شاعیر: حەریق کتێب: قەسیدە سەرناو: لالەعوزاران ئەم تاقمە شیرینە لە مەکتەب کە دیارن جەللادی دڵی عالەم و ئاشووبی دیارن شیرین سەنەم و دڵبەر و فەتتان و عەیارن خاڵی لە خەلەل، جوملە وەکوو نەقدی عەیارن شۆخن، هەموو شەنگن، هەموو گوڵ ئاتەشی ڕەنگن ئامادەیی جەنگن، هەموو سەییادی شکارن ئاهووڕەوش و مەهوەش و شیرین حەرەکاتن ناسک بەدەن و سیم تەن و لالەعوزارن گاهێ دەبنە ڕەهزەنی ئیمان و دڵ و دین گاهێ وەکوو سۆفی هەموو مایل بە کەنارن گاهێ دەنوێنن ڕوخ و ڕووناکی دەکەن ڕۆژ گاهێ بە دوو زولفەینی سیا وەک شەوی تارن زولف و ڕوخ و پەرچەم لەگەڵ ئەگریجە و کاکۆڵ ئیعلانی حەڕەبیانە کە ئیسلام و کوفارن خاڵ و خەتی بێ حەد کە هەموو جەمعە لە سەر خەد وەک زەنگی لەگەڵ حۆر و وەکوو زاغ و عوقارن کێ حەددی هەیە تالیبی گەنجی ڕوخییان بێ یەک یەک کە هەموو ساحەبی زولفی وەکوو مارن مومتازی جیهانن هەموو هەم مونتەخەبی شار ئاغالەر و بەگزادە و ئەسناف و کوبارن وەختێ کە دەکەن جیلوە لە مەیدانی حوسندا وەک کەبکی خەرامان و وەک ئاهوویی تەتارن مەوزوون و لەتیف و خۆش و خورسەند و سەعیدن مەتبوع و ڕەشیدن بە ئوسوول و بە ویقارن وەک موعجیزەیی موستەفەوی وانە لەلای من بەو لەعلی نمەک ڕێژە کەوا شەککەر ئەبارن هەر ئەحمەد و مەحموودە خەیاڵی شەو و ڕۆژم لەم مەکتەبی ڕوشدییە کەوا پڕ لە نیگارن هەرچەندە کە سوڵتانی جیهانن لە حوسندا بۆ شبری ڕەقیبم حەسەن و حوسێنی هەژارن بەم هەیئەتی دەروێشییە ڕازیم و ڕەقیبان دەستم لە یەخە ناکەنەوە چەندە شەرارن عاریز بوو لەسەر عاریزییان زوڵفی پەرێشان بیعەینە دەڵێی حاڵ و مەحەل، لەیل و نەهارن پەیوەستە وەکوو دەستەگوڵی باغی جینانن وەک غونچەیی نەشکوفتەیی نەورۆز و بەهارن ئەمما لەگەڵ ئەم حوسنە نییە حوسنی وەفایان حەیفێ کە لەسەر ڕەنجی دڵی عاشقی زارن پارەی جگەرم کردە کەباب و مەزە بۆیان تا دیومە کەوا ساحەبی دووچاوی خومارن لەوحی دڵییان سادە لە میهر و لە وەفایە بێ میهر و مەحەببەت هەموو بێ شەرت و قەرارن هەرچەندە کە بێ تالیع و بەدبەختە حەریقی ئەشعاری بە ئیشعاری عەجەب پڕ لە شیعارن ++++++++++++++++++++++