شاعیر: قانع کتێب: چوارباخی پێنجوێن سەرناو: نازانم خۆم چیم خەتای بەختە کە من دێوانە کارم ئەگەرنا، بەش بە هاڵم هۆشیارم بە قوربانت نەبم، ئەی چەرخی سەر شێت دە بۆ یاوەر نەبووی جارێ بە کارم؟ ئەگەر مورغم پەڕ و باڵم لە کوێیە؟ ئەگەر وەحشیم لە کوێیە میرغوزارم؟ ئەگەر بەردم چلۆن هەر شەو لە لایێ؟ ئەگەر دارم لە کوێیە بەرگ و بارم؟ ئەگەر ئینسانم ئەی چەرخی جگەرسۆز ئیتر ڕەحمت ببێ بۆ حاڵی زارم! ئەوا عومرم لە چل دوانی زیادە نەبوو جارێ ببیتە خەمگوسارم کە من مردم لە پاش مردن ئەڵێن پێم ئەسەف بۆ قانعی شیرین نگارم ++++++++++++++++++++++