شاعیر: قانع کتێب: پاشمەرگەی قانع سەرناو: کوشت‌وبڕ سەبارەت: نووسین و ئامادەکردن: کەماڵ ڕەحمانی - دیوانی قانع، هۆنراوەی: شێخ محەممەد کابولی، کۆکردنەوەی: بورهان قانع. - کەڕەتی چاپ: هەشتەم ١٣٩٣ انتشارات پانیذ، لاپەڕە ٤٧٤ تا ٤٧٥. - دیوانی قانع، پاشمەرگەی قانع، خەلیفە شوکڕوڵڵا دووهاڕووت، لاپەڕە ٤٩٤. سەرلەنوێ وا مەکینەیی ئەفساد کەوتە ئیش یەعنی دەستی ئیستیبداد سەرلەنوێ نۆکەرانی ئیستیعمار قاپیەوانانی مەرکەزی (دۆلار) سەرلەنوێ چنگی رەجعیەی غەددار سوور کراوە بە خوێن کچانی هەژار سەرلەنوێ تەختی گەندەڵی تاران هاتەوە کایە بۆ ئەجەل باران ١ چەندە زیندانی سەختی پڕئەندێش بوونە مەڵبەندی چینی زەحمەتکێش بیری ڕۆشن خەڵاتی لێدانە نیشتەجێی کونجی تاری زیندانە لاوی ئازادیخوا ئەناڵێنێ کەی بێ تۆڵەی وڵاتی بستێنێ؟ موعتەقەل لیپ و بەندیخانە پڕە پیاوی زانا تەوژمی فیکری سڕە سەربەسەر ئەم وڵاتە خوێناوە شەربەتی شادی مەرگ و زوخاوە شەق وەشاندن شیعاری قانوونە فیکری میللی زەبوون و مەفتوونە جوان و پیر لە ژیان هەراسانە دەک بەلەحنەت بێ حوکمی شاهانە هەر لەسەر ئەمری حەزرەتی دۆلار لاوەکانمان کران بە عیبرەتی شار چیت نەکرد ئەی دۆلار و ئستەرلین؟ ! خوێن ڕژانن کرا، بە پەیڕەوی ژین چیت نەکرد ئەی گرۆی خیانەتکار بە سەراسەر وڵات و خەلکی هەژار؟ گوێگرە! پێت ئەڵێم کە ئەم خاکە گۆڕی تەیموور و قەبری زوحاکە کۆمەڵان هێزی تۆڵە پێک دێنن حوکمی دۆڵار و شا ئەڕووخێنن ١. گەڕانەوەی ڕژێمی کۆنەپەرستانەیە بەسەر دەسەڵاتی نیشتمانی (موسەدق)دا. ++++++++++++++++++++++