شاعیر: قانع کتێب: دەشتی گەرمیان سەرناو: وەسیەتی دایک بۆ کچ سەبارەت: خاتوو خورشید (دایکی قانع) ئامۆژگاریی عەدلەی کچی ئەکات کچم! ڕۆڵەی کزۆڵەی بەردەباریم! چرای ڕووناکی بێ دەستی و هەژاریم کچم! پارچەی نەژاکاوی زەمانەم! نەتیجەی ئیهتیمامی خوێندەواریم! وەرە، گوێ ڕاگرە بۆ پەندی دایکت فەرەح بەخشی دەروونی بێ قەراریم! کچم، هۆشی حەیا و نامووسی خۆت بێ نەکەی کارێ! زیاد کەی دەردی کاریم نەخۆی هەرگیز فریوی سادەڕوویان نەبیتە هۆی زیادی شین و زاریم کچم، هۆشیاری خۆت بە تاکوو مردن وەکوو من بە، بە زرنگی و هۆشیاریم کچم، وەڵڵا هەمووی داخی کچانە نەخۆشین و کزی و بێ ئیختیاریم نە تەنها وەسیەتم بۆ تۆیە ڕۆڵە فیداکاری کچانی کوردەواریم ++++++++++++++++++++++