شاعیر: قانع کتێب: گوڵاڵەی مەریوان سەرناو: یا موحەممەد لێو بەبار و دڵ بەبوریانم مەکە یا موحەممەد لێو بەبار و دڵ بەبوریانم مەکە ئەی ڕەئیسی هەردوو دنیا، دیدە گریانم مەکە دەستە ئەژنۆ و چاوەڕێگەی دەستی یارانم مەکە من کە ئالی تۆم، زەلیلی باری عیسیانم مەکە غەیری قاپی ڕەئفەتت بۆ کەس سەناخوانم مەکە! ئەی شوعاعی شەمس و کەوکەب شوعلەیی ئەنواری تۆ! زینەتی جنات عدن شوبهەیی ڕوخساری تۆ ئەی بوراق و تاج و ڕەفڕەف خەلعەتی ئەنواری تۆ ئەی مەسیحا چاوەڕێگەی نوقتەیی گوفتاری تۆ بەش بڕاو و بێ نسیبی لوتف و ئیحسانم مەکە ئەی خوڵامی بارەگاهت قەیسەر و دارا و جەم ئەی لە دیوانی جەزادا شافیعی جوملە ئومەم مەسنەدی ئەوڕەنگی بەزمت کەوتە ژوور لوح القلم ئینتیزاری فەیزی لوتفی تۆن هەموو عورب و عەجەم غەیری ئالی تاهرینت دەستە دامانم مەکە تۆ کەلیم و تەکیەگاهت عەرشی ئەعزەم میسلی توور قاب قەوسینێ لە بەینا ما بە تێکەڵ نوور و نوور باعیسی تەزئینی قەسر و جەننەت و سیمایی حوور ڕۆژی مەحشەر چۆن بە بارێ نەگبەتۆ بێم بۆ حزوور؟ سا لەبەر خاتر حسێنت دڵ پەرێشانم مەکە واسیتەی نوتقی بەعیر و موقتەدایی مورسەلین شاتری مەیدانی فەزڵت سەد وەکوو روح الأمین ڕێزە جۆیی خوانی لوتفت سەد هەزاران عاکفین یا ڕەسوولەڵڵا بە حەقی ئال و بەیتی تاهرین سەر کز و ئاشفتە حاڵی دەستی شەیتانم مەکە مەخزەنی ئەسراری غەیب و ڕەهبەری ڕێگەی هودا خاکی ڕێگەت کحل ما زاغ البصر بۆ ئەنبیا شارقی بورجی نبووەت شاهبازی کیبریا ڕەحمی خێرت بێ بە قانع، گیانە تۆ و زاتی خوا کوا خەڵاتی موستەحەققم؟ ڕووت و عوریانم مەکە ++++++++++++++++++++++