شاعیر: نالی کتێب: دیوانی نالی سەرناو: بنواڕە وشکە سۆفی و ڕەقسی بە هەلهەلە بنواڕە وشکە سۆفی و ڕەقسی بە هەلهەلە دیسان لە بەحری وشکی هەوا کەوتە پێمەلە ئەم ئەرزە مەزرەعەی عەمەلە و گوڵخەنی ئەمەل هەندی بووە بە مەسجید و، هەندی بە مەزبەلە شێخم، چ گەرمە حەڵقەیی زیکرت بە ڕەشبەڵەک! حاڵی ئەمانە خۆ بە جەنابت موحەووەلە! دائیم لەدووتە مێگەلی ژن، نێرگەلی پیاو بەم ڕیشەوە لەپێشەوە بوویی بە سەر گەلە! دنیا مەحەللی کەون و فەسادێکە، حیز و دوون مەعلوومە چەن بەحیلەیە، عەییارە، چەند دەڵە! تۆ شێخ و ئەو عەجووزە، عەجەب دۆستی یەکترن! بێ شاهید و نیکاحە دیارە موعامەلە... نالی! سەرت لە گونبەدەکەی خانەقا دەکا لایێ پڕە لە مەشعەلە، لایێ پڕە لە مەشغەلە... ++++++++++++++++++++++