شاعیر: قانع کتێب: دیوانی قانع سەرناو: نەسیم سەبارەت: نووسین: کەماڵ ڕەحمانی - دیوانی قانع، هۆنراوەی: شێخ محەممەد کابولی، کۆکردنەوەی: بورهان قانع، کەڕەتی چاپ: هەشتەم ١٣٩٣ انتشارات پانیذ، لاپەڕە ٣٢١. نەسیمی سوبحدەم هەڵکا لە بادی نەوبەهارم چی هەتا ناڵەی دەروونم بێ، لە دەنگی عود و تارم چی لە دوکانی خەیاڵاتم ئەگەر پارچەی غەزەل دانێم لەگەڵ غەوغایی کەللـەمدا، لە بازاڕ و لە شارم چی ئەگەر شاد بم بە ماچی لێوی یاری قەد چناری خۆم لە ئاوی کەوسەری سۆفی و لە حۆری لار و خوارم چی هەتا تاقی برۆی تۆ بێ لە بۆ سوجدەی سەحەرگاهم لە مزگەوتی کەچ و کوڕ و لە میحرابی کەنارم چی هەتا نووکی قەڵەم کار کا لە ئەوسافی وەتەن‌خواهان لە تەعریف شاهی قاجار و لە حوکمی تورک و تارم چی ئەگەر مشتێ لە خاکی کوردسانت دەس بدا بۆ من لە تەختی قەیسەری ڕۆم و لە تاجی زەڕنیگارم چی کە هات جەننەت بە ڕیش و پرچی چڵکن دەس کەوێ (قانع) لە هاوڕێی ڕیش وەکوو سابرێن و یابوی بەردەبارم چی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: فیکری لوقمانی سەبارەت: نووسین و ئامادەکردن: کەماڵ ڕەحمانی - دیوانی قانع، هۆنراوەی: شێخ محەممەد کابولی، کۆکردنەوەی: بورهان قانع، کەڕەتی چاپ: هەشتەم ١٣٩٣ انتشارات پانیذ، لاپەڕە ٢٦٨. گەرچی خۆم شێتی زەمانم، فیکرەکم لوقمانییە وەحشیی و سەرمەست و گێژم، خوڵقەکەم ئینسانییە گەر حەسەد لابەی خەیاڵم سەد ئەرەستوو پەست ئەکا قەت لە زاهیر تێ مەفکرێ، سووڕەتم شێخانییە هەر بەوا بمزانیایە، کاکی کوردم کەوتە ژێر لاوی خوێن گەرمم خەریکی ئیشی ناو کۆڵانییە مردنم چاکە عەزیزم، بێژەنی خوسرەو نژاد ئێستە مەحکوومی چەپۆکی جوولەکەی کاشانییە کوانێ ئەو بازە چریکەی سەد شەهێنی کەڕ ئەکرد؟ بۆچی لەقلەق خۆی ڕەئیسی چەشمە وو سەرکانییە؟ ناوی قانون و عەدالەت، وەک پڵاوی خانەقا ئیسمی بێ جیسمن سەراسەر کردەیی شەیتانییە چون زەمانە خۆی هەڵە و سەییارە تەبع و ئارەزووی 'قانعیش' گاهێ عیراقی، گاهـ گاهـ لوبنانییە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە سەرمایە، لە سەرمایە، لە سەرما شۆر و غەوغایە سەبارەت: نووسین و ئامادەکردن: کەماڵ ڕەحمانی - دیوانی قانع، هۆنراوەی: شێخ محەممەد کابولی، کۆکردنەوەی: بورهان قانع، کەڕەتی چاپ: هەشتەم ١٣٩٣ انتشارات پانیذ، لاپەڕە ٢٦٧. لە سەرمایە، لە سەرمایە، لە سەرما شۆر و غەوغایە لە گەرمانا، ئەگەر ما پێم بڵێن پیاوێکی ڕیسوایە تەبیعەت حوکم ئەکا مەجنوون ئەبێ هەر دەس به ئەژنۆ بێ ئەگەر لەیلی ببێ ئەمجا ئیتر بۆ شێت و شەیدایە؟ ! لەهەر خاکێ کەڕ و کوێر و بەڵەک لابەی لە ناوانا ئیتر ئەو خاکە کەی هەرگیز پەرۆشی بۆ مەسیحایە؟ ! بڵێن یادی بەخێر بێ، حاتەمی تەی سفرەکەی لابا کە برسی تێر بکەن ئەمجا خەیاڵی چی لە دڵدایە؟ ئەبێ یۆسف گەلێ مەمنوونی قانوونی غەرامی بێ کە ئاوێنەی جوانی ئەو دڵی شۆخی زولێخایە وەیا کوێخا ئەگەر شوان و سەپان و پینەچی دەرکا لە دێکەیدا ئیتر لای کێ ڕەئیس و مامە کوێخایە؟ ! بەسەر بەستی مەترسە پێ لە دەریای قووڵی بێ پەی نێ ئەگەر ناخوا١ لەگەڵتا ڕاس ئەکا، دڵپاک و ئاشنایە ١. ناخوا = کەشتیوان. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سەرم ناوێ سەبارەت: نووسین و ئامادەکردن: کەماڵ ڕەحمانی - دیوانی قانع، هۆنراوەی: شێخ محەممەد کابولی، کۆکردنەوەی: بورهان قانع، کەڕەتی چاپ: هەشتەم ١٣٩٣ انتشارات پانیذ، لاپەڕە ٣١٣. سەرم ناوێ کە فیزی بەگلەری و سەرداری بنوێنێ دەمم ناوێ کە تیکەی زل‌زلی تەنهایی بگلێنێ دە ڕەبی کەڕ ببێ گوێیێ نەبیسێ شینی هاوخوێنی! خوا، ئەو چاوە هەر کوێر بێ کە چاو بۆ خەڵقی هەڵبێنێ لچێ خوێنی فەقیری پێ مژن، یاڕەبی دابڕزێ زمانێ بەد بڵێ، هێندە بماسێ خێوی خنکێنێ! دە بەسراوی کەلەبچەی دەستی زاڵم بۆ نەبێ دەستێ کە ئەو دەستە بەشی بێ دەستەڵاتێ بگرێ، بڕفێنێ؟ ! لە کۆتی حاکما ڕەبی، بمێنێ تا دوا عومری قول‌وقاچێ کە بۆ هاواری خەڵقی سستی بنوێنێ وەرە بنواڕە، کاکم لافی خەمخۆری منی لێدا کەچی بۆ تاکە یەک ئانە سەری سەد وەک من ئەشکێنێ نەبوو دەستێ لە کوردستانەدا بێ پارەوو ئوممێد کە پشتێ بێ سەر و پێیێ بە دڵسۆزانە بخورێنێ نیزامی عالەمی هێندە بەلاری دێتە بەر چاوم ئەگەر سەد جارە پینەی کەن، ئەپچڕێ و تازە نامێنێ مەگەر دەستی تەبیعەت وەرگەڕێ و بیخاتە سەر بارێ کە ڕیشەی ئەهلی ئەم عەسرە بە دەستی جەور دەربێنێ لە پاشان دایکی ئەم خاکە، کوڕێکی تازە پەیدا کا ئەویش تێکۆشێ وەک "قانع" براکانی بلاوێنێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: جەژنی قوربان (٢) سەبارەت: دیوانی قانع، هۆنراوەی: شێخ محەممەد کابولی، کۆکردنەوەی: بورهان قانع، کەڕەتی چاپ: هەشتەم ١٣٩٣ انتشارات پانیذ، لاپەڕە ٢٠٨. - نووسین و ئامادەکردن: کەماڵ ڕەحمانی وەرە قوربان لە سەیری جەژنی قوربان کە سەیری وای نەدیوە ڕوویی دەوران لە شەوالا وتی پێم دایکی منداڵ موهەییابە لەبۆ تەجهیزی قوربان نەوەک ئەم جەژنی ڕابوردووم بە سەربێ بە کاسەی ڕەش لەگەڵ کۆشێ مناڵان بەوەڵڵا سیی غەرام ڕۆنم ئەوێ لێت لەگەڵ مشتێ برنجی بێ دڕ و دان چڵێ پیاز و لەوێچێ نۆکەڕەشکە دووسێ دانە هەڵووژەی کۆنی ساڵان نەڵێی هەرزن هەیە بۆ نانی جەژنت کولێرەی جۆم ئەوێ بۆ نانی دیوان ئەمانە پێم وتی نەیخەیتە پشت گوێ ئەگەر نایکەی ئەڕۆمۆ بۆ مەریوان١ وتم: خانم لە ڕێی جوانی و لەقای خۆت عەفوو فەرموو بڕ و بیانووی فراوان کە من ناوی مەلایی تەوقی ملمە چ تەکلیفێ ئەکەی ئەی شێتی نادان ئەگەر من موقتەدیر ڕۆن و برنج بم بە قانع چۆن ئەبم مەشهووری دەوران؟ خولاسە هاتە سەر چنگ دایکی منداڵ لە چاوی بەد بە دوور بێ، دێوی مەیدان تەکانی دا هەڵیگرت کلکەبێڵێ گەهی زرمە لەسەرمۆ، گاهێ ناوشان لە زرمەی لیس و قیژە و باوکەڕۆی من شڵیژان خەڵک و بەرئاوسێ هەموویان سوئالیان کرد: چیە ئەم زرم و کۆیە؟ وتم: فریاکەون ئەهلی موسوڵمان کە حاڵی بوون لەسەر ئەسپابی جەژنە برنج و ڕۆنیان پێدام بە ئیحسان دە جەژنی وا خوا نەیدا بە هیچ کەس موبارەک با نەبێ تا خەتمی دەوران ١. ماڵی باوکی خێزانەکەی لە مەریوان بووە. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئیشی هونەر سەبارەت: دیوانی قانع، هۆنراوەی: شێخ محەممەد کابولی، کۆکردنەوەی: بورهان قانع، کەڕەتی چاپ: هەشتەم ١٣٩٣ انتشارات پانیذ، لاپەڕە ٢٦٥. - نووسین: کەماڵ ڕەحمانی تێ‌بفکرێ کە سەراسەر هەموو ئیشم هونەرە ڕەمز و مەعنای کەلامم بە حەقیقەت گەوهەرە هیمەتم عالییە، ئەمما چ بکەم کیسەتوهی١؟ ! بازی تەڕلان و تەوارە کە بەبێ باڵ و پەڕە خەو لەگەڵ ئەشکی خەما هاتوو لە چاوم ڕۆیی نەگەڕاوە، بە گومانم لەگەڵی هاوسەفەرە نیگەهی چاوت ئەگەر جەرگی منی کون کون کرد تیری موژگانت حەکاک و بۆ عەقیقم جگەرە لە بیابانی فەنا، بۆ سەفەری مڵکی عەدەم پێ بەسەر، سەر بە قەدەم لێدە بڕۆ، بێ‌خەتەرە سەگ‌مەگەس وار لە دەوری سەگەکەت دێمە تەواف خاکی ژێر پێی سەگەکەت بۆ مەگەسی دڵ شەکەرە سینەکەت خاڵییە 'قانع'، دڵەکەت شوێنی نییە لای چ شۆخێکە دڵت ئێستە وەها بێ‌ئەسەرە؟ ! ١. کیسەتوهی: کیسە خاڵی، گیرفانی ئەوی پووڵە تێیدا نییە. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خوێندن سەبارەت: دیوانی قانع، هۆنراوەی: شێخ محەممەد کابولی، کۆکردنەوەی: بورهان قانع، کەڕەتی چاپ: هەشتەم ١٣٩٣ انتشارات پانیذ، لاپەڕە ٢٦٩. - نووسین: کەماڵ ڕەحمانی تۆکە بابی، کوڕەکەت عیلمێ بخوێنێ چاکە عالەمی جاهل لە لای من بە مەسەل خاشاکە وەرە بنواڕە لە کوردا ئەوە وا عیلمی نییە حاملی کوولەکە و زەرگ و دەف و مەششاکە١ بەرلەوا عیلمی حەق و شەرع و حەدیس و قورئان جا لە پاشا لە سەنایع بە دڵت کام چاکە پینەچی گەر بە تەزەللوم لە وەتەن دوورۆ کەوێ لە هەموو لایێ بە سایەی عەمەلۆ بێ‌باکە کوڕی پاشا لە غەریبی بە ئومێدی نانێ وا پەشێوە کە ئەڵێی گێژی خەمی تلیاکە ئەوەی عیلمی هەیە دایم بە دەماخ و شەوقە ئەوی عیلمی نییە چاوی بە ئەبەد نمناکە قانعی چۆن عەمەل و عیلمی نییە بێ ئەسەرە سەد هەزار دەفعە ئەڵێ خۆزگە بەوەی حەککاکە ١. ئەمانە کەرەسە و کەل‌وپەلی سواڵ کردن بوون. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: وزەی کۆنە پەرستی سەبارەت: ئەم شیعرە ساڵی ١٩٤٣ لەمەریوان وتراوە - نووسین: موحەممەد فەتحی - @mamosta_qani جووتیاری ئەم وڵاتی ئێمەیەدوچاری خەم بووە گیرۆدەی هەژاری و غەرقی ستەم بووە ئاغا بە نووکی نێزەوە و پاڵپشتی حوکمی ڕۆژ خوێنی هەژار و بێکەسی پێخۆری ژەم بووە ئەمڕۆش بە پێچەوانەی ئاواتی ئەم گەلە دوژمن لە کوردەواریا خەریک زیل و بەم بووە ئاغا خەریکی شادی و ئاهەنگ و خواردنە ڕەنجی فەلاحی ماندووە لە ناو کۆشکی جەم بووە ڕازاوەیە و جوانە هەموو دیوەخانی میر خانووی فەلاحی قوڕبەسەریش نوقمی تەم بووە خەڵاتی نۆشە ڕەنجی فەلا بۆ بەگی... . س ڕەنجی هەژاری دزیوە ئەگەر زۆر و کەم بووە بێگار و خەرج و سەرانە هەموو عورف و عادەتن سوورانە ئەرک و باری گرانی ئەلەم بووە قانوونی ئەم زەمانەیە، گەرنا بە یک ساعەت کۆشکی جەنابی میرە کە وا تەختی چەم بووە دیوانی میر و مامەڵەی کچی جووتیاری قوڕبەسەر زۆر سەیرە شەرمی نەماوە بە بازاڕی زەم بووە نیزامی ئێستەیە باڵی فەلاحی جەڕاندووە گەر نا دیاری بۆ بەگ و میر مەرگ و سەم بووە قانع بە ئاشکرا بە ڕەش و ڕووتی کورد ئەڵێ: باوی نەماوە ئەم نیزامە، دوچاری وەرەم بووە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خزمەتکاری خراپ سەبارەت: نووسین: موحەممەد فەتحی - @mamosta_qani ساڵێ کابرایەک کردی بێستانێ لە گوێ چەمێکا، لە زیخەڵانێ بێستان چاک هەڵکەوت، کاڵەکی گەورە بێستان وەها نەبوو لەو دەورە بارێ کاڵەکی برد بۆ ئاغادێ بەڵکوو خەڵاتی چاکی بداتێ ئاغادێ پیاوێ قاپیوانی بوو لە سەگ خەراپتر، پاسەوانی بوو یەخەی کابرای گرت، وتی ڕێ نییە ئاغا نووستووە، خەیاڵت چییە؟ کابرا بە ئومێد نەگەڕایەوە کەر بە بارەوە ئەسووڕایەوە قاپیوان وتی بە کابرای فەقیر لە ڕێی خودادا بۆت ئەکم تەکبیر سەنەد بنووسە خەڵات و بەرات ئاغا هەرچی دا نیوەی بە من گات کابرا ناعیلاج سەنەدی نووسی ئێتر قاپیوان هیچ لێی نەپرسی چووە لای ئاغا کاڵەکی دانا شێوەی بچووکی چاک بە جێهێنا ئاغا دەستی برد چوار دینار پارە بەراتی فەرموو بۆ ئەو بێچارە کابرا عەرزی کرد نامەوێ قوربان ئەم چوار دینارە ئەکەم بە سنان هەتا دە دینار ئاغا هەر بۆی چوو فەقیر هەر ئەیویست! ئاغا تووڕە بوو کابرا عەرزی کرد بۆیە هاتمە لات سەد شەقم کەوێ لە جیاتی بەرات ئاغا ئەمری کرد وەرن تێی هەڵدەن بەهیچ کلۆجێ ڕەحمی پێ مەکەن پەنجایان لێدا زۆر چاک بەهەوەس سەر پەنجاویەکە فەقیر وتی: بەس ئەو پەنجاکەی تر لەبۆ قاپیوان سەنەدمان داوە لە بەینی خۆمان ئاغا تەماشای سەنەدەکەی کرد قاپیوانی گرت زوو بە دەست و برد پەنجای تێ هەڵدا لەباتی حەق خۆی پەنجای زیادەی حەواڵەی کرد بۆی لەپاش سەد شەقە لەوێ دەرکرا قاپیوانێ تر لە جێی دانرا فەقیر و هەژار هەموو ڕزگار بوو خاوەن کاڵەکیش بەخۆشی دەرچوو هەر خزمەتکارە ئیشی وا ئەکات ئابڕووی سەد ساڵەی ئاغای خۆی ئەبات لازمە لەسەر ئاغای ساحێب ماڵ خۆی تەماشا کا لە حاڵ و ئەحواڵ ئەوا سێسەد دێ موڵکی ئاغا بێ لە نیوەی ساڵا بۆ نان دامابێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: گەڵباخی سەبارەت: نووسین: موحەممەد فەتحی - @mamosta_qani ئەی میللەتی گەڵباخی زەدەی دەستی نەدامەت! ئەی مەنشەئی ئیحسان وکەرەم بەحری سەخاوەت! کوا ڕەونەقی دێرینە لەسەر بەزمی عەباست؟ کوا شۆڕشی مەیدانی عەلی شێری شەجاعەت؟ کوانێ قولی وکوا ئەسەد و کوانێ موحەممەد؟ هەرسێ خەلەفی یاری خوان کانی کەرامەت تا دوێ بوو یەقین مەسکەنی تۆ خاکی زەهاو بوو بۆ ئێسته وەها ماتی لە ژێر باری سیاسەت کوا کەشمەکەشی دەشتی کرن خوتتەیی شێخان ئەفسووسه لە بۆ ئێوه، هەتا ڕۆژی قیامەت ئەو وەخته نەبوو توخمی نیفاق و شەڕ و شۆڕش بۆیه کە هەموو دوژمنی خۆت هاتە ئیتاعەت بۆ سەر کزیی ئەم هۆزه دلێره وەکوو قانع ڕوو زەرد و سەر ئەفکەنده له ژێر باری قەباحەت ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سنوورەکەم سەبارەت: نووسین: موحەممەد فەتحی - @mamosta_qani کوردستان بەهەشت سەر ڕووی زەمینە بێشەی شێرانی خاوەن نگینە دار و بەردەکەی چەشنی گەوهەرە ئاو و سەرچاوەی عەینی کەوسەرە وەسفی کوردستان قەت تەواو نابێ توولی نادەمێ ئیتر کۆتابێ بەڵام سنووری بەبێ زیاد و کەم بۆت بەیان ئەکەم بە بێ دەرد و خەم بە پێی نووسینی جوگرافیاکان تەرەفی غەربی بۆت ئەکەم بەیان لەکێوی توورووس تا ئەسکەندەروون هەتا بەحری ڕەش بەبێ چەند و چوون تەرەفی شیمال هەر لە بەحری ڕەش هەتا ئاردەهان بەبێ غەل و غەش لە ئاردەهانۆ بۆ ئاوی ئاراس ئەمە شیمالە، بە عیلمی قیاس تەرەفی شەرقی لە کێوی ئەلوەند تا گۆلی ورمێ، بەبێ چوون و چەند بچێتۆ ئاراس، گشت ڕۆژهەڵاتە ئەمە مەشریقی کوردستاناتە لەکێوی ئەلوەند تا جەبەل حەمرین ئەهواز و ژەنگار، پارچەی نسیبین ئەمە جنووبە، چاکی بزانە ناو ئەم سنورە خاکی کوردانە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دیتنی ئاڵا سەبارەت: نووسین: موحەممەد فەتحی - @mamosta_qani سەد شوکور وا من نەمردم، تا کە دیم ئاڵای کورد کەوتە بەر چاووم بەبەرزی، سوورەت و سیمای کورد بازبوو، دوورابوو دیدەی نەرگسی شەهلای کورد مژدەبێ ئەمڕۆ کە بەربوو، چاوی پڕ بینای کوردد هەر بژی ئاڵای کوردو، پێشەوای زانای کورد چەن زەمانێکە ئەسیر و ژێر چەپۆکەی عالەمن سەرکز و بێ قیمەتی بەرچاوی زادەی ئادەمن دیلی زیندانی نەزانین، مەستی بادەی ماتەمن بانگ کەنە یەکتر هەمووتان، چونکە ئەمڕۆ بێ خەمن هەر بژی ئاڵای کوردو، پێشەوای زانای کورد بانگ کەنە ئەڕواحی پاکی ئەردەڵانی نەڕەشێر یا بڵێن کاوە لە کوێی؟ ڕۆژی هەزار یادت بەخێر بێننە بەر چاوی خۆتان، هەڵمەتی زەندی دلێر هەر بڵێن ئەم شیعرە ئەهلی کۆهسار و گەرمەسێر هەر بژی ئاڵای کوردو، پێشەوای زانای کورد قەت لەبیرت نەچێ کوردە، زڕەی زنجیری پێت تۆ تەماشاکە، لەدەس بێگانەگان چی هاتە ڕێت کوانێ بابی گۆڕ غەریب و؟ مامەکەی بێ شوێن و جێت؟ کوردە چۆن تۆ دڵ برینی، شل کەبۆ ئەم شیعرە گوێت هەر بژی ئاڵای کوردو، پێشەوای زانای کورد نەوبەتە، باراشت لێکە، ئاشی گێتی کەوتە گەڕ شێر نەترساوە لەبەزم و شۆڕشی مەیدانی شەڕ گوێ نەدەی هەرگیز بەهاشەو هوشەیی ئەربابی زەڕ هەڵگرە ئەم دەستە شیعرەو دابنێ سەد سەوڵی تەڕ هەر بژی ئاڵای کوردو، پێشەوای زانای کورد سەدشوکور، وا ئەرزڕۆم و، وان و بتلیس و چەچان دەستی دایە دەستی هەرکی، کوردی زازاوو بەبان شاری خەرپوت و جەزیرەو مەنتیقەی بەرزانیان با، بە بەستەو چەپڵە بێژن، دەم بە دەم شام و بەیان هەر بژی ئاڵای کوردو، پێشەوای زانای کورد خانەقین مژدەی ئەدا، ئەمڕۆ بە دیاربەکرو هەرات پێچەوانەی دەوری پێشوو، ڕۆژ لە شیمالۆ هەڵات سەیری تیشکی کە! چلۆن ڕووناکی خستە سەر وڵات؟ ئەم وتارە بیری دڵ بێ، چاکە بۆ ڕێگەی نەجات هەر بژی ئاڵای کوردو پێشەوای زانای کورد * لەکاتێکدا کەلە کۆماری مەهاباد بووە ئەم شیعرەی داناوە. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خەونێک لەدەروونما سەبارەت: نووسین: موحەممەد فەتحی - @mamosta_qani دوێنێ لە سەعات پێنج و شەشی شەو لەسەر جێ نووستم، چاووم چووە خەو ڕێم کەوتە چۆڵێ، دەشتێکی بێ ئاو تیا دانرا بوو، قەنەفە شکاو هەنارە کۆڵەو، دوو بن سێفە تاڵ وەک هەنارەکان [دەربەن کەڕەجاڵ] شیرێکی ترشاو، هەنگوینی کۆنە هەر من ئەزانم، تامیان چلۆنە؟ تێکەڵ و پێکەڵ لەویا ڕژا بوو زەردەواڵە و مێش، تێی ورۆژابوو چەن پیرەژنێ چڵکن و پڵکن کەپوولە نەماو، بناگوێ کوڵکن لامل چرچ و لۆچ، هەموو کووڕەپشت خۆیان ئەدۆزی و ئەسپێ یان ئەکوشت ڕیزێ کۆڵیتی هەیوان گێج خواردوو دیوار داڕووخاوو، بێ دارو پەردوو پرسیم لە پیاوێ زادەی ئەو جێیە کاکەگیان ئەمە خێڵە یان دێ یە؟ ! وتی: قوڕ بەسەر، ئەمە جینانە جێی مەلا و دەروێش، سۆفی و شێخانە وتم: خۆ بەهەشت خۆشی مەشوورە! ئەمە بۆ وێران، وەک شارەزوورە؟ ! وتی: بۆیەکا، وا داڕزاوین هەزاران ساڵە، دروست کراوین کارەبا نەبوو، گەرچەکمان سووتان سەیارە نەبوو، بەکەر ئەگەڕان کاتێ کارەبا هاتە ڕووی دنیا ئێمەش بۆ تەعمیر، عەرز وحاڵمان دا مدیری بەهەشت، وەکیلی گشتە کە چارەنووسی ئێمەی لە مشتە ئەو ڕازی نەبوو بە عیلمی کافر عەرز و حاڵەکەی خستە ناو ئاگر نوێنەرمان چووە خزمەتی مدیر سکاڵایان کرد، لەبارەی تەعمیر مدیریش فەرمووی سەیرتان لایە داخوازی ئێوە لام کاوو بایە خەستەخانەی چی؟ چۆن دائەمەزرێ؟ موختەبەری خوێن، کەڵکی کێ ئەگرێ؟ حەبی (گەور کرد! )کەی بۆ ئیسلامە؟ (ئەبوودووجانە)بۆ خاس و عامە چیمەنتۆ و شیش و کارەبای بێ فەڕ لەناو بەهەشتا قەت ناکەونە گەڕ بۆ داواناکەن، بۆ زەرگ و شمشێر؟ یەکتر سەربڕن، وەکوو بەرخی نێر!! ئێوە چیتانە لە پردو جادە تەپڵ و بیداختان بکەن ئامادە خانووی کۆنکرێت بەکارتان نایە هی کافرەکانی سەر ڕووی دنیایە ئیجازەی مار و دووپشک داواکەن ڕادیۆ و تەلسزو خوێندن ڕیسواکەن وەفد گەڕایەوە بەدڵ یەشاوی بەسەرگەردانی و بە لێ قەوماوی ڕاچەنیم لە جێ کەڕوانیم شەوە بۆم ئاشکرابوو، چیم دیووە خەوە... ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کوڕ ئەبێ چۆن بێ سەبارەت: نووسین: موحەممەد فەتحی - @mamosta_qani کوڕ ئەبێ جێگەی شاخ و بن بەرد بێ ڕەنگ زەرد و زایف هەناسە سەرد بێ خەمبار و پەشێو سەرسام و بێ رەنگ بێ کەیف ودەماخ وەک نەقشی ڕوی سەنگ وەک پڵنگ چابک، وریا وەک ڕەشمار بە زاهیر سەرکز وەک مەردە موردار مردن و ژیان لە لای یەکسان بێ بۆ بە جێماوی پیشەی گریان بێ زۆر چاک تێکۆشێت بۆ بەرزی هۆزی خۆ بکات بە قوربان بۆ خاکی کۆزی هەتا ئەتوانێ دەس هەژار بگرێ سارد نەبێتەوە هەتاکوو ئەمرێ جەنگ لابا لە ناو برادەرانی ئاشتی خاتە بەین کەس و کارانی هێندە تێکۆشێت چاک خوێندەوار بێ لە ڕێی ئازادی زرنگ و هۆشیار بێ وڵات نەفرۆشێ ببێ بە جاسوس پارە وەرنەگرێ لە باتی نامووس خۆی پڵاو نەخوا و برای نانی جۆ فاسۆن نەپۆشێ و براکەی پەڕۆ خەمی تێکەڵاو خەمی یاران بێ پڵنگی نەبەز لە ڕووی مەیدان بێ ژیانی گەلی نەدا بە پارە لەسەر حەق بڕوا بۆ ژێر قەتارە زیندان لە لایا باخ و بێستان بێ بەرزی یا نزمی لەلای یەکسان بێ ئەوسا پێی ئەڵێم، کوری جوانە شێری بێچوە شێر، بێشەی نیشتمانە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئادەمیزاد وەکوو گوڵاڵەیە سەبارەت: نووسین: موحەممەد فەتحی - @mamosta_qani بازێ گوڵ بێ بۆن، بەڵام جوانە تەماشای ئەکەیت، پڕ چنگێ پانە ئەو گوڵە چونکە هیچ عەتری نییە هیچ کەس نایەوێ فائیدەی چییە؟ مەگەر مناڵێ بێ عەقڵ و کاس بێ هەتا سیس ئەبێ بەلایۆ خاس بێ بەڵام هەر گوڵێ خاوەنی بۆنە خاوەن حورمەتە تازە یا کۆنە هەتا تازەیە گوڵی مەجلیسە ئەکرێ بە گوڵاو وەختێ کەسیسە وەختێ عەتر ئەدەی لەسەر و سەر دڵ هەزار ڕەحمەتیش ئەنێری بۆ گوڵ پیاوی وا هەیە خاوەن جەماڵە ئەمما حەیف سەد حەیف، زۆر بێ کەماڵە هیچ کەس نایەوێ بە خێری مردوو مەگەر نەزانێ، عەقڵ نەگرتوو زۆری وایش هەیە کە ناشرینە بەڵام لە فیکرا عەقڵی تەئمینە ئەوە واجبە سەری بۆ دانێی ڕۆحت دەر بێنی بیخەیتە بەر پێی چون ڕۆژێ ئەبێ بە عەقڵ و ئەرکان نەجاتت بدات لە گێژی تۆفان بەڵام لە کوردا ئەم بیرە نییە ئیتر نووسینی فائیدەی چییە؟ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: چاوی یار سەبارەت: نووسین: موحەممەد فەتحی - @mamosta_qani چاو لە عیشقی چاوی مەستی، حەز لەهەر پەروین ئەکا دەم بەیادی لێوی زەوقی تاڵی خۆی شیرین ئەکا من بەبێ ئومێدی وەسڵی بێستوونە مەسکەنم ئەو بەبێ پەرویز و شێرۆ، نازشی شیرین ئەکا داغمەی دەردی فیراقت، شینە بۆیە شین ئەکەم بوردەباری باری میحنەت، شین نەکا چۆن شین ئەکا بولبلی گوڵزاری کوڵمی تۆ کە ڕۆحی عاشقە کەی خەیاڵی ژاژوپەڕ، یا سۆسەن و نەسرین ئەکا؟ چینی زوڵفی خاوی چین چینت بخەیتە گەردنێ گەپ بە لەعلی ئاوودارو، تف لە چینی چین ئەکا تۆ کەقەسری جەننەتە ڕوت، فەرموو سا بۆ ڕوتی ڕوت ٲدخلوها قانعین، ئەگریجەکەم پەرژین ئەکا گەر ڕەقیب مەنعم بکا بۆ گیان فیدایی قاسیدت ڕۆستەمی مەیدانی عیشقت، چۆن بەگوێی گورگین ئەکا؟ ئەی شەهەنشاهی سەریری تەخت و هەر حوسن و جەمال حەیفە بۆ تۆ حاکمی چاوت دڵم خەمگین ئەکا هاتفی دوێنێ وتی: (طوبی لک) یا [قانعی]! تۆ شەهیدی یاری، واعیز سەهوەکا تەڵقین ئەکا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شیوەن بۆ فایەق بێکەس سەبارەت: ١٩٤٩ی زایینی - نووسین: موحەممەد فەتحی - @mamosta_qani دیسان هەوری خەم وەک جاری جاران خەم ئەبارێنێ لە باتی باران ناڵەو چەخماخەو بروسکەی لەدوور هانی و ڕژانی لەسەر شارەزوور دای لە بنچینەی زانینی کوردان قوڕی دا بەچاو دەستەی هام فەردان قەڵەمی لەدەس فایەق خستەخوار لە دنیا دەرچوو بێکەسی هەژار بڵێن بەگوڵان هەر دیلی خاک بن لەمن خراپتر دیدە نمناک بن گۆیژە هەر بگری تا ئاخر زەمان کێ بیلاوێنێ بە ئەشعاری جوان؟ با پیرە مەگروون پیر و زویر بێ تا ڕۆژی مەحشەر ئەوی لە بیر بێ چونکە دوای بێکەس، بێکەس ئەکەوێ کەس ناوی نابا و هیچ کەس نایەوێ زەڵم و تانجەڕۆ بێنە سەر گریان لافاوی فرمێسک بەرن بۆ سیروان بڵێن شاعیری هۆزی کوردان ڕۆ لە شەشی ئەیلوول شێری مەیدان ڕۆ کاتێ، کە بیستم دایکی خاکی ڕەش شاعیری وەهای گرتۆتە باوەش بۆ ڕۆژی فەوتی نەویم لە قەڵەم بە چاوی تەڕو دڵەی پڕ لە خەم گوێم گرت کوردستان بە شین و زاری بە هەیڕۆ هەیڕۆ و بەبێ قەراری ڕوانیم قەڵەمی گەرتووە لە دەس مێژوو ئەنووسێ، بۆ [فایەق بێکەس] شەوی یەکشەممە لە هەژدەی سەفەر لە نۆزدەی کانوون لە کۆڕ چووە دەر بە پیتی ئەبجەد، نووسی بۆ کوردان [خوێن ئەبارێنێ، ئاسمانی نیشتمان] ++++++++++++++++++++++