یەزید وەک بایەزیدە هەر دڵێ بۆ تۆ موتیع و ئەهل و دانا بێ، سەری تەسلیمی دانابێ بە نەحوی سەرفی دڵ تا زوڵفەقارت گرتە نێو چەنگت وەکوو حەیدەر لە فەتحی خەیبەرا شمشێری کێشا بێ بە عیشقی شای سیراجەددین و شەوقی بولوەفا جانا کەرەم فەرموو وەکوو دێژن نەزانستم بەزا نابێ حەریقی ڕیشتەیی جانت فتیلەی شەمعی جانانە لە بەزمی پیری مەیخانە کزەی دڵ بێ مەزە نابێ ++++++++++++++++++++++