شاعیر: قانع کتێب: باخچەی کوردستان سەرناو: من و نان ئەی نان! بۆ تۆیە شەڕی برایی ئەی نان! بۆ تۆیە ئاژاولەی جیایی بۆ تۆیە، برا، برا ئەکوژێ لە ڕوی مەیدانا، مێشکی ئەپژێ بۆ تۆیە، دنیا، کەوتە گیر و داد بۆ تۆیە، تۆرا، دایک لە ئەولاد بۆ تۆیە، باوک فرزەند دەر ئەکا کوڕی خۆی دوچار سەد خەتەر ئەکا بۆ تۆیە جەردە ڕێگە قەتع ئەکا ڕێگەی هاتوچۆ، لە عام مەنع ئەکا بۆ تۆیە ئاوسێ، لە ئاوسێ زیزە ماشەڵا، شکڵت چەندە تەمیزە! تۆ هەر ئەو نانی، چەن هەزار فەلا بۆ تۆ داماوە و کەوتە حەلوەلا کۆڕەی زیکری شێخ، بۆ تۆیە ئەی نان! زامی دڵ بۆ تۆ بەسۆیە ئەی نان! هەوڵ و تەقەلای پاشا بۆ تۆیە ئابڕوو چوونی گەدا بۆ تۆیە ئاسنگەر، بۆ تۆ پیک ئەوەشێنێ زارع بۆ تۆیە ئارەق ئەڕژێنێ هەر کەس نانی بوو ئیمانی هەیە ڕووسووری مەجلیس، دیوانی هەیە ڕێوی نانی بێ شێرێ تەواوە شێر نانی نەبێ پشتی شکاوە؟ ++++++++++++++++++++++