شاعیر: قانع کتێب: گوڵاڵەی مەریوان سەرناو: دەستی چەرخ جانا گلە مەکە، ئەسڵا لە چەرخی بەد مەجاز چەن عاقڵانی زەمانی، هێنایە گیر و گاز قانوونی چەرخ و ڕەسمی زەمانە وەها بوو جاهیل بە کام و شادۆ، ئەدیبان بە ئاه و ڕاز مەسنەد بە دەستی حەققە، هەموو ئیشێ هەر بەوە بیکا بە شێتی کێوی وەیان ژیرێ وەک ئەیاز فەرهادی نابەکام ئەنێرێتە بێستوون خەسرەو لە مڵک و ماڵ، ئەپۆشێ کەوای ناز چەن ئاڵوگۆری کرد، بە سلێمان و ئەهریمەن تەرویج ئەدا بە شەمع و بە پەروانە سۆز و ساز قابل نییە هەرگیز بە هونەر نانێ دەس کەوێ ناکا لە دەشتی جەهل فەتاوای چڵی پیاز قانع مەتاعی ماڵی کە هەموو شیعر و نوکتەتیە مەر قوڕ بپێوێ کاکە، لە بریتی دەماخ و ناز ++++++++++++++++++++++