شاعیر: کوردی کتێب: دیوانی کوردی سەرناو: فەلەک ڕەحمێ بە حاڵم کە بە غایەت دڵ پەرێشانم فەلەک! ڕەحمێ بە حاڵم کە بە غایەت دڵ پەرێشانم ڕەهەندەی زێد و مەسکەن، دوور لە یار و قەوم و خێشانم دەڵێن میهمان پەزیر و دڵنەواز و خاوەن ئیکرامی دەسا بۆ کەیتە؟ وا من بێنەوا و دەروێش و میهمانم عەزیز و خۆشەویستی کوللی عالەم بووم ئەمێستاکە غەریب و بێکەس و تەنهانشینی کونجی ئەحزانم چ میننەت گەر نەوازشت و تەعاروف کەی لەگەڵ مونعیم؟ بە من فەڕزە کە ڕووت و موستەحەققی خێر و ئیحسانم لەبەر جەور و جەفای یاران نییە ناڵە و فوغانی من هیلاکی لەوم و تەعنەی ناکەس و خەندەی ڕەقیبانم ئەگەر بێت و بە ناحەق خۆت بکەی پەنهان وەکوو یۆسف وەریدی عیشق و ڕیشی توهمەت و چاکی گریبانم ئەگەر کوردی دەپرسن مەزهەب و پیری تەریقی من! عەلی مەولامە، قادر پیرمە، مەحموودە سوڵتانم ++++++++++++++++++++++