شاعیر: قانع کتێب: شاخی ھەورامان سەرناو: هەر سێکمان من و شیعر و گەدایی پێکەوە بووین بە تەحتیق هەر سێ هی یەک بووک و یەک شووین من و شێخ و مەلا هەر سێ بە وەڵڵا بەهەشتمان دا بە شەکر و بۆ سەقەر چووین من و سۆفی و بزن هەر سێ بە ڕیشین لە ڕیشمان تێ بفکرین هەر وەکوو جووین من و کەروێشک و بەگزادە لە ترسا سەر و گوێ نزم دایم هەر وەکوو بوین من و دێوانە و حافز لە بۆ نان هەمیشە قیل و قال و حاو و حوو حووین من و سەرکار و میر بێ ئیش و کارین کە بۆیە بێ وەفا و بێ شرم و ئابڕووین من و شێخ زادەکانی ئیستەکانێ لە پاش چەندێک! لە هەی توور و لە هەر تووین من و شێخ قانع و پۆلیس بە حیزی بە دنیا هاتین و وا ئێستەکەش جووین ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لەگەڵ زانین چاکی چلۆنی مەرحەبا زانین بۆ پێشکەوتنت هەزار ئافەرین باوەڕم هەیە بە سیدق و یەقین هەر تۆ پێش ئەخەی کۆمەڵی بێ تین ئافەرین زانین! هەزار ئافەرین شێرە گەرچەکت کرد بە کارەبا ئاسن و دارت وەک کەر بار ئەبا بێ تەلت وشە شارەوشار ئەبا ئافەرین لە تۆ، زانین مەرحەبا ئافەرین زانین! هەزار ئافەرین برێشکەی شەخست کرد بە پەنسلین جگەر بە ترشت کردووە بە کنین چەن هەزار شێخت خستە زار و شین ڕوو لە سقووتن گشت مات و حەزین ئافەرین زانین! هەزار ئافەرین زانین تۆ وەحشی دێنیتە زمان دڕندەی سەر کێو ئەکەی بە ئینسان کوڕی فەیلەسۆف، بێ تۆ وەک حەیوان ئەسووڕێتەوە کۆڵان بە کۆڵان ئافەرین زانین! هەزار ئافەرین لە دوو پارچە دار سنووقێ ئەکەی دەنگی ڕۆژهەڵات بۆ مەغریب ئەبەی گەرچی جارجارێ زەرەریش ئەخەی مشتەکۆڵ لە دەم هەژاران ئەدەی ئافەرین زانین! هەزار ئافەرین بە بۆنەی تۆوە زک هەڵئەدڕن نەخۆشی ناو زک لە ڕیشە ئەبڕن زنجیری زۆری زۆرداری ئەچڕن دەوڵەت بە دەوڵەت شار بە شار ئەفڕن ئافەرین زانین! هەزار ئافەرین ئاشکرایە تۆ شتێکی چاکی هۆی سەرکەوتنی دیار و خاکی لە گڵۆپ چاتر بەرز و ڕووناکی لە پێشکەوتنا سوارێ چالاکی ئافەرین زانین! هەزار ئافەرین بەڵام ئەی زانین لێم زویر مەبە تۆ سەر ئەرستۆ، لێم دڵگیر مەبە حەز ئەکەم گەنج بی، هەرگیز پیر مەبە لابە خزمەتکار، شا و وەزیر مەبە ئافەرین زانین! هەزار ئافەرین هەر ئەسپابی خوێن ڕژاندنی هەر تۆش ئەسپابی مێشک پژاندنی هەر تۆش واستەی ژن قیژاندنی هەر تۆش واستەی خاک بێژاندنی کەلەبچەی دەستی کۆمەڵی بێ تین شەستیر ڕێک ئەخەی وەک هەوری بەهار گوللە ئەڕژێنێ لە سەر تا بە خوار هەژاران ئەکوژێ وەکوو گەڵای دار بە بۆنەی تۆوە زۆر ئەکا زۆردار کەلەبچەی دەستی کۆمەڵی بێ تین گشت خەتای تۆیە ئاهی دڵی تەنگ گشت خەتای تۆیە لە ڕووی گێتی جەنگ تۆ بێ دەسەڵات ئەگۆڕی لە ڕەنگ مالی خەڵک ئەخۆن بە لوولەی تفەنگ کەلەبچەی دەستی کۆمەڵی بێ تین قونبەلەی زەڕە تۆ هێناتە کار بە یەک قونبەلە ئەسووتێ چەن شار ئەکەی بە مردوو چەن کچی نازدار چاک وێران ئەکەی بەر کۆشک و تەلار کەلەبچەی دەستی کۆمەڵی بێ تین ++++++++++++++++++++++ سەرناو: هەژاری گەدایی سەیرە! ئەی یار و ڕەفێقان گەهێ پۆشتە بە پینە و گاهێ عوریان گەهێ تووڕە لە ئەولادی لە برسا گەهێ داوا لە حاجی بۆ لەتێ نان براکەم! دەوڵەمەندیش وا ئەزانێ گەدای بۆ ئەو درووست کرد، زاتی یەزدان بە بێ ڕەحمە لە دەر هەق پیاوی بێ دەس فریبی خەڵک ئەدا وەک بەچکە شەیتان گەدای بەستە زمانیش، هێندە ڕووتە نە نانی هەس، نە بەرگی هەس لە زستان لە هاوینا لە بەر بێگاری ئاغا بە خەمناکی ئەژی و ئەخزێتە ناو لان کەچی کوێخا ئەچێ، دەستی ئەکێشێ بە گریە و زاری ئەیکێشێتە مەیدان ئەمەش ڕووناکە، کوێخا چەشنی تانجی بە دەم کەروێشکی بۆ ئەگرێ لە سەر لان ئەوەی نامووسی بێ، نابێ بە نۆکەر ئەوەی ئینسافی بێ، ناچێتە دیوان ئەوەی ویژدانی بێ ناچێتە لای میر ئەوەی ڕەحمی ببێ، ناچێتە لای خان چ خۆشە زگ بە برسی، پێ بە بێ کەوش بە مەرجێ ڕوو نەکاتە، شێخ و قوربان! گەدا بی یاخۆ پاشا بی، هەر ئەمری ئیتر کلکەلەقێ بۆ چی لە دیوان؟ ! ئەگەر پیاوی وەرە! ئارەق بڕێژە بنرکێنە وەکوو شێر، بێرە مەیدان قەزای ئەو بێڵە، ئەو ئەیدا بە عەرزا لە دوو سەد بڕنەوی دەسکاری ئەڵمان قەزای ئەو داسە ئەوساوی کە تیژ بێ لە سێسەد خەنجەر و شمشێری زۆر جوان قەزای ئەو تۆزی گاگێرەی سەپانە لە دووسەد عەتر و قەسری میر و خانان ئەگەرچی قانعی زۆر زۆر هەژارە بیحەمدیللا، بە کەس ناڵێ: بەڵێ خان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: قانع و شاخی هەورامان سەبارەت: دیوانی قانع، کۆکردنەوەی: خەلیفە شوکڕوڵڵا، چاپی یەکەم سنە ١٣٨٨، لاپەڕە ٢٧٢و٢٧٣. - لەلایەن خۆشەویستێکەوە بە 'ئای پی': ٨٣.١٢٠.٩١.٢٠٣ قه‌ڵای هۆز و گه‌ل، شاخی هه‌ورامان پرسیارم هه‌یه، ‌ ده‌ستم به‌ دامان له‌ لام ڕووناکه‌، شاخێکی سه‌ختی پشت و کۆمه‌کی، وه‌خت و بێ وه‌ختی سه‌رکڵاوانت، کوێستانی پـــڕ گوڵ ته‌ماشای گۆڵت، زاخاو ئه‌دا دڵ چنوور و شه‌وبۆ، به‌ڕه‌زا و که‌ره‌س ڕێواس و پیچک، دامێنی هه‌ره‌س که‌وی ده‌نووک سوور، کۆتری هاقوو قیژه‌ی قژاکه‌، قژقژی په‌پوو کۆێستانێ به‌رزی، له‌ گێتی تاکی خه‌تی ماجینۆی، کوردی بێ باکی کوێستانی به‌رزی، به‌رزه‌ ده‌ماخی گشت که‌س ئه‌زانێ، که‌ شاخوو داخی کتێبی زه‌رده‌شت، که‌ ئاوێستایه وه‌ک باقی کتێب، خه‌ڵاتی خوایه‌ به‌ زمان هه‌ورامی، هاته‌ سه‌ر به‌شه‌ر یانێ های زه‌رده‌شت، بووی به‌ پێغه‌مبه‌ر تا ده‌وره‌ی خۆی بوو، وه‌ک باقی دینان به‌ڵام نه‌سخ بوو، ئه‌ویش به قۆرئان (ماریفه‌ت) و (پیر)، وته‌ی شالیاره که به (پیرشالیار)، له گشت دیاره شاخی هه‌ورامان، هه‌ر چه‌ند ڕه‌نجه‌ڕۆم زۆر چاک بزانه، که مه‌منوونی تۆم چونکه پاراستت، تۆ ئه‌و زمانه تێکه‌ڵت نه‌کرد، له گه‌ڵ بێگانه نه ڕۆم، نه عه‌جه‌م، نه تۆرکی تاتار نه ڕووس، نه ژاپۆن، نه ده‌س ئێستێعمار نه‌هاتنه ناوت، سه‌ر به خۆ ژیای بۆ لاوه‌کانت، تۆ پشت و په‌نای ئێسته نازانم، بۆچی بێ ڕه‌نگی؟ دوور بێ له گیانت، بۆچی دڵته‌نگی؟ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: وەرامی شاخی هەورامان سەبارەت: نووسین: کەماڵ ڕەحمانی وتی: ئه‌ی «قانع»، له من بێکه‌س‌تر له من داماوتر، له من بێ‌ده‌س‌تر بۆچی لێت پرسیم؟ ده‌ردم گرانه!! وا من پێت ئه‌ڵێم، زۆر چاک بزانه ته‌ماشا ئه‌که‌م، به‌رزه ده‌ماخم له ناو شاخانا، سه‌ر گه‌وره‌ی شاخم نه تانک و نه تۆپ، ئیشم تێ ناکا به سه‌د ته‌یاره، به‌ردێک لا نابا مامۆستام نیه، به لاو بخوێنێ ئه‌ولاده‌کانم، بۆ تێگه‌یێنێ پزیشکم نه‌دی، من له عۆمری خۆم وه‌سام تیا نه‌بوو، جگ له جۆڵا و دۆم جێی کشت‌وکاڵم، تا بڵێی که‌مه به‌ڵام پرچ و ڕیش، تا بڵێی هه‌مه له هاڵ و شه‌وه‌ و، خێوی سه‌ر کانی جنۆکه‌ی زل‌زل، دێوی شه‌یتانی مه‌کته‌بێک نه‌بوو، ئه‌مانه لابات زانینی ڕاستی، تێدا په‌یدا کات منیش پێش که‌وم، وه‌ک باقی یاران به جێ نه‌مێنم، له گه‌ڵ هاوسه‌ران ئه‌وسا بنازم، بڵێم من شاخم شاخی هه‌ورامان، به‌رزه ده‌ماخم باوه‌جوود هه‌تا، ده‌وران وه‌ها بێ خه‌مخۆرێ بۆ من، قه‌ت په‌یدا نابێ ئه‌گه‌ر له ناو من، لا به‌ی نه‌زانین ئه‌بم به به‌هه‌شت، سه‌رانسه‌ر زه‌مین بێ ته‌ماشام که، له کاتی به‌هار گۆڵی ڕه‌نگاو‌ره‌نگ، له یه‌ک تا هه‌زار قه‌ڵبه‌زه‌ی تاقم، قرمه‌ی به‌فراوم چه‌پکه‌ی لانزار، وه‌ک بووک نه‌خشاوم شنه‌ی نه‌سیمم، له به‌ری به‌یان ئه‌دا له گۆنای، نازک نه‌وهاڵان ئه‌مجا ئه‌زانی، که من به‌هه‌شتم سه‌ر تا به خوارم، ڕاسته گۆڵگه‌شتم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: وەسیەتی قانع بۆ وریای کوڕی سەبارەت: نووسین: کەماڵ ڕەحمانی - دیوانی قانع، شاخی هەورامان، خەلیفە شوکڕوڵڵا دووهاڕووت، لاپەڕە ٥ و ٣١٥ و ٣١٦. وریا سه‌د ئامان دایم وریا به بۆ هه‌موو که‌سێ چەشنی برا به نه‌ شێخ، نه‌ سۆفی، نه‌ مامۆستا به‌ ئارەق بڕێژە و ڕوو لە هیوا به‌ * * * ڕۆڵه‌ هه‌رکه‌سێ نانی خه‌ڵقی خوارد وه‌کیلی سواڵی بۆسه‌ر خه‌ڵقی نارد بۆ ڕۆن، بۆ شه‌کر، بۆ پاره‌، بۆ ئارد یاخوا بمێنێ به‌ هه‌ناسه‌ی سارد * * * چه‌ند خۆشه‌ کوڕم‌ ئاره‌ق بڕژێنی له‌ده‌شت و ده‌را غیرەت بنوێنی نانی سه‌پانی خۆت به‌ده‌ست بێنی ڕیشه‌ی ته‌مبه‌ڵی له‌ بن ده‌ربێنی * * * چاکی و پیاوه‌تی به‌رمه‌ده‌ له‌ ده‌س بۆ هاشەوهوشه‌ گوێ مه‌ده ‌به‌ که‌س وه‌نیه‌ تۆ که‌و بی و ئه‌م دنیا قه‌فه‌س بڕۆ هه‌ر لایه‌ که‌ ئاره‌زوت هه‌س * * * ڕۆڵه‌! پیاوێکی ته‌واو پیاو بیت له‌ناو مێژوو دا خاوه‌نی ناو بیت بۆگه‌ل‌ و هۆزت ده‌روون سوتاو بیت نه‌ک وه‌کوو یارۆ شێتی دراو بیت * * * نه‌ به‌رتیل‌خۆر به، ‌ نه‌ دووعانوس به‌ نه‌ نۆکه‌ر ئاغا بۆ نانه‌‌خووس به‌ نه‌ شێتی کچان نه ‌شه‌یدای لوس به‌ دوژمن به‌گیانی ده‌سته‌ی جاسوس بە * * * رۆڵه‌ به‌دایم ڕووکه‌ره‌ خوا هه‌رچی گا کێڵای، نابێ گا بیخوا نیوه‌ی ده‌س‌ڕه‌نجت، هه‌ر بۆ بێ‌نه‌وا خۆت ڕسوا مه‌که‌ بۆ کراس و که‌وا * * * ڕۆڵە! هەر کاتێ کەوا من مردم لە ناو گۆڕخانە تەسلیمت کردم مەڕوانە بۆ ئەو ڕەنجە من بردم مەڵێ من تورکم وەکو تۆ کوردم * * * هێنده‌ بخوێنه‌ که‌ خوێنده‌وار بی له‌ناو کۆمه‌ڵ‌دا‌ زرنگ و هۆشیار بی به‌ناوی چاکه‌ تۆزێ دیار بی چ له‌ لادێ بی یا خۆ له‌ شار بی * * * ڕۆڵه‌! سه‌د ده‌خیل مه‌لایی مه‌که‌ ئیشی چاوشۆڕی و ڕسوایی مه‌که‌ درۆ و ده‌له‌سه‌ی خۆڕایی مه‌که‌ خۆت به‌ مه‌حکوومی ئاوایی مه‌که‌ * * * ڕۆڵه‌ هه‌رکه‌سێ که‌ هۆشیار نه‌بێ بۆ گه‌ل و هۆزی خزمه‌تکار نه‌بێ ئه‌گه‌ر برات بێ له‌ لات یار نه‌بێ دڵت بۆ ئیشی بریندار نه‌بێ * * * ڕۆڵه‌ نۆکه‌ری بۆ ئاغا مه‌که‌ کڕنوش بۆ خانم بۆ کوێخا مه‌که‌ له‌ شێخ و سۆفی مه‌ڕحه‌با مه‌که‌ به‌ درۆ و چاوەڕاو نان په‌یدا مه‌که * * * رۆڵه‌ ته‌ماکار مه‌گره‌ به‌برا خۆت بسوتێنه ‌و ببه‌ به ‌چرا بۆ سوودی هۆزت ده‌س که‌ به ‌هه‌را درۆ و ده‌له‌سه‌ی ناپیاو دەرخرا * * * ڕۆڵه‌ عیسایی یا خۆ مووسایی مه‌چۆ به‌گژیا هه‌ر به‌ خۆڕایی هه‌تا ئه‌توانی به ‌دڵنه‌وایی بیهێنه‌ سه‌ر ڕێ، ڕێگه‌ی برایی * * * چون ڕۆژێ ئه‌بێ که‌ به‌ کارت بێ بۆ باری شانت که‌ خه‌مخوارت بێ له‌ خه‌م خواردنا ئه‌ویش یارت بێ وه‌ک برای پشتی هه‌ر هۆشیارت بێ * * * ڕۆڵه‌ من داییم نامێنم بۆ تۆ هۆشت به‌ خۆ بێ، نه‌بی ڕه‌نجه‌رۆ به‌ هووشه‌ی زۆردار، مه‌به‌ ده‌سخه‌ڕۆ له‌سه‌ر خوو و ڕه‌وشت پیاوانه‌ بڕۆ * * * ڕۆڵه‌ من زه‌مان یارمه‌تی نه‌دام هه‌لێ هه‌ڵ‌نه‌که‌وت بگه‌م به‌ مەڕام داییم گه‌ردن که‌چ کڕنۆشی سه‌لام لاره‌مل به‌ر ده‌م ئاغا و مام کوێخام ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دڵداری لادێ سەبارەت: دیوانی قانع، هۆنراوەی: شێخ محەممەد کابولی، کۆکردنەوەی: بورهان قانع، کەڕەتی چاپ: هەشتەم ١٣٩٣ انتشارات پانیذ، لاپەڕە ٤٣١ تا ٤٤٠. - دیوانی قانع، کۆکردنەوەی: خەلیفە شوکروڵڵا دووهارووت، چاپی یەکەم ١٣٨٨ هـ، لاپەڕە ٣٢٥-٣٣٠. - نووسین: کەماڵ ڕەحمانی دڵداری لادێ سەیرێ جوانە بۆت بەیان بکەم زۆر چاک بزانە کاتێ کوڕ و کچ تەمەن شەش ساڵن یەک بۆ یەکتری دراوسێ ماڵن بەجووت ئەگەرێن لە دەشت و سەحرا بێ دایک و باوک بێ خوشک و برا یا چێچەقولێ یاخۆ چاوشارکێ گۆرانی وتن یاخۆ هەڵپەرکێ یا ماڵە کۆچێ یاخۆ گیا کەندن بۆ باوک و برا نان بۆ دەشت بردن لە ڕێدا ترسی مەشکەدۆ ڕشتن تاوێ راکردن تاوێ دانیشتن هەتا ئەگەنە سەرگێرە و خەرمان ئەچنە ناوەراست کۆری دەشتەوان نانیان دائەنێن بەجووت دووبەدوو ئەگەرێنەوە هەروا زوو بەزوو کاتێ دێنەوە بە گاڵتە کردن هاشاوڵ بۆ گوێی یەکتری بردن کە ئەگەن بەئاو شەڕە ئاو پرژێن تاوێ پێکەنین تاوێ شەرە جوێن ئەم چەپۆکێ لەو، ئەو چەپۆکێ لەم ئەدەن لە یەکتر بەبێ زیاد و کەم کە ئەگەنۆ ماڵ هەر یەک ماڵ خۆیان دایکیان خێرا نان دێنێ بۆیان هەتا تەمەنیان دە، دوانزە ساڵە پێکەوە ئەبن ئەو دوو منداڵە ئەمجا کچ تۆزێ تووک ئەوەرێنێ دەم‌وچاو ئەشواو عیشوە ئەنوێنێ لە مورووی سەوز، لەشین و لە سوور لەرزانە ئەکا برق بدا لە دوور پێچکەی کەڵانە یا قۆشەی عەجەم ئاوێزان ئەکا لە زۆر و لە کەم بۆ کیسەی سەر سنگ سمڵ و ڕێحانە تا بۆنی خۆش بێ ئەو کچە جوانە کڵاشی پەرۆ بەبەن ڕەش چنراو کوڵەنجە، چیتی سوور، کۆن و داڕزاو قەڵاقۆچکەکەی بستێ جاوی سور کەچی روومەتی بە چەشنی بلوور سونکە سابونێ لەل لەتێ شانە لەتێ ئاوێنە لە گیرفانیانە کوڕیش بستێ خام فەقیانەی ملی کەواکۆن باوکی بۆ بەرگ و جلی نیوگەز چیتی سوور هەڵئەدڕێ سێ جار ئەیداتە سەریەک درێژ وەکو مار چەپاڵێ ڕەشتی، مێزەری سەری چەپکێ گوڵ ئەدا لەبەر کەمەری بستە خامەکەی ئەخاتە سەرشان دێت بۆ چاو بڕکێ، گوێ بانە و گوێ‌بان ئەگا بەکچە لە ڕێی کانی و ئاو مەرحەبا گیانە، مەرحەبا سەرچاو ئەڵێت بە کچە خۆزگەم بە جاران هەر پێکەوە بووین شەوسوو ئێواران بە پێکەنینۆ کچ دێتە ووتار چاو بڕکێ ئەکا لە گەڵیا جار جار تاوێ ئیشارە، تاوێ پێکەنین کچ لە ترسانا بۆ باوک نواڕین کوڕ ئەڵێ بەکچ، وایە نیازم گەر بۆم ڕێکەوێ هەر تۆ بخوازم حەزت لێ ئەکەم، سووچی خۆم نییە دڵ لەسەر تۆیە، دەسەڵات چییە؟ کچ ئەڵێ بە کوڕ لاچۆ درۆزن کەم گاڵتەم پێ بکە، پەن مەدە بە من کوڕ کە ئەزانێ وا کچ حەز ئەکا بە پێکەنینۆ سوێندی بۆ ئەخوا وەو سەی سادقە، وەو میری سوورە دڵم هەر بۆ تۆ چەشنی تەنوورە وە برایم سەمین وا لە گەرمیان وە کابلەسووری ماڵ لە مەریوان وە نەبێ یۆنس، وە هۆمەر مەنان دەستت نابڕم سەوڵی خەرامان بەڕاستی ئەڵێم گاڵتەت پێ ناکەم داوای هەرچی کەن زوو بەزوو ئەیدەم بەڵام پەریخان، هیچ کەست نەمرێ دەمەکەت بێنە ماچێکم بەرێ پەریخان: بێفەڕ ئەو باڵا ئەو قول و قاچە بەم ڕۆژە ڕوونە کەی وەختی ماچە؟ عالەم دیارە، ئابڕوومان دەبەن لە ئاواییدا ئەمان کەن بە پەن شەریف: ئەمجا کوڕ ئەڵێ گیانی شیرینم بەوەڵڵا بۆ تۆ دڵ ئاگرینم ئەمشەو وادەمان کەلاوەی لاماڵ بگەین بە یەکتر سا بە هەر ئەحواڵ پەریخان: هەتیو ئەترسم دایکم بزانێ تێر و پڕ لێمدا هەتا ئەتوانێ کاکم بزانێ لەت لەتم ئەکا باوکم خراپتر لە ناوم ئەبا شەریف: کچێ مەترسە، دنیا تاریکە هاتمە کەلاوە بۆت ئەکەم فیکە کە فیکەکەت بیست هەڵسە بێ بۆ لام ئیتر خوا حافیز وا من بە تەمام لەویا جیا ئەبنۆ، ئەچنۆ ماڵ خۆیان بەروبەر ئاوسێ ئەڕوانن بۆیان ئەمجا ئەم کوڕە زۆر بێ قەرارە هەر چاوەڕێیە لە بۆ ئێوارە کاتێ کە شەو هات دنیا بوو تاریک کوڕ لە کەلاوە ئەکا فیکەفیک کچ کە گوێی لێ بوو، خێرا هەڵئەستێ هەتا کەلاوە هیچ ڕاناوەستێ کوڕ ئەڵێ هاتی؟ نووری چاوەکەم ئارامی دڵی لێقەوماوەکەم کە ئەگەن بە یەک دەست لەمل کردن دەم بۆ ڕوومەتی یەکتری بردن دەستێ لە سەر مل دەستێ لە سینە بە دەم ماچ، بە دەس مەمکە گوشینە کچ ئەڵێ لاچۆ، وەی وەی دایە گیان وازم لێبێنە بۆ خاتر قورحان! هەتا یەک سەعات هەر دەست بازییە کچ و کوڕ لە یەک زۆر زۆر ڕازییە لە پاش سەعاتە ئەچنەوە بۆ ماڵ هەر کەس بۆ جێی خۆی سا بە هەر ئەحواڵ دایکی کچ ئەڵێ ڕۆڵە لە کوێ بووی بۆچی دیار نەبووی توخوا بۆ کوێ چووی؟ کچ دێتە وەرام بە هەزار قورحان نیو سەعات چوومە لای باجی ڕێحان توخوا دایە گیان، یەکجار نەخۆشە هێندە هیلاکە دڵ بۆی پەرۆشە دایک ئەزانێ کە بۆ کوێ چووە بەڵام دەنگ ناکا، پیشەی خۆی بووە! دایک پەریخان: کچی خۆم دەخیل ئامان سەد ئامان باوکت نەزانێ، چووی بۆ لای رێحان بێت و بزانێ سەرت ئەبڕێ بە چەقۆیە کول زگت ئەدڕێ کوڕە کەوتە بەیانی کوڕ بە قیتەقیت ئەخاتە ملی دەسەسڕێ چیت بۆستە خامەکە ڕائەوەشێنێ بە بەردەم کچا عشوە ئەنوێنێ ئەو شەو تا بەیان هیچ نەبوە خەوی ئەچی بۆ دەرگای یارەکەی شەوی ئەگەنۆ بە یەک ئەم دوو دڵدارە ئەنواڕن بۆیەک هەتا ئێوارە نیوەڕۆ دوا کچی بەڵەک چاو گۆزە هەڵئەگرێ بۆ سەر کانی و ئاو دیسان کوڕ ئەچێ بۆ ڕێگەی کانی لە کۆڵانا شان ئەدا لە شانی وادە وەرئەگرێ بۆ شەوی دووهەم ئەچنۆ کەلاوە بەبێ دەرد و خەم کە لە کەلاوە نزیک یەک کەوتن ئیتر حەرامە خواردن و خەوتن لە پاش دەسبازی و هەرا و زەنایان دێنە سەر تەگبیر بۆ ئیساولایان بڕیارێ ئەدەن هەردوو دووبەدوو نە ئەو ژن بێنێ نە ئەم بکا شوو بەیانی کوڕە زۆر بە بێ باکی دەردی دڵی خۆی ئەڵێ بە دایکی دایە بزانە بێ‌ترس و ئازاد کە من حەز ئەکەم لە کچ مام موراد بڵێ بە باوکم، نەڵێ مناڵە گەر بۆم نەیەنێ ژیانم تاڵە دایک لە سەر جێ لە کاتی نوستن وتی بە مێردە، گوێ بگرە لە من شەریفی کوڕت زۆر بە خاتر شاد داوای ژن ئەکات، پەخەی مام موراد باوکی شەریف: ئافرەت شەریفم هێشتا مناڵە وازی لێبێنە دە دوازدە ساڵە دایکی شەریف: ئەی هو پیاوەکە من خۆم ئەزانم حەزی لێ ئەکات دەردی لە گیانم باوک: جا بەڵکو ئافرەت کچ نەبێ ڕازی خوا خۆی ئەزانێ، کێ بێ دڵخوازی؟ دایک نە نە پیاوەکە، ئەو خراپترە پەخە بۆ شەریف تەواو حازرە باوک: کچی مام موراد هاوماڵ من نییە کچم ناداتێ دەسەڵات چییە؟ خۆی بەزل ئەگرێ، کچ نادا بە من مەمخەرە تانەی گشت دۆست و دوژمن ئەو چوار پێنج بزن و مەڕێکی هەیە یەک دوو پەلاس و بەڕێکی هەیە دوو دێزەی سوور و خوانەیێ گڵین شەکردانێ دار، بەرماڵی شاڵین گوریسێکی گۆش، پەتێکی چڕاو هەمانە کۆنێ لە گاڵ داگیراو بێڵێکی دارین بێژنگێ دڕاو گۆزەیێ تازە و گوزەیێ شکاو کچم پێ نادا، خۆیشم خنکێنم بەرامبەر بە ئەو من چۆن ئەنوێنم؟ دایک: سا وەک تۆ ئەڵێی، قاروونە قاروون چش دەوڵەمەندە، جەحەنم بە توون باجی ئامانی ژنی حیسابە ئەزانێ کچی دڵی کەبابە با بۆت بەیان کەم زۆر جوان و زەریف حەز ئەکا پەخە بیدە بە شەریف باوکی شەریف: ئافرەت ئەو کچە بە نوشتەی قازی بە ماڵی ئێمە قەت نابێ ڕازی چونکە ئەو کچە نازک و نازدارە بێچوە دەوڵەمەند لە دێ دیارە با بیشم دەنێ، من هەر نامەوێ بۆم بە خێو ناکرێ بۆ تەنیا شەوێ هەتا ئەم چەرخە وا بخولێتەوە زامی هەژاران زوو بکولێتەوە تۆیشم پێ زیادە، بووکم بۆ چیە؟ زۆردار نایەڵی هیچ سوودی نییە! ئەرنا من خۆم و شەریفی کوڕم بە نووکی گاسن کێو هەڵئەدڕم گەر زۆردار نەیبا، بۆچی وا لاتم؟ شڕ و شیتاڵ و زەبوون و ماتم؟ بووک کەوشی ئەوێ کە بیکاتە پێی جاجمی ئەوێ کە شەو بنوێ پێی دایک: نە نە پیاوەکە، کچە مەمنوونە دڵی بۆ شەریف زار و زەبوونە باوک: کەوتە بەیانی مامە ڕەمەزان کەوشی کردە پێی کۆڵان بە کۆڵان سۆفی مەولان و کاکە ئەوڕەحمان کوێخا باوەیس و لالە نەریمان بۆ ماڵ مام مراد سەرپاکی بردن بۆ دەنگوباسی خوازبێنی کردن باوکی پەخە: مام مراد وتی: دەروێش ڕەمەزان کچم نازارە، ئامان سەد ئامان بۆت بەخێو ناکرێ مەچۆڕە ژێری بەڵکو کەنیشکێ تری بۆ بێری باوک: وتی: هاچیت کرد سا بێ قەزابی تۆ گەورەی منی ئەبێ ڕەزابی دەروێش و سۆفی کە ڕوویان تێکرد گفتیان لێ سەند، زوو بە دەس‌وبرد دەسی ماچ کرا موبارەک بادی یەک بۆ یەکتری بە ڕەویەی شادی لە پاش چەن بەینێ زەماوەن کرا پەریخان بۆ لای ماڵ شەریف برا خەتای قانونی چەوت و چەوێڵە قانوون کام قانوون؟ هەر فڕوفێلە گەر شەریف زۆردار وازی لێبێنێ، هەر ساڵێ بووكێ ئەتوانێ بێنێ دەس ساق و چاو ساق، بۆ ئیش زۆر مەزبووت بەڵام لە بەر جەور، تەواو ڕووت‌وقووت دەس‌ڕەنجی شەریف ئەر زۆردار نەیبا ساڵێ قیمەت کچ پەیدا ئەکا لۆکەی ساڵانەی سەلەمی حاجی تووتن نیوەکار، بە ناعیلاجی بەش مامە شێخیش ئەبێ جیا بێ یا لە تەکیە بێ، یا خانەقابێ ++++++++++++++++++++++