شاعیر: کوردی کتێب: دیوانی کوردی سەرناو: عەزیزم من ئەسیری قامەتی نەوتوول نەمامێکم عەزیزم! من ئەسیری قامەتی نەوتوول نەمامێکم غوڵامی زولف و ئەگریجە و غوڵامانەی غوڵامێکم گرفتاری کەمەندی مەهوەشێکم تفڵ و بێ ڕەحمە هیلاکی ناز و عیشوەی نیم نیگای ئاهوو خەڕامێکم جگەر خوێنین و چاو ئەسرین و خوێن خوار و دڵەفگارم خەریک و وێڵ و وەحشی مەهوەشی شیرین کەلامێکم هەموو عومرم بە زایع چوو لە ڕێگای عیشقدا چونکە گرفتار و ئەسیری داوی عیشقی تفڵ و خامێکم ڕەواجی سککەیی ساحیبقڕانی مڵک و میللەت بووم ئەمێستا وێڵ و سەرگەردانی گەرداوی عەوامێکم شەهی ئیقلیمی عیشقم، پیری ڕەندانی خەراباتم ئەگەرچی زاهیرەن تفڵ و نەزان و ئەبلە فامێکم ئومێدی وەسڵ و دیداری نەما هیجری ئەمێستاکە هەمیشە ئینتزاری نامەو و پەیک و کەلامێکم ++++++++++++++++++++++