شاعیر: قانع کتێب: دیوانی قانع سەرناو: خزمەتکاری خراپ سەبارەت: نووسین: موحەممەد فەتحی - @mamosta_qani ساڵێ کابرایەک کردی بێستانێ لە گوێ چەمێکا، لە زیخەڵانێ بێستان چاک هەڵکەوت، کاڵەکی گەورە بێستان وەها نەبوو لەو دەورە بارێ کاڵەکی برد بۆ ئاغادێ بەڵکوو خەڵاتی چاکی بداتێ ئاغادێ پیاوێ قاپیوانی بوو لە سەگ خەراپتر، پاسەوانی بوو یەخەی کابرای گرت، وتی ڕێ نییە ئاغا نووستووە، خەیاڵت چییە؟ کابرا بە ئومێد نەگەڕایەوە کەر بە بارەوە ئەسووڕایەوە قاپیوان وتی بە کابرای فەقیر لە ڕێی خودادا بۆت ئەکم تەکبیر سەنەد بنووسە خەڵات و بەرات ئاغا هەرچی دا نیوەی بە من گات کابرا ناعیلاج سەنەدی نووسی ئێتر قاپیوان هیچ لێی نەپرسی چووە لای ئاغا کاڵەکی دانا شێوەی بچووکی چاک بە جێهێنا ئاغا دەستی برد چوار دینار پارە بەراتی فەرموو بۆ ئەو بێچارە کابرا عەرزی کرد نامەوێ قوربان ئەم چوار دینارە ئەکەم بە سنان هەتا دە دینار ئاغا هەر بۆی چوو فەقیر هەر ئەیویست! ئاغا تووڕە بوو کابرا عەرزی کرد بۆیە هاتمە لات سەد شەقم کەوێ لە جیاتی بەرات ئاغا ئەمری کرد وەرن تێی هەڵدەن بەهیچ کلۆجێ ڕەحمی پێ مەکەن پەنجایان لێدا زۆر چاک بەهەوەس سەر پەنجاویەکە فەقیر وتی: بەس ئەو پەنجاکەی تر لەبۆ قاپیوان سەنەدمان داوە لە بەینی خۆمان ئاغا تەماشای سەنەدەکەی کرد قاپیوانی گرت زوو بە دەست و برد پەنجای تێ هەڵدا لەباتی حەق خۆی پەنجای زیادەی حەواڵەی کرد بۆی لەپاش سەد شەقە لەوێ دەرکرا قاپیوانێ تر لە جێی دانرا فەقیر و هەژار هەموو ڕزگار بوو خاوەن کاڵەکیش بەخۆشی دەرچوو هەر خزمەتکارە ئیشی وا ئەکات ئابڕووی سەد ساڵەی ئاغای خۆی ئەبات لازمە لەسەر ئاغای ساحێب ماڵ خۆی تەماشا کا لە حاڵ و ئەحواڵ ئەوا سێسەد دێ موڵکی ئاغا بێ لە نیوەی ساڵا بۆ نان دامابێ ++++++++++++++++++++++