شاعیر: قانع کتێب: گوڵاڵەی مەریوان سەرناو: خواپەرستی وەرە، باوەڕ بکە، کوردە! خوایە خالقی دانا بە تەنیا لەفزی کاف و نوون جەمیعی ماسیوای دانا ئەوەندە ڕەحمەتی زۆرە، گوناحی وەحشی مەحوو کرد ئەوەندە خاوەنی قەهرە کە دینی سەند لە بەرسیسا لە سفرەی نیعمەتی تێرن، تویوور و جننی و ئینسان لە خەتتی ئەمری دەرناچن، سەما و هەور و خاک و با نموونەی شیددەتی قەهری خوایە ئاگری دۆزەخ نیشانەی لوتفی یەزدانە، بەهەشت و کەوسەری ئەعلا کە مەیلی بێ بە بتتاشێ ئەدا کوڕ میسلی ئیبراهیم وە یا کوڕ نووح بە بێ دینی ئەخاتە غەرقی نجَّیْنا لە بیم و دەهشەتی خوایە کە ئاو ساتێ سکووت ناکا بە بێ ئەستوون هەڵی داوە لە سەرمان گونبەدی خەزرا وە یا تۆ عاقڵی و لازم بە وەعز و تەربیەت ناکەی بە ئەقڵی خۆت تەماشا کە لە سونعی ڕەببی بێ هەمتا ئەگەر خۆت دڵڕەقی و باوەڕ بە شیعری قانعی ناکەی لەبەر تەسکینی قەلبی خۆت، بڕۆ پرس کە لە لای مەللا ++++++++++++++++++++++