شاعیر: قانع کتێب: دیوانی قانع سەرناو: شیوەن بۆ فایەق بێکەس سەبارەت: ١٩٤٩ی زایینی - نووسین: موحەممەد فەتحی - @mamosta_qani دیسان هەوری خەم وەک جاری جاران خەم ئەبارێنێ لە باتی باران ناڵەو چەخماخەو بروسکەی لەدوور هانی و ڕژانی لەسەر شارەزوور دای لە بنچینەی زانینی کوردان قوڕی دا بەچاو دەستەی هام فەردان قەڵەمی لەدەس فایەق خستەخوار لە دنیا دەرچوو بێکەسی هەژار بڵێن بەگوڵان هەر دیلی خاک بن لەمن خراپتر دیدە نمناک بن گۆیژە هەر بگری تا ئاخر زەمان کێ بیلاوێنێ بە ئەشعاری جوان؟ با پیرە مەگروون پیر و زویر بێ تا ڕۆژی مەحشەر ئەوی لە بیر بێ چونکە دوای بێکەس، بێکەس ئەکەوێ کەس ناوی نابا و هیچ کەس نایەوێ زەڵم و تانجەڕۆ بێنە سەر گریان لافاوی فرمێسک بەرن بۆ سیروان بڵێن شاعیری هۆزی کوردان ڕۆ لە شەشی ئەیلوول شێری مەیدان ڕۆ کاتێ، کە بیستم دایکی خاکی ڕەش شاعیری وەهای گرتۆتە باوەش بۆ ڕۆژی فەوتی نەویم لە قەڵەم بە چاوی تەڕو دڵەی پڕ لە خەم گوێم گرت کوردستان بە شین و زاری بە هەیڕۆ هەیڕۆ و بەبێ قەراری ڕوانیم قەڵەمی گەرتووە لە دەس مێژوو ئەنووسێ، بۆ [فایەق بێکەس] شەوی یەکشەممە لە هەژدەی سەفەر لە نۆزدەی کانوون لە کۆڕ چووە دەر بە پیتی ئەبجەد، نووسی بۆ کوردان [خوێن ئەبارێنێ، ئاسمانی نیشتمان] ++++++++++++++++++++++