شاعیر: قانع کتێب: دیوانی قانع سەرناو: لە سەرمایە، لە سەرمایە، لە سەرما شۆر و غەوغایە سەبارەت: نووسین و ئامادەکردن: کەماڵ ڕەحمانی - دیوانی قانع، هۆنراوەی: شێخ محەممەد کابولی، کۆکردنەوەی: بورهان قانع، کەڕەتی چاپ: هەشتەم ١٣٩٣ انتشارات پانیذ، لاپەڕە ٢٦٧. لە سەرمایە، لە سەرمایە، لە سەرما شۆر و غەوغایە لە گەرمانا، ئەگەر ما پێم بڵێن پیاوێکی ڕیسوایە تەبیعەت حوکم ئەکا مەجنوون ئەبێ هەر دەس به ئەژنۆ بێ ئەگەر لەیلی ببێ ئەمجا ئیتر بۆ شێت و شەیدایە؟ ! لەهەر خاکێ کەڕ و کوێر و بەڵەک لابەی لە ناوانا ئیتر ئەو خاکە کەی هەرگیز پەرۆشی بۆ مەسیحایە؟ ! بڵێن یادی بەخێر بێ، حاتەمی تەی سفرەکەی لابا کە برسی تێر بکەن ئەمجا خەیاڵی چی لە دڵدایە؟ ئەبێ یۆسف گەلێ مەمنوونی قانوونی غەرامی بێ کە ئاوێنەی جوانی ئەو دڵی شۆخی زولێخایە وەیا کوێخا ئەگەر شوان و سەپان و پینەچی دەرکا لە دێکەیدا ئیتر لای کێ ڕەئیس و مامە کوێخایە؟ ! بەسەر بەستی مەترسە پێ لە دەریای قووڵی بێ پەی نێ ئەگەر ناخوا١ لەگەڵتا ڕاس ئەکا، دڵپاک و ئاشنایە ١. ناخوا = کەشتیوان. ++++++++++++++++++++++