شاعیر: کوردی کتێب: دیوانی کوردی سەرناو: تەشنە لەب تا کەی ڕەفیقی وەحشیانی بەڕ بکەم تەشنە لەب تا کەی ڕەفیقی وەحشیانی بەڕ بکەم؟ تیغی خوێنڕێژیت بکێشە تا دەمی پێ تەڕ بکەم تاکوو لێم دوورە خەتی ڕەیحان و ڕووی گوڵ ڕەنگی تۆ کوێر بم ئەر بێم سەیری ڕەیحان و گوڵی شەستپەڕ بکەم وا لە بۆتەی عیشقتا قاڵە ڕوخی زەردم ئیتر قەت لە خۆ ناگرم لە کەس داوایی قەرزی زەڕ بکەم ڕەنگی زەردیش چاکە بۆ کوێری ڕەقیب و دوژمنان چونکە دوژمن شاد دەبێ گەر خۆم گەدا و موزتەڕ بکەم کیمیای وەسڵت بە هیچ نایێتە دەستم، بێ ئەمە بچمە غاری مەغریب و خۆم فێرە عیلمی جەڕ بکەم من لە تەعنەی دوژمنی بێ بیر قوتار نابم، مەگەر یا خودا مەرگم بدا یا هەردوو گوێی خۆم کەڕ بکەم قەت مەڵێن یاران! لەگەڵ فیرقەت وەرە سازش بکە شێت نەبووم وەک پەششە من خۆم تووشی بای سەڕسەڕ بکەم من لەگەڵ جەور و جەفات گەر لافی ئولفەت لێ بدەم هەر وەکوو ئاهوو دەبێ خۆم جووتی شێری نەڕ بکەم پێم دەڵێن کوردی فڵان کەس یادی دووری تۆ دەکا من لە ئەو چاک شارەزام، بیللا ئەگەر باوەڕ بکەم ++++++++++++++++++++++