شاعیر: کوردی کتێب: دیوانی کوردی سەرناو: تا کەی ئەم جەور و جەفایە چاو خوماری سوخمە ئاڵ تا کەی ئەم جەور و جەفایە؟ چاو خوماری سوخمە ئاڵ! دڵ بە ناری فیرقەتت سووتاوە، ڕەش بوو وەک زوخاڵ چاوی مەستت وا پەشێو و وەحش و وێڵی کردووم قەت بە قەد زەڕڕێک نەماوە عەقڵ و ئیدراک و کەماڵ سەقفی چاوم باڕشی خەم وای لە سەر گۆل بەستووە خوێن بە خوڕ پێیدا دەچۆڕێ وەک تکەی وێرانە ماڵ وەسڵی تۆ یُحیی العِظام و قالبی فەرسوودەمە بێڵە تۆ تۆخوا بڵا شاد بێ بە گەردم بای شەماڵ ڕەشکی سەحرای چینە بۆ ڕەوت و نیگا و وەستانەوە کەبکی کوهی زابولستانە بە نەغمە و خەتت و خاڵ دڵبەری وا پڕ کەماڵ و عەقڵ و دانش کەم هەیە وا مەزانە بێ کەماڵە چونکە تفڵە و خوردەساڵ ئەی تەبیب! ئەر تۆ تەماتە زامی دەردم چارە کەی تاکوو گەرما و گەرمە بۆم پەیدا بکە شەهدی ویساڵ عاشقی خۆشە نە وەک وەک من غەریب و قوڕ بەسەر دڵبەرم وەک دوژمن و خۆم بێکەس و ئاشوفتەحاڵ قافڵەی بیرم بە تاراجی خەمی دووری چووە بۆیە وا کوردی! دوکانی دڵ لە مەعنا بوو بەتاڵ ++++++++++++++++++++++