شاعیر: قانع کتێب: گوڵاڵەی مەریوان سەرناو: خەراباتی شەوێ پیری خەراباتی، ئیشارەی جامی مەی کردم تەماشا کە! لە ئەم لوتفە، حەواڵەی تەختی کەی کردم لە چۆڵی جەهلەدا خنکاو و تینوو و بێ سەر و پێ بووم بە ماسی بەحری زانینی، بەبێ تەنکاو و پەی کردم لە عیلمی بادەنۆشی تێپەڕیم بۆ زاری و شیوەن بە ئوستادی کەمانچە و عوود و تار و ساز و نەی کردم کلیلی باخی دا دەستم، کە چوومە ناو گوڵ و گوڵزار لە لەرزە و شانەکسکێی بەفر و سەرمای مانگی دەی کردم وەها فێری مەلەی کردم، لە بەحری وەحدەتا ئەمڕۆ لە گۆرانی بە باڵای چەشنی سەرو و مەمکی بەی کردم چ ئومێدی بوو یا ڕەببی بە تەنیا یەک نەزەر قانع بە سوڵتانی خەیاڵات و بە شاهی شاری ڕەی کردم ++++++++++++++++++++++