شاعیر: قانع کتێب: گوڵاڵەی مەریوان سەرناو: نامەیەک جەنابا! نامەکەت هات و گەیشتە دەس منی بێ کەس منت دانا بە کوردێکی هەژار و بێ کەس و بێ دەس ئەگەر چی تۆ ئەنووسی، ئاشەوانی فەخرە لام قوربان کە چۆن ئەشعاری پڕ مانا و، کەلامی گەوهەرینم هەس ئەتۆ سامان و پارەی زۆر و کۆشکی بەرز و ڕەنگاوڕەنگ منیش بێ قەوم و بێ عەشرەت، قەسیدەی ئاگرینم هەس ئەتۆ مڵک و سوارە و چەک، هەتا خۆت ماوی هەر ماوی منیش بۆ کورد دڵ و جەرگ و دەروونێکی حەزینم هەس ئەتۆ خنجێر و شمشێر و ڕم و نێزەت لە مەیدانە منیش هەڵبەستی پڕ مانا و پەندی مەرهەمینم هەس هەموو سامانی دنیا پێشکەشی تۆ بێ وەجاخ کوێری منیش شابەیتی ئاودار و هەزاران ئافەرینم هەس کە تۆ مردی بە یەکجاری ئەبیتە مشتێ خاک و خۆڵ منیش دوای مردنم ئینجا، بزانە دەوری ژینم هەس ئەتۆ نازت بە شەستیر و چەک و دینار و باخاتە منیش نازم بە کوردانە و بە کورد بڕوای مەتینم هەس ++++++++++++++++++++++