شاعیر: کوردی کتێب: دیوانی کوردی سەرناو: خەبەرێکم بدەنێ ئەهلی خەبەر حەشرە مەگەر خەبەرێکم بدەنێ ئەهلی خەبەر! حەشرە مەگەر؟ ڕۆژ کەوا ئەمڕۆ لە مەغریب سەری هێناوەتە دەر نووری مەهدی لەتەڕەف مەککەوە زاهیر بووە یا غەڵبەیی کوردە لە بۆ کوژتنی من [کانی کەفەر؟ ] ئەشکی خوێنینە لە چاوما بە گرێ وەستاوە؟ یا غوباری ئەلەمە باعیسی عومیانی بەسەر؟ خەوە یا وەسوەسەیە یانە بە ڕەئیولعەینە؟ ئەم عەلاماتە کەوا دێتە ئەبەر مەددی نەزەر؟ ڕۆحی شیرینە کە دەردێ لە تەنی مەهجوورم یا مەهی من نیەتی ڕیحلەتە بۆ عەزمی سەفەر؟ بۆ سەفەر کەردەیی من بەدری فەلەک شایانە بێتە سەر دەستی و بۆ ڕەددی عەدوو بێ بە سپەر باوجوود تاکوو ڕەقیب یاوەری ئەم دڵبەرە بێ هیچ تەفاوەت نییە بۆ من لە حەزەر یا لە سەفەر دائیمەن دەستی دوعا دەگرم و شایەد زۆر زوو شای سەفەرکەردەیی من بێتەوە بێ عیجز و زەرەر سۆزشی کوردییە یا جۆششی ئەییامی فیراق؟ ئاتەشی عیشقە مەگەر یا شەرەری ناری سەقەر؟ ++++++++++++++++++++++