شاعیر: قانع کتێب: سروەی بەربەیان سەرناو: لە بەختی من سەبارەت: نووسین و ئامادەکردن: کەماڵ ڕەحمانی - دیوانی قانع، سروەی بەربەیان، خەلیفە شوکڕوڵڵا دووهاڕووت، لاپەڕە ٤١١ـ٤١٣. لە بەختی من مەلایەک هاتە گوفتار جنێوی زۆری نارد بۆ ساحێب ئەشعار وتی یاشێخ بە تۆ چی زەرب و تەقسیم؟ چ لازم زانینی باتمان و خەروار؟ قسەی جوگرافیاکان هەر درۆیە ئەمە سێحرە ئەڵێن پێی کەسری ئەعشار ئەگەر عیلمت ئەوێ مردوو بشۆرە چلۆن شۆرینێ وەک شۆرینی مردار لەسەر چیخێ لە پێشا ڕایبکێشە ئەبێ ڕاست ڕایبکێشی میسلی ڕەشمار ئەبێ کێری بە هەر دوو دەس بدۆشی وەکوو بزنێ کە بیدۆشێ تەمەعکار بە هێواشی دەست بێنی بە سکیا هەتا دەردا ئەوی خواردوویە پێرار لە پاش شۆرینی چڵم و گوو و گمیزی هەڵیسێنیتۆ هەر وەک ورچی سەردار لە ساحیب مردوو ئەو وەختە بسێنە لە حەق و زەحمەدا، یەک ڕوبعە دینار وەهایە نانی مەردانە کە فەرمووم دەخیلە ئەم وەسێتە، نەیخەیتە پێوار وتم حەیوانی لایەعلەم بفامە چلۆنە سونعیاتی چەرخی دەووار لە پێشا واجبە تەعلیمی دینی لە قورئان و حەدیس و شەرع و ئاسار ئەوەی ئەمرە بەجێی بێنە تەواوی ئەوەی نەهیە، نەکەی هەرگیز بە ڕەفتار بزانە مردن و میعاد حەققن ئەمە مەعلوومە ڕاستە جەننەت و نار بە پێی ئەعمالی خۆت، ئەدرێ جەزای تۆ بە میزانا ئەکێشن جەمعی کردار لە چاکە چاک و لە بەد، بەد دێتەوە ڕێت بەقەد یەک زەڕڕه ون نابێ لە ڕەفتار لە پاش زانینی ئەمر و واجباتت بزانە چۆنە وەزعی چەرخی دەووار لە چی پەیدا دەبێت هەوری بەهاری؟ لە چی نەشئەت ئەکا نێرگس لە گوڵزار؟ ئەبێ ئینسان بە ئاگا بێت لە عالەم لەچی تەشکیل دەبێت بەفراوی کۆسار؟ لەبەر چی بەفر پان و تەرزە گردە؟ چییە نەعرەی سەواعیق دێ لە ئەقتار؟ لە زستانا لەبەر چی سارد و سەختە؟ لە هاوینا لەبەر چی گەرمە وەک نار؟ دەرخت بۆچی بەهاران بەرگی سەوزە؟ لە پاییزدا ئەمێنێ ڕووت و بێ‌بار؟ کەری چوارپێ ئەبێ تۆ شارەزا بیت لە حاڵی ئەمریکایی و چین و تاتار لە چییوە وەرئەگیرێ گازی کاربۆن؟ چلۆن تەرفیع ئەکات میللەت بە کردار؟ بەچی ئاوا ئەبێ خاکی وەتەنمان؟ بەچی دێهات بنەخشێنین وەکوو شار؟ سکووتت لازمە لەم بەزمە "قانع" نەوا دەورت بدەن یارانی خوونخوار ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەم عەسرە سەبارەت: دیوانی قانع، سروەی بەربەیان، خەلیفە شوکڕوڵڵا دووهاڕووت، لاپەڕە ٤٢١ـ٤٢٢. - نووسین و ئامادەکردن: کەماڵ ڕەحمانی ئەم عەسرە چ عەسرێکە کە هەر شامە بەیانی؟ ئەم قەڕنە چ قەڕنێکە کە هەر کوردە قڕانی؟ ئەم شینە چ شینێکە کە سەد شینی سیاوەحش؟ بێزارە لە هەر زەلزەلە و شین و فغانی؟ ئەم زەنگە چ زەنگێکە لە مل کوردی فەقیرا؟ هەر لەحزە بە سەد ڕەنگە ئەڵێن دەنگی زڕانی؟ ئەم بەزمە چ بەزمێکە لە شاران و لە دێهات؟ ڕۆڕۆیە لە هەر ماڵێ کەوا کوردە زمانی؟ (مەنسوور)ە لە سەر داری فەنا حەزرەتی ناجی ئەم (ڕانە) چلۆن ژینی ئەبێ مەنعە شوانی چون بێ هونەر و سەرسەرییە(... ) وەتەنمان بڕوانە چلۆن گەییە حەڵەب گەورە کچانی سەی حەیفە کەوا (قانع)ی تەنها وو ئەسیرە غەمخۆری وەتەن تەنها ئەوە و جووتە کوڕانی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە دیتنی خشتێکدا سەبارەت: دیوانی قانع، سروەی بەربەیان، خەلیفە شوکڕوڵڵا دووهاڕووت، چاپی یەکەم ١٣٨٨ هەتاوی سنە، لاپەڕە ٤٣٣ـ٤٣٨. - نووسین: کەماڵ ڕەحمانی ڕۆژێ لە ڕۆژان، بێکار و بەتاڵ ئاسوودە و ڕەحەت لە نەبوونی ماڵ بێ یار و یاوەر، بێ برا و هاودەم بێ ڕەفێقی ڕۆژ، دەروون پڕ لە غەم پاڵ دام وە سەرین حەریری گوڵڕەنگ بیر دام وە کردار چەرخی شەوەزەنگ نواڕیم زەمزەمەی جاران کۆتایە بنچینەی شادی گەردی بە بایە مزگەوت بێ‌ڕەونەق، دیوەخان وێران ئاوایی بێ شەوق، نۆکەر سەرگەردان بێ‌ناز کەوتوونە دوو تەپڵە و دەهۆڵ تانجی بێ سوار، ڕاوگە چۆڵ و هۆڵ عەشایەر سەرکز، تایەفە بێدەنگ میللەت میللەتان لێوزەرد و بێ‌ڕەنگ وتم چاک وایە تۆشە پەیدا کەم ئیقلیم بگەڕێم، سەیری دنیا کەم هەتا بزانم گەردوونای گەردوون کێی کردوە بە شا، کێی خستوەتە توون کێ لە ڕەحمەتە و کێ لە زەحمەتە کێ خاوەن شەئن و کێ لە حورمەتە نەجیب نانەجیب، نانەجیب نەجیب تۆخڵی خاوەن مڵک، خاوەن مڵک غەریب کەشکۆڵم هەڵگرت، عەبام خستە شان زرێ و چوار ئایین ڕەسمی دەروێشان دەف و قەیارە و دووحاچە و شمشێر مەترەقی چلچڵ، کڵاوی دلێر کەڵپۆس و عەسا، پۆش لەنگی نە کۆڵ قاپقاپ و دانەی شاخنەفیلی چۆڵ جامی چل کلیل، پێنج پەنجەی زەڕین تەختەی سەداقەت سەد دانەی بەردین خەرقەی سەدپارە و تاجی گەدایی کوولەکەی فەقر و شێوەی ڕیسوایی بەیداخی عەشرەت، شەجەرەی شێخان دایەرەی مێحنەت، حەمەیاڵی شان دەلاییلی خێر، قورئانی نوورین قوتوو، قەڵەمدان، ئەسبابی نووسین هەم سەفەرنامه و بەیاز و دەفتەر بەرد و بەردئەسێ، ئەساسەی سەفەر بە ساعاتێ خاس ڕۆژێ موبارەک نیوەڕۆی جمعە گرتم تەدارەک گا بە کەیف خۆشی، گاهێ بە گریان گا بە سۆزی دڵ گۆرانی شێخان گا شێعری شیرین شێخی مەولەوی گا گوریزی حەق مەولای مەسنەوی گا ڕوو بە مەقسەد، گا بۆ دواوە گا دەم بە خەندە، دەس بە دۆعاوە بەم نەوعە چەن ساڵ خەریک سەیران بووم گا گا لە دێهات، گا لە شاران بووم چەن چۆڵم تەی کرد، چەن دێ و چەن شاران چەن مەنزڵگای شەو لەبەر موغاران چەن تەماشای تاق برۆی سێوەنگی چەن قەرەزوڵفان وەک ماری جەنگی چەن تاقی زەڕباف، چەن گێلگێلەی سوور چەن کوڵمی بێ غەش ساف وێنەی بلوور چەن گەورەکچان غەزاڵی سەرمەست چەن هەرزەکاران دەمانچە بە دەست چەن دێی وێرانە، چەن دێی ئاوەدان چەن قەڵای کۆنی دەسەڵاتداران ناگاه لە تەقدیر خوای لامەکان ڕێم کەوتە چۆڵێ، دەشت و بیابان نە دار بوو، نە ئاو، نەپووش بوو، نە گیا غەیری زاتی پاک، خۆم تاقی تەنیا خەیلێ تێفکرام نیگام کرد لە دوور کەوتە بەرچاوم لەتەخشتێ سوور لە دیتن ئەو خشت گەلێک عەجەب مام خشتم بەرزۆ کرد بە سەد ئێحترام وتم: یا کەریم، عەلامەلغیووب ڕەحمان و ڕەحیم، غافیرەزەنووب ئەمە هی کێ بێ، کێ دروستی کرد؟ کێ نایە چین ماڵ؟ کێ لە دوای مرد؟ کێ خستیە قاڵب؟ کێ شێلای بە ئاو؟ کێ نایە کوورەی بڵێسەی بەتاو؟ کام بەنای ژیری چەرخی ڕۆژگار نایە دیواری کام کۆشک و تەلار؟ بە فەرمانی خوا هاتە گفت‌وگۆ وتی: ئەی قانع گێلی ڕەنجەڕۆ! هەرچی ئەپرسی بێ کەم و زیاد بۆت بەیان ئەکەم زۆر بە خاترشاد من خاکی کەللەی دە پادشاهم پادشای بێ باک حیشمەت نیگاهم ئەوەڵ ئەسکەندەر، شاهی زولقەڕنەین دووەم شا عەباس، سێهەم شاحسەین چوارەم کەیقوباد، پادشای کەیان ڕەشید و سەخی، خاوەن سفرە و خوان پێنجەم شای عەزیز، عەزیزی مەرغووب خریداری پاک یۆسفی یەعقووب شەشەم کەیوومەرس، حەوتەم نەوشیروان ئیحیاکونەندەی بنچینەی کوردان هەشتەم ئەردەشێر پاشای ساسانی نۆهەم ئۆردووان گەورەی ئەشکانی دەهەمین نەمروود ئاسووری نەژاد پادشای بێ‌دین، دوور لە حەق و داد نۆبەیان ڕۆیی و دەورەیان تەواو مەغزیان لەگەڵ خاکا تێکەڵاو زەڕڕە زەڕڕە بوون، بوون بە غوبارێ کەللەی هەر پاشا کەوتە دیارێ بە ئەمری خوا پادشای بێ عەیب شەماڵ هەڵی کرد لە کارخانەی غەیب لە خاکی هەریەک تۆزێکی هانی تێکەڵی کردن زۆر بە ئاسانی لە تەقدیری حەق خوای لایەنام لەو تێکەڵ بوونە من دروست کرام سەد ساڵ لەسەر یەک من خشتی کاڵ بووم لە خۆتەن زەمین بنەڕەت ماڵ بووم من بوومۆ بە خاک هەروەک ئەوەڵ‌جار بە ئیزنی بێ چوون پادشای غەفار لە دوای ئەو ماڵە کرام بە ئاجوور نرامە دیوار قەڵای سەلم و توور هەتا سەلم و توور تەواو بەرباد بوون لە بازیچەی چەرخ مێحنەت ئازاد بوون ئێستە یادگار شاهانی دەورم لەم بیابانە پڕ جەفا و جەورم زانیم ئەم دنیا بێ بەقا و بەینە قاتڵی هەزار ئیمام حسەینە کوانێ دیاکۆی شاری هەمەدان؟ کوانێ ڕۆستەمی دەشت مازەندەران؟ کوانێ ئەفراسیاب؟ کوا خاقانی چین؟ کوا پاڵەوانان لەسەر ڕووی زەمین؟ کوانێ فەرهادی هونەرمەندی کورد؟ کە لە ڕێی عیشقا ڕۆحی فیدا کرد؟ حاڵی من وابوو ئەوەڵ تا ئەنجام عەرزم تەواو بوو باقی وەسسەلام ++++++++++++++++++++++