شاعیر: قانع کتێب: باخچەی کوردستان سەرناو: ژیانی کچ کچی بەستە زمان دەوری ژیانی سینەمایێکە ئەگەر بزانی کە لە دایک بوو، ئاهەنگی نییە ئەڵێن: ئای کچە! فاییدەی چییە؟ پێ پیرۆزانەی کەس بۆ ناهێنێ هیچ کەس بە چاکە هەرگیز نایدوێنێ پڕ و پیرە ژن، دەوری دایکی ئەدەن هەر یەک بە جۆرێ دڵخۆشی ئەکەن خەم مەخۆ، خوا لە سەر کەرەم بێ کوڕیشت ئەبێ، خاترت جەم بێ بۆ ئیشی ناو ماڵ، بۆ هاتوچۆی دەر ئەمیش پێویستە لە جێی کارەکەر سەد ساڵ نەخۆش بێ، نابینێ دەرمان لە جێی دڵخۆشی، هەر چەپۆک لێدان نابێ نان بخوا تا هەموو خێزان نەچێتە دواوە، لە سەر سفرەی نان لە پاشان ئەمیش ئەگەر نەتۆرێ لە پاشخوان بخوا و حاجەت بشۆرێ ئەگەر بتۆرێ، هیچ کەس نازانێ بە برسی ئەگری، هەتا ئەتوانێ *** نابێ بە دارتاش، نابێ بە توجار نابێ بە ناڵبەند، نابێ بە عەتار ئەگەر لە حەوشە، سەر بێنێتە دەر دایکی تێی ئەخوڕێ، بێ حەیای ماکەر! ئەم بەستە زمانە، هەتا پازدە ساڵ دیل و گیراوە، دەر ناچێ لە ماڵ کاتێ گەورە بوو، دێنە هات و چوو بە لای ناخێری، کچ ئەدەن بە شوو لە کوڕی وەستا و بەزاز و قەساب داواکاری ئەبن، لە چاک و خراپ نیوە ئەفەندی و حاجیی ژن مردوو بێچووە خانەدان، کۆن و ڕابردوو ئەمجا داک و باب ئەکەونە تەگبیر گوێ نادەن بەوە جوان بێ یاخۆ پیر تەماشای ئەکەن، هەر پارەی زۆر بێ ئیتر کەیف خۆیە، ڕەش بێ یا بۆر بێ کچی بەستە زمان ئاگای لێ نییە نازانێ چپەی داک و باب چییە؟ بابی دێتە جواب، حاجی زۆر چاکە خاوەن پارەیە و زۆر زۆر دڵ پاکە گوێ مەدەن بەوە، دانی نەماوە تەمەنی جوانی تەواو فەوتاوە لیرە و مەجیدی لە تاکە و جووتە کۆمەڵی کردووە، تا ئارەزووتە کاتێ کچ زانی کە ئەیدەن بە شوو ئەیدەن بە حاجی و دنیای لە دەس چوو خوڕ خوڕ فرمێسکی لە چاو دێتە خوار پێچ ئەدا لە خۆی وەک ماری زامار ئەڵێ هەی جوانی! هەی دنیای ڕۆشن! هەی دایک و باوک، هەی دۆس و دوژمن هەی گەورە کچان! هاوسەر، هاوفەردان! هەی بەش خوراوان، هەناسە سەردان! بۆچی کۆمەڵی حیمایەی حەیوان ناپرسن لە حال ژیانی کچان؟ ! ئەر ئینسانیش نین، مەعلووم حەیوانین بۆ چی بێ خەمخۆر لە ڕووی جیهانین؟ ! خوا حافیزتان ئازاد کەن گەردن وا من ڕێ کەوتم بۆ شاری مردن ++++++++++++++++++++++