شاعیر: حەفید کتێب: شیعرەکانی شێخ مەحموود سەرناو: دڵ لە بەندی سینەدا دووبارە واوەیلا ئەکا سەبارەت: شەڕی سورداش دڵ لە بەندی سینەدا دووبارە واوەیلا ئەکا نووربەخشی ناسرەوێ مەیلی شەڕ و غەوغا ئەکا ئینتقامی قەومی لێقەوماو بە حەق داوا ئەکا ڕۆژ و شەو فیکرم لە دونیادا عەلەم بەرپا ئەکا تیغی شیرم ئارەزووی سەیدی شکاری شا ئەکا سەیری دوژمن کەن بە فیکری خامەوە بۆتە تەرەف بۆ شکاری شێری شەرزە پیری ڕێوی هاتە سەف نیشتمانی پاکی بێکەس دیوە بۆیە کەوتە گەف وام لە مەیدانی شەجاعەتدا موباریز کوا ئەسەف سەفدەری ڕۆژی وەغایی تابینە داوا ئەکا دەست بە دەست یەکتر بدەن ئەی لاوەکانی مەرد و قۆز تاکوو کەی دوژمن لەناومانا ئەبێتە گورگی هۆز بێن ببینە پشتیوانی یەکتر و بیکەینە تۆز دەست بە داوێنی خوداوە بگرین و بگرین بە سۆز تاکوو دوژمنمان لە جنّاتُ الإرَم بەرپا ئەکا نامەوێ ژینی ئەسارەت، بەسمە عومری گومڕەهی نایکەمە سەر خۆم بەدەستی موددەعی تاجی شەهی قەد بە ئەمری دوژمنانم نامەوێ فەرماندەهی نامەوێ تەختی کەی و بەختی جەم و شاهەنشەهی تیشنەیی خوێنی عەدووم و بۆ حوقووقی وا ئەکا تا بە ئازادی ئەگەم کوێری ئەکەم چاوی ڕەقیب تا لە زوڵمی ئەجنەبی ڕزگار ئەبێ کوردی نەجیب ٲطلِب النَجاح و التوفیق مِن رَبّ المجیب ئایەتی «نَصر مِن الله»یە هەتا «فَتحٌ قَریب» دەنگی تەگبیری سبەینانم بە إلا الله ئەکا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: زەمزەمەیە گریانە لەنێو مەجلیسی عەشقا سەبارەت: گریان و خۆشی زەمزەمەیە گریانە لەنێو مەجلیسی عەشقا ساقی خەبەری داوە کە یار نایەتە یاری قەد نابیە ئەو دڵبەرە فەریادی من و تۆ سەدپارە کەبابی دڵەکەت بێنی بە دیاری دوو جۆگەیی خوێنینە بەسەر سەفحەیی ڕووما گوڵ گوڵ بووە دامێن و کەنارم وەرە دیاری ئەو خاڵە زوخاڵێکە بەنێو بۆتەیی دڵما ڕۆحم ئەکوڵێنێ بە نەفەس کوورەیی ناری ئەی مورغی ستەمدیدە ئەسیری لە قەفەسدا بۆ خۆت و وەتەن بگری کە سەمخوردەیی ماری دەست ناکەوێ تریاکی من و تۆ لە عێراقا با شیکوە بەرین بە لیقای حەزرەتی باری قوڕ پێوە! یەخەت دادڕە بۆ خۆت بە کەساسی! ئەی کوردی هەژار ئێستەکە بێ یار و دیاری ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شێواوە جیان خەڵکی گرفتاری بەڵایە شێواوە جیهان خەڵکی گرفتاری بەڵایە هێند سپڵە بووە سەیری برا گورگی برایە ئەشراری میللەل ئەمڕۆ لەناومانا مەلایە هەر بەدگوهەرن، دەستە بە دەستە وزرایە پێخاوسی لارانن ئەمڕۆکە و کلایە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: عادیل بە عەداڵەت لە سپی لادە بەشی کە سەبارەت: بۆ عەبدوڵڵا عادیل عادیل بە عەدالەت لە سپی لادە بەشی کە با سوور نەبێ ئەمجارە لەنێو تاسی ڕەشی کە چاو مەستە لە شەو، هەستە لە سەر کایەن و ئاخوڕ چاک لێخوڕە زوو تێخوڕە خومخانەی ڕەشی کە بێ قووەتی ئێستاکە ئەزانم وەکوو گای پیر ناتوانی لە سەر کلکی، ئەگەر مەردی کشی کە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: عەزیزم من نە جانیم و نە زانی سەبارەت: بۆ دۆستێک عەزیزم من نە جانیم و نە زانی بە دەردی دەهر گیرۆدەم بزانی لە فەحوایی حەدیسی فِتنَةُ نیم نەکەی هەرگیز وەکوو خۆتم بزانی لە ئاوێنە تەماشای خۆت کە شێخم هەموو کرداری خۆتی تیا ئەزانی لە دایک و باوکەوە من کاکە حەمدیم لە جوملەی قاتلی جەددم نەزانی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: فەرهادی قەومی کوردم و فەریادی کورد ئەکەم فەرهادی قەومی کوردم و فەریادی کورد ئەکەم دوژمن بە کوتکی کاوە وەکوو شووشە ورد ئەکەم بۆ بێستوونی مانیعی ئامالی کوردەکان وەک کۆهکەن بە عەزمی مەتین دەستوبرد ئەکەم یا کەشتی کورد ئەبەمە ساحیلی نەجات یا ڕۆحی خۆم و ئالی پەیەمبەر بە پرد ئەکەم مەحموودی فیکرەتم ئەخەمە دووی ئەیازی کورد یا کەسبی وەسڵی میللییەت و نەیلی کورد ئەکەم من کوردم و بە کوردی ئەڵێم و بڕایەوە زیللەت نەما سەعادەتی کوردان گەڕایەوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: موددەتێ عومرم بە تاڵان چوو لە سووچ و قوژبنا موددەتێ عومرم بە تاڵان چوو لە سووچ و قوژبنا پێمەلەم زۆر کرد لەبەر ئیمان لە بەحری بێ بنا شاهبازێ بووم لە مەیدانی شکاری دوژمنا جەهلی میللەت بوو بە زیللەت هات بەسەر شانی منا سەیری جێگە زەخمی پەنجەم کەن بەدایم شاهیدە دوودڵی لێم بۆتە زنجیر حەوسەڵەی داوم نییە بۆ نەمانی ئەجنەبی ژینم لەبەر چاوم نییە بۆیە ئیتر ئارەزووی دیداری قاڵاوم نییە گورگی پیر کەڵبە شکاوم تاقەتی ڕاوم نییە دڵ بەم ئەحواڵەش لە ڕێگەی میللەتمدا قاسیدە ئێوە ناودارانی کوردن حەیفە دواکەوتن لەگەل دەست بە دەست یەکتر بدەن بۆ گرتنی لوتکەی ئەمەل عەزم و وریایی و سەباتە بۆ بەدەستهێنانی هەل دوژمن و بێگانە حەققی میللەتی پێ نابێ حەل خوێنی ئەوتانە لەلای خوا عەینی زوهدی زاهیدە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: چی بەسەر هات تاقی کیسرا هەیبەتی سوڵتان ڕەشاد سەبارەت: تاقی کیسرا چی بەسەر هات تاقی کیسرا هەیبەتی سوڵتان ڕەشاد حوکمی هاروونەڕەشید و تەخت و بەختی کەیقوباد چەند هەزار ئینسانی ناسک جوملە بوونە خاک و خۆڵ کوورەیی ئەرزە سەراسەر پڕ لە ئێسقانی عیباد نەسرەت و ماڵی جیهانیش بێ بەقایە ئەی ڕەفیق عاقیبەت دنیا نەمانە قەت نەکەی فیتنە و فەساد فورسەتە عومری عەزیزت بێ سەعی زایع مەکە تەرکی ئەربابی سەفا کە و ڕێی فەلاکەت مەگرە یاد ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کاتی شکارە دڵ بە موحیببەت کە برسییە سەبارەت: ١٩١٩ - بۆ مستەفا پاشای یاموڵکی کاتی شکارە دڵ بە موحیببەت کە برسییە من بازم و شکاری وەتەن بێ ڕیا ئەکەم پارێز ئەکەم بە هیممەتی حەیدەر حقووقی کورد یا ڕۆحی خۆم و ئالی پەیەمبەر فیدا ئەکەم گەر مانعی حەقی میللەتی کورد ببن عەرەب بێ شک نوێژەکانم بە کوردی قەزا ئەکەم حاجی تەواف ئەکەم گەر تالعیش مەدەد بدا ئەم قەلبی قەڵبمە بە سەفا و مەروە ساف ئەکەم نەقشی و سوورەوەردی و چەشتی و قادری ئەمریان بە فەرزی عەین ئەزانم وەک یەک ئەدا ئەکەم مەلا عەزیزی موفتی و بابا عەلی بم لە وەرعدا بۆ ئەو غەزالە دڵفڕێنە لەسەر سەر هەرا ئەکەم فەرقی بەینی قادری و نەقشی هێندەیە سۆفی لە ورگی ئەدا منیش زەرگی پیا ئەکەم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کەیلی غەمە دایم دڵەکەم حوزنی درۆیە سەبارەت: بۆ حوزنی کەیلی غەمە دایم دڵەکەم حوزنی درۆیە زوو دەرپەڕە ئەو داوە لەبەر خاتری تۆیە دار و دەوەن و پووشی ڕەواندز بە قەڵەم کەی خاکی وەتەنم شاهیدە ئیخلاسی درۆیە ئەم نامەیی دڵشادە لەسەر دیدە بە برژانگ نووسینی بەشارەت بێ، سبەینێی من و تۆیە با قوڕ بە سەرا کات و ڕەقیب داکی هەمیشە بەربێتە بەری پیسی نەجیسی بە چەقۆیە - - - - - - - - - - - - - - خاکت بە سەر ئەو هێرشە بۆ سەر کنی تۆیە تەک مەگرە بە پەروازی، بە جووتی وەرە لای من هەر ئانێکی کەڵ و چاوەنواری کەل و کۆیە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەمن ئێستا لەگەڵ حۆران لە سوککانی سەماواتم ئەمن ئێستا لەگەڵ حۆران لە سوککانی سەماواتم جەحیمە دڵ لە دووری ئاسکی کانی ئاسکان ماتم بە قەولی ئەو سەگی گوربە سیفەت ئەسڵن مەکە باوەڕ بڵێ مەحموود نەماوە، وا بزانە دائیمەن لاتم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بۆ جەهەننەم گەر بچم دوا ئینتیقام لام نیعمەتە سەبارەت: بۆ شێخ جەعفەری لۆدیی بۆ جەهەننەم گەر بچم دوا ئینتیقام لام نیعمەتە گەر مووەفەق بم لە دەست خۆمی نەدەم ئەو فرسەتە شەرتە گەر جارێکی تر بۆم هەڵکەوێ تۆبە نەکەم تا بە ئەڵماسی هونەر لەتلەت نەکەم چی ئۆبەتە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بە یادگار ئەینێرم بۆ شاوەیسی ڕەفیقم سەبارەت: بۆ ئیسماعیل حەققی شاوەیس بە یادگار ئەینێرم بۆ شاوەیسی ڕەفیقم لە دیدارما ببینێ بۆ میللییەت شەفیقم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دیسان بەهارە ئۆردوویی جەننەت گەڕایەوە سەبارەت: ١٩٢٥ دیسان بەهارە، ئۆردوویی جەننەت گەڕایەوە دەستی جەفای فەلاکەتی زستان کشایەوە شەونم لەسەر ڕوویی شەهلا و ڕوویی گولچ بولبول بە گریە، غونچە بە خەندە گەشایەوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دەسی ئیقباڵ نەکەوتە شان و باڵم سەبارەت: بۆ شێخ عبدولکەریمی قادرکەرەم دەسی ئیقباڵ نەکەوتە شان و باڵم نەگەر یا ساحەبی ئینساف بە حاڵم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سەد سەلامت لێ بێ شێتی پەتەڕی سەبارەت: بۆ شاکیر مجرم سەد سەلامت لێ بێ شێتی پەتەڕی قەولێکت گرتووە وەک ڕێوی گەڕی وەتەنت تەرک کرد بۆ پیرێژنێک زۆر حەیف بۆ تۆ کە ئاخرشەڕی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: غوبار و تۆزی میحنەتی دنیا هەلاکەتم غوبار و تۆزی میحنەتی دنیا هەلاکەتم کەوتووەتە سەر دوو دیدە و شەئنی نەدامەتم پەنجەی ئەجەل بە یەخەمەوە بەند بووە ئەڵێ هەستە دوعا بخوازە بڵێ ڕوو لە قیامەتم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لوتف و کەرەم و قەهری دەم و دەس نەفەسێکە لوتف و کەرەم و قەهری دەم و دەس نەفەسێکە هەر ساتە بە ڕەنگێک و لەسەر تەبعی کەسێکە تەخریبی گوڵی یاسەمەن و باغی مەحەببەت کرداری لەسەر کەیف و هەوایی تەرەسێکە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لوتفی شیرینی نەبوو خەسرەو لەگەڵ فەرادی کورد سەبارەت: بۆ خەسرەو خانی دەرەویانە لوتفی شیرینی نەبوو خەسرەو لەگەڵ فەرهادی کورد بۆیە کەوتە دامی شێر و تامی شیرینی نەکرد ++++++++++++++++++++++ سەرناو: نە موحتاجی دەست و تفەنگتم و نە شان و عەبا سەبارەت: بۆ شێخ محێدینی شێخ ساڵح نە موحتاجی دەست و تفەنگتم و نە شان و عەبا موحتاجی چنگێ تووتنی خۆشناوم یان بێشەما ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ڕۆژی دەعوا تیغی ئەبرۆی عالەمێکی سەربڕی ڕۆژی دەعوا تیغی ئەبرۆی عالەمێکی سەربڕی من لەبەر بەختی بەدم بۆ ڕەنجی دنیا مامەوە هەر کەسێ مەحموود حەبس کا ئاخری هەر بەر ئەبێ من لەناو زیندانی عەشقا شێت و شەیدا مامەوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ڕەشید ئەم جارەش هەروەکوو جاران مەستی نەکەی سەبارەت: بۆ ڕەشید مەستی ڕەشید ئەم جارەش هەروەکوو جاران مەستی نەکەی وەک زیافەتەکەی گازێ بە شۆربا خەستی نەکەی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کاوەی کورد کوانێ ئەی بەرگوزیدە سەبارەت: بۆ ناهیدەی شێخ سەلام کاوەی کورد کوانێ ئەی بەرگوزیدە فەرەیدون حازر، سیلاح پۆشیدە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: گریانە دیدەکەم و بریانە سینەکەم سەبارەت: ١٩٥٥ گریانە دیدەکەم و بریانە سینەکەم بۆ کوێ چوو قیبلەکەم و کوانێ دیدەکەم لۆمەم ئەکەن ڕەفیق و برا، قوڕ بەسەر دیدەکەم تا مردنم بە عەهدی خودا بۆ تۆ شین ئەکەم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: یووسفم تۆیی لەتیفە زۆر سەلامی لێ ئەکەم سەبارەت: بۆ وسوو ئاغا یووسفم تۆیت ئەی لەتیفە، زۆر سەلامت لێ ئەکەم بۆ ئیسعادی نووری چاوم، هەر دوو چاوی ماچ ئەکەم ++++++++++++++++++++++