شاعیر: کوردی کتێب: دیوانی کوردی سەرناو: چاوەکەم خۆ من برینداری خەدەنگی چاوی تۆم چاوەکەم! خۆ من برینداری خەدەنگی چاوی تۆم زار و بیمار و گرفتاری کەمەند و داوی تۆم وێڵ و سەرگەردان و خار و عاجز و ئاشوفتە حاڵ دڵ بە تاڵان چووی سوپای کاکۆڵی تێک ئاڵاوی تۆم گەر دەپرسی داد و گریان و فوغانم بۆچییە ڕاستە باوک مردە نیم ئەمما جگەر سووتاوی تۆم سەد کە تۆ فیکری ئەسیری خۆت نییە ئەمما ئەمن خۆ دەزانی چونکە ڕۆژ بێ خورد و شەو بێ خاوی تۆم من لە بەر پیری قەدم خەم نەبووە ئەر باوەڕ دەکەی قەد خەمیدەی قامەت و باڵای وەکوو لاولاوی تۆم قاتڵی من کەس نییە بوختانی ناحەق بۆچ بکەم من شەهیدی خەنجەری موژگانی تازە ساوی تۆم هەر کەسە عەبد و موریدی موڕشیدێکە سا ئەمن هەر وەکوو هیجری مورید و گیان فیدای هەمناوی تۆم ++++++++++++++++++++++