شاعیر: قانع کتێب: گوڵاڵەی مەریوان سەرناو: خاتوو شەیتان لە خەودا ئەمشەو کە بەختم هاتە سەر، شیرین جەماڵێ وەک قەمەر فنجانی مەم، قەد نەیشەکەر، پرسی لە وەزعی من خەبەر هات زوو بە زوو کردی سەلام، باڵا نەمامی خۆش کەلام وتم، عەلەیکوم و سەلام، ئەی دولبەری شیرین سیەر حۆریت وە یا جن و پەری؟ سەروی وە یا نەیشەکەری هێندە ئەزانم دلبەری! باڵا بە چەشنی لیلوپەڕ تۆ، سۆسەنی یا دەستەگوڵ؟ یا داری مێخەک و سمڵ؟ ڕێگەت غەڵەت کرد؟ یا بە دڵ، هاتیتە لای دێوانە سەر؟ چاکی چلۆنی گیانەکەم؟ شەوقی دڵی بوریانەکەم باخی گوڵ و ڕێحانەکەم، چۆن بوو کە هاتیتە سەمەر؟ فەرمووی: غەریبی دڵ بە خەم، بێ ماڵ و مڵک و بێ درەم گەر بێمە سەر باری کەرەم، بێ فەرقە خاک وە یا گوهەر هەڵسام، لە بۆ ئیکرامی ئەو، بۆ ئافەتی ئینعامی ئەو منیش کردم سەلامی ئەو، ڕوانیم لە پێی تا تەوقی سەر دڵم بە ترس و شەرمەوە، دەروون بە ئاهی گەرمەوە چاوم لە تەوقی سەرمەوە، پێم نا لە ئیشی پڕ خەتەر کە دەستم خستە سەر ملی، گووشیم دوو لا ڕانی شلی گەستم دوو چاوی پڕ کلی، وەخت بوو کە ڕۆحم بێتە دەر بە نازەوە لێم هاتە دەنگ، مەکە و لاچۆ لێم کەوتە جەنگ ڕوانیم کە ئەو گۆڕا لە ڕەنگ، وەک پادشاهی تاجوەر فەرمووی: دە لا، ئەی بێ حەیا، نە شێخی شێخ بی یا مەلا نە زاهدی، نە ئەشقیا، نە شاعیرێکی پڕ هونەر نە ڕەندی، نە قەلەندەری، نە فارسی، نە بەربەری کوردێکی پڕ دەردی سەری، بێ قیمەتی وەک تووری تەڕ کۆنە فەقێی ماڵانگەڕی، لار و درێژ و بێ فەڕی کەی هاودەمی سەوڵی تەڕی؟ هۆشت لە کوێیە بێ خەبەر؟ وتم: خانم لە ڕێی خوا، ڕەحمێ بفەرموو بۆ گەدا تۆ پادشا من بێ نەوا، بەسیە ئیتر ناز و کەدەر زانی کە من شێتی ئەوم، دانیشت لە سەر جێگەی شەوم حەرامی کرد خورد و خەوم، من شەمع و ئەو چەشنی فەنەر دامکەند شەواڵی گوڵزەڕی، دەرکەوت سورینی مەڕمەڕی زاهیر بوو خەزنەی پڕ دوڕی، هەی هەی! چ گەنجێ کەوتە دەر؟ هەستایە پێ حەیتەی زەلام، لەو مەقسەدەی کردی سەلام تێکەڵ بە یەکتر بوون تەمام، وەک خەنجەر و کالانی زەڕ ئەو کوێرە مارەی سەگ دەمە، هێندە لە خۆی خاتر جەمە ئەتوت بە مۆری مەحکەمە، بۆی نووسراوە بێ شۆڕ و شەڕ وەک گورزی دەستی لەندەهوور، تاوێ لە دەر، تاوێ لە ژوور دڕی پەردەی گوڵباخی سوور، کردی بە شیوەن و چەمەر کاتێ کە هەستام لەم خەوە، ڕوانیم کە هێشتا هەر شەوە کردم لە بۆی شین و کەوە، قوڕم پێوا تا تەوقی سەر قانع تۆ تەنیا و پڕ خەمی، بێ عەشرەت و بێ هاودەمی سەد کا زیاد بێ هەر کەمی، کۆتا کە باسی بێ سەمەر ++++++++++++++++++++++