شاعیر: قانع کتێب: زایەڵەی زرێبار سەرناو: مینالێ سەبارەت: نووسین و ئامادەکردن: کەماڵ ڕەحمانی - زایەڵەی زرێبار، کۆکردنەوەی: ئەحمەد نەزیری، هاوینی ١٣٨٢ هەتاوی، ڵاپەڕە ١٦٦ـ١٧٢. یاران سەفایە، یاران سەفایە عەجەب بەزمێ خۆش، شیرین سەفایە ڕۆژێ لە ڕۆژان بە کوت‌وپڕی گیسکە گەڕۆڵێ سەگ سکی دڕی له ژێر پردەکە بێ‌دەردیسەری سەگەل دەرەتفێ پەڕینە سەری لە دوای هەشت نۆ ڕۆژ شەریف پێی زانی لاکی لە بەردەم سەگەل دەرهانی ئەوەنەی تۆزێ چەقی لێ دەسکەوت لە سەگی سەند و بردی بۆ مزگــەوت دای بە کوورەکە چەقە تاوی کرد نایە پەڕۆیە قایم هەڵیگرت فاتەی کەیبانووی کە ئەمیە زانی چەقی لە باخەڵ شەریف دەرهانی وتی: شەفەکوێر ئەیکەم بە سابوون پێت نەترەکیوە، جەحانەم بە توون خۆڵی دە ڕۆژی مزگەوتم ئەوێ مینالێ بیبا کۆسم ئەکەوێ حەمەسەلیم بەگ خێرا بە فڕان خەبەر ئەم خۆڵەی بە مینا گەیان مینا کە زانی زوو بە دەست و برد زوڵفی داهانی و لارەپێچی کرد چاو پڕ لە سورمە، پەرچەم خەناوی دەم پڕ لە سەدەف، ڕوومەت سووراوی کەمەرە بە ناز، تون کرد لە کەمەر گوارە و لاچەناخ، بریقەی بانە سەر هاڕەی مێخەکبەن، زڕەی سڵسڵە وریشەی ئیلانچی تێکەڵ پڵپڵە خشەی پانیبەرز، کشەی گوارەی زەڕ هەڵقەی ئەگریجەی لە بان گۆنای تەڕ بەدەن شووشەی زێڕ، لە بان پڕ لە گوڵ تەرلانی تەواو، نیشتوون لە بان چڵ ئەلهەق سەرتاپای چوون شیشەی سەهۆڵ گیرۆدەی مەینەت دەس مەحمووە کۆڵ بە سەد نزاکەت ڕووی کردە مزگەوت بە هاتن مینا، شەریف کۆسی کەوت ڕووی کردە مینا و هات بە بۆڵەبۆڵ وتی: خاتر جەم، نایدەم مشتێ خۆڵ خادەم مزگەوتم هەقی بە منە مزگەوت جێی پیاوە، کەی جێگەی ژنە؟ سۆفی حسێن هات بە یاهوو یاهوو لەسەر مینالێ لە مل‌ساف هەڵچوو کەیخەسرەو بەگ هات بە دڵەی پڕ جۆش هەمانە ئەبا بۆ خۆڵ بۆ سەردۆش حاجی شێخ فەرەج، هات بە بۆڵەبۆڵ هەرچی ماڵم هەس، ئەدەم بۆت بە خۆڵ سۆفی کەریم بەگ، بە یاهوو یاهوو لەسەر مینالێ لە شەریف هەڵچوو حاج حەمەساڵە، منەت بە گیانم قەزای مینالێ لە کچەکانم ئەمینە ڕەش هات ڕووی کردە مزگەوت بە هاتنی ئەمین، شەریف کۆستی کەوت .............................................. . وتی تێی هەڵدەن سەر تەنەکە نەوت ئەولکەریم ڕەسوول ئەویش بۆڵەبۆڵ ماینە ڕەشەکەت بۆ ئەدەم بە خۆڵ خولە بە فڕکە، ڕایکردە بەرۆ وتی: مامۆستا شەڕە لە دەرۆ کە مامۆستا هات، ڕوانی غەوغایە شەڕ شەڕی مل‌ساف، لەگەڵ مینایە وتی فەقێ بێن ئەم کەرەی ئەحمەق لەسەر مینالێ بیدەنە بەر شەق بە واس‌واسکە سکت ئەدڕم قەزای مینالـــێ لە عەلی کوڕم من خۆڵم ناوێ ئاوا بەم جۆرە هاوار مینالێ کۆمەکی زۆرە لە وردە چەرچی، هەتا قومامدار مەلا و بەگزادە، نۆکەر و توجار دەروێش و سۆفی، فەقێ و ئاغەدێ ئەمنییە و شوان، هەرچی گونی بێ لە کوڕی فەلی تا عەولەی ڕەسووڵ ئەهل ئاوایی، سەرسەری و ماقووڵ یەک یەک حازرن بۆ کۆمەکی ئەو تەرک ماڵم ئەکەن بە دەوان و دەو شەریفە مل‌ساف بە دڵەی پڕ ئێش چەقەکەت بەرۆ بۆ تامە بڕوێش ئیتر کۆتا بێ ئەم قسە و باسە بەسەرهات شەریف بۆ بازە خاسە تازە خەڵک فێر بووبوون لە چەوری ئاژەڵ و خۆڵەکەوە (خۆڵەمێش) جۆرێ سابوونیان دروست دەکرد. لە بڕێ دێی مەریواندا ژنانێک سابوونی چاکیان بۆ خەڵک دروست دەکرد. لە دێ دەوروبەرەکانەوە خۆڵ و پیوی ئاژەڵیان دەبرد بۆ لای وەستای سابوون کار. هەر ماڵە خۆڵەکەی خۆی کۆ دەکردەوە. لەبەر ئەوەی مزگەوت چونکە داری زۆری دەسووتاند خوڵی زۆری هەبوو، ژنێک مینالێ ناو، خەڵکی دەرەتفێ، خێزانی مەحموود ناوێک بوو که بە مەحمووە کۆڵ بە ناوبانگ بوو. مینالێ بە جوانی و شۆخ و شەنگی ناوی دەرکردبوو. مینالێ جارجارە هاتووە خۆڵی لە مزگەوت بردووە کە بیکا بە سابوون. مامۆستا دەیەوێ بڕێ لەو شتانە کە لەو زەمانەدا باو بووە و ناوی ئەو کەسایەتییانەی ئەو سەردەمە تۆمار بکات. زۆر کەس لەو زەمانەدا ئەم شیعریانە لەبەر بووە... ++++++++++++++++++++++