شاعیر: کوردی کتێب: دیوانی کوردی سەرناو: ئەی موسوڵمانینە نابێ پێم بڵێن چیم کردووە ئەی موسوڵمانینە! نابێ پێم بڵێن چیم کردووە؟ دڵبەرم بۆچی وەها دەستی لە خوێنم خستووە؟ پەنجەکەی خوێناویە ئێستا دەکا حاشا گوڵم سوێند دەخوا بە خودا دەڵێ بیللا ئەمن نەمکوژتووە چونکە ئەمڕۆ من شەهیدی کەربەلایی عیشقی تۆم هەروەکوو کەو پەنجەکانت وا بە خوێنم ڕشتووە چاوی مەستی فیتنەجۆکەت وەک سواری تورکمان خەرمەنی عەقڵ و دڵ و هۆشی بە غارەت بردووە پەرچەمت هەر وەک پەڕی تاوس کە دەدرەوشێتەوە هێندە نەرم و سافە وا قورئان دەخۆی تووکی قووە کێ خەلاسی دێ لە قوللەی قافی عیشقت چاوەکەم؟ زەحمەتە بیللا کە چونکە پڕ لە سیحر و جادووە ئەو سیا واڵا لە دەورەی گەنجەکەی ڕوخسارتە پڕ عەجەب ماوم کەوا خۆمارە یاخۆ گیسووە؟ یا خودا دوور بێ لە چاوی بەد، تەماشاکەن گوڵم هێندە باریکە قەدی، قورئان دەخۆی تاری مووە ++++++++++++++++++++++