شاعیر: کوردی کتێب: دیوانی کوردی سەرناو: چاوەکەم دەرحەق بە من بە قسەی بەدی بێ پیر مەکە چاوەکەم دەرحەق بە من بە قسەی بەدی بێ پیر مەکە بێ خەتا و سووچ و قەباحەت خۆت لە من دڵگیر مەکە هەر کە لێم عاجز دەبی تو خوا وەرە زوو بمکوژە چونکە قەتڵم خێرە سا ئەم کارە قەت تەئخیر مەکە ڕۆژی دیوانی خودا دەستی من و دامانی تۆ قەت لە بۆ قەتڵی منی بێکەس لە کەس خۆت زویر مەکە خۆت دەزانی من سپەر نانێمە بەر تیری جەفات سا بە مروەت بە لەگەڵ من، شەڕ بە دەست و شیر مەکە دەردی دووریت بۆ هیلاکی من بەسە مروەت بکە حەیفە ئیتر قەلبی بیمارم نیشانەی تیر مەکە تاکوو کونجی فەقر و گەنجی عاشقیت بۆ دەست بدا قەت تەماعی عیلمی جەڕڕ و کیمیا و ئیکسیر مەکە من وتم دین و دڵی کوردی نەبەی، بردووتە خۆ سا لەمەولا هەرچی پێت مومکین دەبێ تەقسیر مەکە ++++++++++++++++++++++