شاعیر: حەفید کتێب: شیعرەکانی شێخ مەحموود سەرناو: موددەتێ عومرم بە تاڵان چوو لە سووچ و قوژبنا موددەتێ عومرم بە تاڵان چوو لە سووچ و قوژبنا پێمەلەم زۆر کرد لەبەر ئیمان لە بەحری بێ بنا شاهبازێ بووم لە مەیدانی شکاری دوژمنا جەهلی میللەت بوو بە زیللەت هات بەسەر شانی منا سەیری جێگە زەخمی پەنجەم کەن بەدایم شاهیدە دوودڵی لێم بۆتە زنجیر حەوسەڵەی داوم نییە بۆ نەمانی ئەجنەبی ژینم لەبەر چاوم نییە بۆیە ئیتر ئارەزووی دیداری قاڵاوم نییە گورگی پیر کەڵبە شکاوم تاقەتی ڕاوم نییە دڵ بەم ئەحواڵەش لە ڕێگەی میللەتمدا قاسیدە ئێوە ناودارانی کوردن حەیفە دواکەوتن لەگەل دەست بە دەست یەکتر بدەن بۆ گرتنی لوتکەی ئەمەل عەزم و وریایی و سەباتە بۆ بەدەستهێنانی هەل دوژمن و بێگانە حەققی میللەتی پێ نابێ حەل خوێنی ئەوتانە لەلای خوا عەینی زوهدی زاهیدە ++++++++++++++++++++++