شاعیر: کوردی کتێب: دیوانی کوردی سەرناو: رەفیقی کونجی میحنەت عاجزن هەر شەو لە ناڵینم ڕەفیقی کونجی میحنەت عاجزن هەر شەو لە ناڵینم گورێزانن لەبەر لێشاوی مەوجی بەحری ئەسرینم ئەگەرچی ڕۆژ و شەو مەشغووڵی نەغمەی موتریبم ئەمما لە خەم خاڵی نییە ساتێ دڵەی مەحزوون و خەمگینم تەبیب دێنێ دەوای دەردم بکا، خۆ من زەدەی دووریم بە بێ داڕوویی وەسڵی، نابێ هیچ ئارام و تەسکینم ئەگەر مومکین نەبوو وەسڵم، کە من مردم وەسییەت بێ لە باتی قەوم و خێشانم لە سەر مەیتم بکا شینم شەهیدی عیشقم و مەمشۆن و کفنم بۆ مەکەن یاران گەواهی حەشرە بۆ دەعوای شەهادەت بەرگی خوێنینم بە پەردەی زاهیری گەر بێ سەدای ئەو عاشقی یارم ئیتر حاجەت نییە بێنن مەلا بۆ وەعز و تەڵقینم عەبەس کوردی مەلائیک دێن دەپرسن مەزهەب و دینت کە قادر خۆی دەزانێ من لە سەر کام مەزهەب و دینم ++++++++++++++++++++++