شاعیر: کوردی کتێب: دیوانی کوردی سەرناو: دەروون زامدار و دڵ غەمگینە بێ تۆ دەروون زامدار و دڵ غەمگینە بێ تۆ سەرم گێژ و تەنم بێ تینە بێ تۆ خەوم بێ هۆشییە، بەرگم پەڵاسە خۆراکم خوێنە، شادیم شینە بێ تۆ لە چاو ئەشک و لە دڵ ئاهم کە دەردێ دەڵێی تۆفانی با و بارانە بێ تۆ جێگام سەحرایە، وەحشیم یار و هاودەم دڕک فەڕش و کوچک باڵینە بێ تۆ لە ئەشک و ئاهی تار ئاوێنەیی دڵ جەماڵی زەرد و ڕەش ڕەنگینە بێ تۆ سەرم سەمتوور و سینەم چەنگ و دڵ دەف خەفەت بار و مەقام ناڵینە بێ تۆ کەباب دڵ، خۆین مەیە، ساقی فیراقت قەدەح چاو و مەزەم ئەسرینە بێ تۆ دەروون گوڵزار و خوێن گوڵ باخەوان دڵ فوغان بولبول، جەفا پەرژینە بێ تۆ ڕەقیب ڕووترش و ئەشکی دیدە سوێرە حەیات تەڵخ و ئەجەل شیرینە بێ تۆ زومستان مەیلەکەت، پایز براکەم بەهاری عومر و دین هاوینە بێ تۆ ئەوا من بووم بە شا و سوڵتان و والی تۆ خوا سا کاکە گیانە ژینە بێ تۆ لە هاوسایان لە تاو ناڵینی کوردی دوعای مەرگە، لەوێ ئامینە بێ تۆ ++++++++++++++++++++++