شاعیر: قانع کتێب: دیوانی قانع سەرناو: خەونێک لەدەروونما سەبارەت: نووسین: موحەممەد فەتحی - @mamosta_qani دوێنێ لە سەعات پێنج و شەشی شەو لەسەر جێ نووستم، چاووم چووە خەو ڕێم کەوتە چۆڵێ، دەشتێکی بێ ئاو تیا دانرا بوو، قەنەفە شکاو هەنارە کۆڵەو، دوو بن سێفە تاڵ وەک هەنارەکان [دەربەن کەڕەجاڵ] شیرێکی ترشاو، هەنگوینی کۆنە هەر من ئەزانم، تامیان چلۆنە؟ تێکەڵ و پێکەڵ لەویا ڕژا بوو زەردەواڵە و مێش، تێی ورۆژابوو چەن پیرەژنێ چڵکن و پڵکن کەپوولە نەماو، بناگوێ کوڵکن لامل چرچ و لۆچ، هەموو کووڕەپشت خۆیان ئەدۆزی و ئەسپێ یان ئەکوشت ڕیزێ کۆڵیتی هەیوان گێج خواردوو دیوار داڕووخاوو، بێ دارو پەردوو پرسیم لە پیاوێ زادەی ئەو جێیە کاکەگیان ئەمە خێڵە یان دێ یە؟ ! وتی: قوڕ بەسەر، ئەمە جینانە جێی مەلا و دەروێش، سۆفی و شێخانە وتم: خۆ بەهەشت خۆشی مەشوورە! ئەمە بۆ وێران، وەک شارەزوورە؟ ! وتی: بۆیەکا، وا داڕزاوین هەزاران ساڵە، دروست کراوین کارەبا نەبوو، گەرچەکمان سووتان سەیارە نەبوو، بەکەر ئەگەڕان کاتێ کارەبا هاتە ڕووی دنیا ئێمەش بۆ تەعمیر، عەرز وحاڵمان دا مدیری بەهەشت، وەکیلی گشتە کە چارەنووسی ئێمەی لە مشتە ئەو ڕازی نەبوو بە عیلمی کافر عەرز و حاڵەکەی خستە ناو ئاگر نوێنەرمان چووە خزمەتی مدیر سکاڵایان کرد، لەبارەی تەعمیر مدیریش فەرمووی سەیرتان لایە داخوازی ئێوە لام کاوو بایە خەستەخانەی چی؟ چۆن دائەمەزرێ؟ موختەبەری خوێن، کەڵکی کێ ئەگرێ؟ حەبی (گەور کرد! )کەی بۆ ئیسلامە؟ (ئەبوودووجانە)بۆ خاس و عامە چیمەنتۆ و شیش و کارەبای بێ فەڕ لەناو بەهەشتا قەت ناکەونە گەڕ بۆ داواناکەن، بۆ زەرگ و شمشێر؟ یەکتر سەربڕن، وەکوو بەرخی نێر!! ئێوە چیتانە لە پردو جادە تەپڵ و بیداختان بکەن ئامادە خانووی کۆنکرێت بەکارتان نایە هی کافرەکانی سەر ڕووی دنیایە ئیجازەی مار و دووپشک داواکەن ڕادیۆ و تەلسزو خوێندن ڕیسواکەن وەفد گەڕایەوە بەدڵ یەشاوی بەسەرگەردانی و بە لێ قەوماوی ڕاچەنیم لە جێ کەڕوانیم شەوە بۆم ئاشکرابوو، چیم دیووە خەوە... ++++++++++++++++++++++