شاعیر: کوردی کتێب: دیوانی کوردی سەرناو: ئەی حەکیمان ئێوە بێن دەرمانی ئەم بیمارە کەن ئەی حەکیمان! ئێوە بێن دەرمانی ئەم بیمارە کەن سەبری ناسۆری برینی سەختی ئەم ئاوارە کەن کوا ڕەفیقانی تەریقەت دەردی عیشقم چارە کەن؟ من دەڵێم تا ڕۆژی مەحشەر سەف بە سەف نیزارە کەن یا بە جارێ بمکوژن، جەرگم بە خەنجەر پارە کەن ئەی خودا چ بکەم لە دەس جەوری ڕەقیبی بەد زمان من دەڵێم دایم هەتا ئەم ڕۆژە نابێ ڕۆح و جان نایەڵێ یارم ببینم یا بە زاهیر یا نیهان ئاخ لە بەر زوڵمی ڕەقیبان، وای لە تەعنەی دوژمنان من کە ناڵێم، تۆ بڵێ بۆچی ئەوەم دەربارە کەن؟ من لە حەسرەت چاوی مەستی تۆ شەو و ڕۆژ ناڵەمە بۆیە ڕازیم بەو جەفایە سەد شوکور بەو حاڵەمە تۆ بەسە ڕەحمێک بە حاڵم چونکە سەختی تاڵەمە خاکی بەر دەرگایەکەی تۆ مەسکەنی سەد ساڵەمە حەیفە بۆ تۆ ئێستەکە لەم قاپییەم ئاوارە کەن دەردی عیشقم چەند گرانە سەد کەڕەت کەوتوومەوە جۆگەلەی خوێنین دیارە وا بە سەفحەی ڕوومەوە باوەڕیت بێ من نەماوم تازە زیندوو بوومەوە! لەت لەتی جەرگم گلێنەی چاوی پڕ کردوومەوە خوێن بە خوڕ نایە مەگەر جۆماڵی ئەم جۆبارە کەن ڕوومەتی یارم لە پەڕڕەی گوڵ گەلێ ناسکترە حەز دەکەم تۆ بمکوژی لەم حاڵە کوژتن چاترە جەرگ و دڵ هێند بۆی بە تاوە پڕ لە پشکۆی ئاورە کەس نەڵێ کوردی وەرە تۆ دەس لە یارت هەڵگرە زەحمەتە، نابێ، مەگەر جووتم لەگەڵ سێدارە کەن ++++++++++++++++++++++