شاعیر: قانع کتێب: دیوانی قانع سەرناو: نەسیم سەبارەت: نووسین: کەماڵ ڕەحمانی - دیوانی قانع، هۆنراوەی: شێخ محەممەد کابولی، کۆکردنەوەی: بورهان قانع، کەڕەتی چاپ: هەشتەم ١٣٩٣ انتشارات پانیذ، لاپەڕە ٣٢١. نەسیمی سوبحدەم هەڵکا لە بادی نەوبەهارم چی هەتا ناڵەی دەروونم بێ، لە دەنگی عود و تارم چی لە دوکانی خەیاڵاتم ئەگەر پارچەی غەزەل دانێم لەگەڵ غەوغایی کەللـەمدا، لە بازاڕ و لە شارم چی ئەگەر شاد بم بە ماچی لێوی یاری قەد چناری خۆم لە ئاوی کەوسەری سۆفی و لە حۆری لار و خوارم چی هەتا تاقی برۆی تۆ بێ لە بۆ سوجدەی سەحەرگاهم لە مزگەوتی کەچ و کوڕ و لە میحرابی کەنارم چی هەتا نووکی قەڵەم کار کا لە ئەوسافی وەتەن‌خواهان لە تەعریف شاهی قاجار و لە حوکمی تورک و تارم چی ئەگەر مشتێ لە خاکی کوردسانت دەس بدا بۆ من لە تەختی قەیسەری ڕۆم و لە تاجی زەڕنیگارم چی کە هات جەننەت بە ڕیش و پرچی چڵکن دەس کەوێ (قانع) لە هاوڕێی ڕیش وەکوو سابرێن و یابوی بەردەبارم چی ++++++++++++++++++++++