شاعیر: قانع کتێب: پاشمەرگەی قانع سەرناو: تۆڵە سەندن بە سەرما ڕامەبوورە کاکی زاڵم! لە دەستی زوڵمی تۆ، وێرانە ماڵم بە شەو ئێشکچی ماڵ خان و ئاغام بە ڕۆژ کۆڵ کێشی پووش و دڕک و داڵم ئەگەر ڕا کەم لە بۆ مڵکی یەکێ تر لەوێشدا قوڕ بە سەر هەر عەینی حاڵم لە دەس قانوونی پیسی میر و ئاغا لە هەر لا بم، بە دەس زوڵمۆ ئەناڵم دە زاڵم نۆرەمە، خۆت ڕاگرە بۆم بچێژە شەربەتی گورز و گۆپاڵم بە تەنیا چاو لە قونجانێک بزانە ئەسێنم حەقی زوڵمی چەند ساڵم حەقی جووتیار و پاڵە و ڕەنجبەرانم حەقی چەوسانەوەی خۆم و مناڵم بە زەبری چەکوشی کاوە مێشکی ئەپژێ قەوارەی پوچەڵی، زوحاکی زاڵم چ خۆشە بێتە دی، ئامانجی بەرزم ئیتر کۆشک و تەلاری میر نەماڵم چ خۆشە هێزی ڕەنجبەر ڕابماڵێ قەڵا و زیندانی ئاغای بەد فەساڵم چ خۆشە من بڵێم ئاغا چ کارەی؟ بڵێ: ئەمڕۆ لە گومرکدا حەماڵم! چ خۆشە میر بە عینوانی کرێکار بڵێ: ئیشت نییە؟ ئەمڕۆ بەتاڵم! چ خۆشە قانعا بێ خۆف و ئەندێش بڵێیت: زاڵم لە کوێیە، من زەواڵم ++++++++++++++++++++++