شاعیر: قانع کتێب: زایەڵەی زرێبار سەرناو: مینالێ سەبارەت: نووسین و ئامادەکردن: کەماڵ ڕەحمانی - زایەڵەی زرێبار، کۆکردنەوەی: ئەحمەد نەزیری، هاوینی ١٣٨٢ هەتاوی، ڵاپەڕە ١٦٦ـ١٧٢. یاران سەفایە، یاران سەفایە عەجەب بەزمێ خۆش، شیرین سەفایە ڕۆژێ لە ڕۆژان بە کوت‌وپڕی گیسکە گەڕۆڵێ سەگ سکی دڕی له ژێر پردەکە بێ‌دەردیسەری سەگەل دەرەتفێ پەڕینە سەری لە دوای هەشت نۆ ڕۆژ شەریف پێی زانی لاکی لە بەردەم سەگەل دەرهانی ئەوەنەی تۆزێ چەقی لێ دەسکەوت لە سەگی سەند و بردی بۆ مزگــەوت دای بە کوورەکە چەقە تاوی کرد نایە پەڕۆیە قایم هەڵیگرت فاتەی کەیبانووی کە ئەمیە زانی چەقی لە باخەڵ شەریف دەرهانی وتی: شەفەکوێر ئەیکەم بە سابوون پێت نەترەکیوە، جەحانەم بە توون خۆڵی دە ڕۆژی مزگەوتم ئەوێ مینالێ بیبا کۆسم ئەکەوێ حەمەسەلیم بەگ خێرا بە فڕان خەبەر ئەم خۆڵەی بە مینا گەیان مینا کە زانی زوو بە دەست و برد زوڵفی داهانی و لارەپێچی کرد چاو پڕ لە سورمە، پەرچەم خەناوی دەم پڕ لە سەدەف، ڕوومەت سووراوی کەمەرە بە ناز، تون کرد لە کەمەر گوارە و لاچەناخ، بریقەی بانە سەر هاڕەی مێخەکبەن، زڕەی سڵسڵە وریشەی ئیلانچی تێکەڵ پڵپڵە خشەی پانیبەرز، کشەی گوارەی زەڕ هەڵقەی ئەگریجەی لە بان گۆنای تەڕ بەدەن شووشەی زێڕ، لە بان پڕ لە گوڵ تەرلانی تەواو، نیشتوون لە بان چڵ ئەلهەق سەرتاپای چوون شیشەی سەهۆڵ گیرۆدەی مەینەت دەس مەحمووە کۆڵ بە سەد نزاکەت ڕووی کردە مزگەوت بە هاتن مینا، شەریف کۆسی کەوت ڕووی کردە مینا و هات بە بۆڵەبۆڵ وتی: خاتر جەم، نایدەم مشتێ خۆڵ خادەم مزگەوتم هەقی بە منە مزگەوت جێی پیاوە، کەی جێگەی ژنە؟ سۆفی حسێن هات بە یاهوو یاهوو لەسەر مینالێ لە مل‌ساف هەڵچوو کەیخەسرەو بەگ هات بە دڵەی پڕ جۆش هەمانە ئەبا بۆ خۆڵ بۆ سەردۆش حاجی شێخ فەرەج، هات بە بۆڵەبۆڵ هەرچی ماڵم هەس، ئەدەم بۆت بە خۆڵ سۆفی کەریم بەگ، بە یاهوو یاهوو لەسەر مینالێ لە شەریف هەڵچوو حاج حەمەساڵە، منەت بە گیانم قەزای مینالێ لە کچەکانم ئەمینە ڕەش هات ڕووی کردە مزگەوت بە هاتنی ئەمین، شەریف کۆستی کەوت .............................................. . وتی تێی هەڵدەن سەر تەنەکە نەوت ئەولکەریم ڕەسوول ئەویش بۆڵەبۆڵ ماینە ڕەشەکەت بۆ ئەدەم بە خۆڵ خولە بە فڕکە، ڕایکردە بەرۆ وتی: مامۆستا شەڕە لە دەرۆ کە مامۆستا هات، ڕوانی غەوغایە شەڕ شەڕی مل‌ساف، لەگەڵ مینایە وتی فەقێ بێن ئەم کەرەی ئەحمەق لەسەر مینالێ بیدەنە بەر شەق بە واس‌واسکە سکت ئەدڕم قەزای مینالـــێ لە عەلی کوڕم من خۆڵم ناوێ ئاوا بەم جۆرە هاوار مینالێ کۆمەکی زۆرە لە وردە چەرچی، هەتا قومامدار مەلا و بەگزادە، نۆکەر و توجار دەروێش و سۆفی، فەقێ و ئاغەدێ ئەمنییە و شوان، هەرچی گونی بێ لە کوڕی فەلی تا عەولەی ڕەسووڵ ئەهل ئاوایی، سەرسەری و ماقووڵ یەک یەک حازرن بۆ کۆمەکی ئەو تەرک ماڵم ئەکەن بە دەوان و دەو شەریفە مل‌ساف بە دڵەی پڕ ئێش چەقەکەت بەرۆ بۆ تامە بڕوێش ئیتر کۆتا بێ ئەم قسە و باسە بەسەرهات شەریف بۆ بازە خاسە تازە خەڵک فێر بووبوون لە چەوری ئاژەڵ و خۆڵەکەوە (خۆڵەمێش) جۆرێ سابوونیان دروست دەکرد. لە بڕێ دێی مەریواندا ژنانێک سابوونی چاکیان بۆ خەڵک دروست دەکرد. لە دێ دەوروبەرەکانەوە خۆڵ و پیوی ئاژەڵیان دەبرد بۆ لای وەستای سابوون کار. هەر ماڵە خۆڵەکەی خۆی کۆ دەکردەوە. لەبەر ئەوەی مزگەوت چونکە داری زۆری دەسووتاند خوڵی زۆری هەبوو، ژنێک مینالێ ناو، خەڵکی دەرەتفێ، خێزانی مەحموود ناوێک بوو که بە مەحمووە کۆڵ بە ناوبانگ بوو. مینالێ بە جوانی و شۆخ و شەنگی ناوی دەرکردبوو. مینالێ جارجارە هاتووە خۆڵی لە مزگەوت بردووە کە بیکا بە سابوون. مامۆستا دەیەوێ بڕێ لەو شتانە کە لەو زەمانەدا باو بووە و ناوی ئەو کەسایەتییانەی ئەو سەردەمە تۆمار بکات. زۆر کەس لەو زەمانەدا ئەم شیعریانە لەبەر بووە... ++++++++++++++++++++++ سەرناو: قانع و نینۆک کردن سەبارەت: نووسین: موحەممەد فەتحی - @mamosta_qani کاک ئیسماعیل حسەینی گێڕایەوە و فەرمووی: جارێک قانع دەچێتە دیدەنی مامۆستای گەورە عەبدولکەریمی مودەڕڕیس، ڕۆژی پێنجشەمەیە و ماموستا خەرێکی نینۆک کردن دەبێ. قانع دەڵێ: مامۆستا خەریکی چیت؟؟ مامۆستا دەفەرمێ: مەشهوورە ڕۆژی پێنجشەمە چاکە نینۆک بکەی، رزق زیاد دەکا و بەرەکەتی هەیە. قانعیش دەفەرمێ: مامۆستا کابرا لە دەشتی شارەزووردا جووتێ گا دە گێڕێ، هێشتا رزقی خۆی پەیدا ناکا، تۆ دەتەوێ بە دوو نینۆک رزقت زیاد بێ!!!!! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بیرەوەریەک لە کاک بورهان سەبارەت: نووسین: موحەممەد فەتحی - @mamosta_qani مامۆستا موحەممەد ساڵح عەبدی فەرمووی: لە سلێمانی تووشی کاک بورهان بووم و دوای چاک و چۆنی و هەواڵپرسی وتم: چییە، ناسازی؟؟ وتی: مەپرسە، زۆر حاڵم ناخۆشە، دەمەوێ سەری خۆم هەڵگرم و بچم بۆ جێگەیەک کە هیچ کەس نەزانێت. وتم: ئاخر بۆ؟؟؟؟ وتی: دەمەوێ لە دەست ژنەکەم ڕاکەم، منی شێت کردووە، گیرم خواردووە بە دەستیەوە، جارێ کە مان دەگرێ، بە دوو حەفتە جارێ قسەیەکم لەگەڵ ناکات. ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ منیش زانیم کە دڵی پڕە، بۆیە بۆ دڵنەوایی ئەو وتم: جا کاکە ئەمە ۆ هیچ نییە، من ژنێکم هەیە، ئەگەر ئێستا بچین بۆ ماڵی ئێمە دەبینی سەرین و دۆشەکەکان هەموویان بۆگەنیان لێ دێ، هاتم زۆر لە بارەی وەزع و چۆنیەتی ماڵی خۆمانم بۆ باس کرد، ئەمە لە حاڵێکدا بوو کە ئەو دەیزانی من ژنم نییە. ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ وتی: وەڵڵا هی من ئاواش نییە، بەڵام چونکە منت پەشیمان کردۆتەوە و نەتهێشتووە بڕۆم، دەعوەتت دەکەم بێیتە ماڵمان، چونکە مریشکمان هەیە. من وتم: ناتوانم بێم. وتی: ئاخر من بۆتە شەڕم و ڕووم نییە بڕۆمەوە، بە بۆنەی تۆوە هەم من دەڕۆمەوە و هەم تۆش دەعوەت بە. ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ کاتێ چووینە ماڵ، نانیان هێنا، نیسکیان هەبوو. وتی: جارێ با ئەمە بخۆین جا مریشکیش دێنن. بە دەم خواردنەوە من مریشکم لە بیر چووە و بە تێر و تەسەلی نیسکمان خوارد. دوایی کە لە نیسک تێر بووین بە دایکی وت: دایکە ئەو مریشکە بێنن، منیش وتم: تازە تێر بووین ئیتر چی بێنن. دایکیشی نەیهێشت قسەکەی من تەواو بێ بە پەلە چوو مریشکێکی زیندووی هێنا و کاک وریا وتی: ئەها مریشکمان هەیە. شایانی باسە کە لە هەیواندا لیستی خواردنیان هەڵواسیبوو کە لە حەفتەدا تەنیا یەک ڕۆژ برنج و گۆشتیان هەبوو. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: قانع و پینەچی سەبارەت: نووسین: موحەممەد فەتحی - @mamosta_qani وەسا ئەحمەدی خەیات گێڕایەوە و فەرمووی: کەوشەکانی دڕابوون، چوو بۆ لای پینەچی بۆی پینە بکا. پینەچییەکە وتی: مامۆستا ببوورە بەخوا پینەم نییە بیدەم لە پێڵاوەکانت، با انشالله بنێرم پینەم بۆ بێنن، جا بەسەر چاو بۆت پینە ئەکەم ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ مامۆستاش فەرمووی: کاکە من پینەم پێیە. تۆشەبەرەکەی کردەوە و دوو سێ کولێرەی گاڵی زۆر ڕەقی تێدا بوون، وتی: ئەم کولێرانە بکە بە پینەی کەوشەکانم، ئەها چەندە مەحکەمن. ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ پینەچی وتی: جا مامۆستا ئەمە نانە و چۆن دەبێ بە پینە؟؟؟ مامۆستا وتی: کاکە حەقت نەبێ، چونکە خوا ئەم کولێرە ڕەقانەی کردووە بە خواردنی من، منیش دەیانکەم بە پینەی کەوشی دڕاوم. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە ساڵی ١٩٥٤دا، لە دەوروبەری هەڵبژاردنەکەدا لە پێنجوێن دەبێ... سەبارەت: نووسین: موحەممەد فەتحی - @mamosta_qani لە ساڵی ١٩٥٤دا، لە دەوروبەری هەڵبژاردنەکەدا لە پێنجوێن دەبێ. مودیر ناحیەیەک لە پێنجوێن دەبێ، چەند جارێ دەیگرێ و بەرەڵڵای دەکات. ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ ڕۆژێکیان دەیەوێ بە سەفەر بچێ بۆ ناوچەی بەرزنجە، دەچێتە لای مودیر و پێی دەڵێ: جەنابی مودیر بەگ، دەمەوێ بە سەفەر بچم، حەفتەیەکم پێ دەچێ، ئەگەر لەم هەفتەیەدا گرتن و مرتن هەیە ئەوا با نەڕۆم؟ !!! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کۆمەڵێک لە دۆست و برادەرانی قانع پێی دەڵێن... سەبارەت: نووسین: موحەممەد فەتحی - @mamosta_qani کۆمەڵێک لە دۆست و برادەرانی قانع پێی دەڵێن دووکانداری بکات، ئەویش دەڵێ: ( ئەگەر خوا بزانێ دووکانی کڵاو فرۆشیم هەیە، ئادەمیزاد بە بێسەر دروست دەکات! ) ++++++++++++++++++++++