شاعیر: کوردی کتێب: دیوانی کوردی سەرناو: بە داوی زولف و دانەی خاڵی سەر ڕووت بە داوی زولف و دانەی خاڵی سەر ڕووت گرفتارە دڵی سەد عاشقی ڕووت نیگاهی چاوی مەستی نیمە خابت هەزاری وەک منی خستۆتە تابووت سەبا گەر لابدا زولفت لە کوڵمەت دەڵێم یا ماهە یا خورشیدە ئەنگووت شکاندت لەشکری عەقڵ و شەکیبم بە تابووری موژە و شمشێری ئەبرووت لە چاهی ژێری لێوت وا ئەسیرن هەزارانی وەکوو هاڕووت و ماڕووت مەهە یا ڕۆژە یا ڕووی تۆیە دەرکەوت؟ شەوە یا زولفە یا خۆ موویی دڵجووت؟ ئەمە یا نوقڵە یاخۆ خونچەیی کام؟ ئەوە دەندانە یا دوڕ، یانە یاقووت؟ فیدای دەست و کەمانت بێت کوردی دەپێکێ سێ و دوو هەم تاق و هەم جووت ++++++++++++++++++++++