شاعیر: قانع کتێب: چوارباخی پێنجوێن سەرناو: برا خۆش بوو مەریوانم کە جێگەی جانی جانان بوو سەبارەت: نووسین: کەماڵ ڕەحمانی - دیوانی قانع، هۆنراوەی: شێخ محەممەد کابولی، کۆکردنەوەی: بورهان قانع، کەڕەتی چاپ: هەشتەم ١٣٩٣ انتشارات پانیذ، لاپەڕە ٢٢١. برا خۆش بوو مەریوانم کە جێگەی جانی جانان بوو نە جێگەی خەڵکی بێکارە و نە جێگەی جەوری دەوران بوو مەساحەتگاهـ و مەیدانی دەرەتفێ (جَنَّةُٱلۡمَأۡوَىٰ) زەل و زوزی زرێبارم بە عەینی باخی ڕیزوان بوو نەسیمی سوبحی سەرمارۆ هەناسەی بەردی قاراوا سەری گۆڵبەندی میراجی تەماشاگاهی کەیوان بوو گوڵاڵەی دەشتی دۆڵاش و وەنەوشەی گوێزەبەیخانم لە چاوی بەد بە دوری کەی وەکوو فیردەوس و غیلمان بوو لە ئەربابی مەلا پرسن، کە بەخشش تا چ ئەندازە؟ لە شێخ پرسن لە بۆ بێ‌تین، چلۆن مەیدانی ئیحسان بوو لە برقەی خەنجەر و ورشەی ستارخانی لە مل پیاوا وەکوو جەولانی ڕۆستەم بێ کە حەربی مڵکی تووران بوو لە بۆ ئەربابی تەوقیع و بەجێ هێنانی موحتاجی درۆ ناکەم ئەگەر بێژم لە دنیا کانی سانان بوو بە تۆ چی قانعا ڕۆژێ نەبوو بۆ تۆ بە کامی دڵ لە سایەی جەهلی خزمانۆ لە بۆ تۆ حفری نیران بوو ++++++++++++++++++++++