شاعیر: کوردی کتێب: دیوانی کوردی سەرناو: لەیلەکەی بێ مەیلەکەی مەحبووبەکەی عەییارەکەم لەیلەکەی بێ مەیلەکەی مەحبووبەکەی عەییارەکەم شۆخەکەی پڕ حەملەکەی بێ ڕەحمەکەی غەددارەکەم زاڵمەی لە خوا نەترسەی کافرەی بێ مروەتە! قاتڵەی عاشق کوژەی جەللادەکەی خوون خارەکەم گوڵ بەدەن، سیمین زەقەن، خەت یاسەمەن، فەندەق دەهەن ئەسمەرەی قەد عەرعەرەی ناز و نەزاکەت دارەکەم نەوجەوان، ئەبرۆ کەمان، شیرین دەهان و نوکتەدان تورک ڕەفتار و پەری ڕوخسار و کاکۆڵدارەکەم ئەی ڕەقیب! سەد جار دەرم کەی یا جوێنم پێ بدەی ناعیلاجم هەر دەبێ بێم بۆ سەلاحی کارەکەم ژەهری دووری چەژتووە هیجری ئەمێستا بۆیە وا تەڵخ گوفتارە کەلامی لەعلی شەککەر بارەکەم ++++++++++++++++++++++